پەرێز عومەر: بە پەسەندکردنی یاسای باری کەسی کڕین و فرۆشتنی تەواو بە دۆسییەی ژن و منداڵان کرا

پەرێز عومەر، چالاکوانی مافی ژنان ڕایگەیاند، لە پەرلەمانی عێراق دەستدرێژی سەر منداڵان بە یاسایی کرا، دەشڵێت، پەسەند کردنی ئەو یاسایە کارەساتێکی گەورەی کۆمەڵایەتیی و مرۆڤایەتییە، کە کڕین و فرۆشتنی تەواو بە دۆسییەی ژن و منداڵان کرا.

ناوەندی هەواڵ

 

لە کۆبوونەوەی ٢١ی کانوونی دووەم،  پەرلەمانی عێراق پرۆژە یاسای هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی عێراق لەبەرامبەر گەڕانەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنە کورد و تورکمانەکان و یاسای لێبووردنی گشتی دەرچوو.

 

پەرێز عومەر، چالاکوانی مافەكانی ژنان لە پێگەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک سەبارەت بە پەسەند کردنی یاسای باری کەسی عێراق پەیامێکی بڵاوکردەوەو وتی: لە پەرلەمانە خراپەکەی عێراق پێشنیاری هەموواری یاسای باری کەسی عێراق ژمارە ۱٨٨ـی ۱۹٥۹ تێپەڕێنرا. لەمەودوا دەستدرێژی بۆ سەر منداڵان لە عێراق بە یاسایی کرا.

 

دەشڵێت، پەسەند کردنی ئەو یاساییە کارەساتێکی گەورەی کۆمەڵایەتیی و مرۆڤایەتییە، کە کڕین و فرۆشتنی تەواو بە دۆسییەی ژن و منداڵان کرا، بەجۆرێك منداڵان لە تەمەنی نۆ ساڵییەوە ڕێگە پێدراوە دەستدرێژییان بکرێتە سەر.

 

پەرێز عومەر لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی وتویەتی، پەرلەمانی عێراق بە تێپەڕاندنی ئەو یاساییە شەرمەزاریەکی گەورەی تۆمار کرد کە هەوەسبازی سیاسیی و نوخبەی عێراقییە و چاو دەبڕێتە منداڵانی تەمەنی زۆر بچووک.