"پێشێلکاریی دژی منداڵان لە عێراق کەمیکردووە"
نەتەوە یەکگرتووەکان چوارەمین راپۆرتی خۆی لەبارەی دۆخی منداڵان لە عێراق بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوەدەکات، ژمارەی پێشێلکارییەکان دژی منداڵان بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە. ناوەندی هەواڵ
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2022/02/20220306-13682848-image6714-jpg64331c-image.jpg)
نەتەوە یەکگرتووەکان چوارەمین راپۆرتی خۆی لەبارەی دۆخی منداڵان لە عێراق بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوەدەکات، ژمارەی پێشێلکارییەکان دژی منداڵان بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.
ناوەندی هەواڵ
چوارەم راپۆرتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەربارەی منداڵان و ناوچەی شەڕ لە عێراق باس لەو گۆڕانکاریانە دەکات، کە لە نێوان ئابی ٢٠١٩ تا حوزەیرانی ٢٠٢١ روویانداوە، بەراورد بە راپۆرتی سێیەم، ژمارەی پێشێلکارییەکان دژی منداڵان لە دوو هەزارو ١١٤ پێشێلکاری بۆ ٣١٧ پێشێلکاری کەمیکردووە.
نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو پێشکەوتنە دەگەڕێنێتەوە بۆ چوارچێوەی ئەو هەوڵانەی، کە لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوەی داعش بەرهەمهاتوون، چونکە زۆربەی پێشێلکارییەکان دژی منداڵان لەو ناوچانە کراون کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی داعش بوون، بەڵام لە دوای نەمانی داعش دۆخی منداڵان لەو ناوچانە بەرەوپێشچوونی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت کوژران و برینداربوونی منداڵان لەو ماوەیەی رێکخراوەکە باسی کردووە، هێشتا هەر بەرزە، لە ماوەی ئەو دوو ساڵەدا ٢٤٩ منداڵ برینداربوون یاخود گیانیان لەدەستداوە، بەڵام ژمارەکە بەراورد بەو کاتەی لە ٢٠٠٩ نەتەوە یەکگرتووەکان دەستیکرد بە کۆکردنەوەی ئامارەکان، نزمترینە، ئەم منداڵانە زۆربەیان قوربانی ئەو مین و تەقەمەنیانەن، کە لە ناوچەکانی شەڕدا دانراونەتەوە.
سەبارەت بە دەستبەسەرکردنی منداڵان، نەتەوەیە کگرتووەکان دەڵێت هەزار و ٩١ منداڵ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە گرتووخانەکان دەستبەسەرکراون.
هەروەها ناردنەوەی منداڵانی بیانی نێو داعش لە عێراق بەردەوامە، ٦٢٧ منداڵی بیانی رادەستی وڵاتانی خۆیان کراونەتەوە، حکومەتی عێراق ٢٤٥ منداڵیشی لە کامپی هۆل لە سووریا گەڕاندووەتەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە هەموو وڵاتان دەکات ژن و منداڵانی داعش لە سووریا و عێراق ببەنەوە.