پەروین بوڵدان: مامەڵە و نزیکایەتی پارتە سیاسییەکانی باشووری کوردستان زۆر گرنگە
پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی ئیمرالی دەربارەی کۆتا دیداریان لەگەڵ ڕیبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان زانیاری خستەڕوو، ئاماژەی بەوەشکرد، مامەڵە و نزیکایەتی پارتە سیاسییەکانی باشووری کوردستان زۆر گرنگە.
ناوەندی هەواڵ
پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی یەنی ئۆزگور پۆلەتیکا، زانیاری وردی دەربارەی کۆتا دیداری ئیمراڵی خستەڕوو کە شاندەکە لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجامی دا.
"بەڕێز ئۆجالان بە مۆراڵە و سەرنجی لەسەر پرۆسەکەیە"
پەروین بوڵدان ئاماژەی بەوەدا، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە کۆتا دیداردا وێڕای تەندروست باشیی، بە مۆراڵەوە وزەی لە بەرەوپێشچوونی پرۆسەکە وەرگرتووە و وتی: بەڕێز ئۆجالان بە مۆراڵە و سەرنجی لەسەر پرۆسەکەیە. لە دیدارە سێ کاتژمێری و نیوەییەکەیاندا ڕێبەر ڕۆژەڤەکانی بەشێوەی یاداشت لەگەڵ شاندەکەدا هاوبەش کردووە و وەک هەموو جارێک بە ئامادەباشییەوە بەشداری کۆبوونەوەکان بووە، هەروەها ڕێبەر دەربارەی دۆخی زیندانیان پرسیاری لێ کردوون و بە تایبەت سڵاوی بۆ زیندانیانی ژن لە گرتووخانەی سینجار ناردووە. هەروەها پەیامێکی بۆ ئیسماعیل بێشکچی نارد. پەیامێکی سەرەخۆشیشی بۆ بنەماڵەی سەلیم ساداک ناردووە.
'گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لە دۆخی ئیمراڵیدا ڕووی نەداوە'
هەرچەند لەگەڵ بەرەپێشچوونی پرۆسەکەدا ڕای گشتی لە چاوەڕوانی گۆڕین و باشکردنی دۆخی دانوستانکاریانەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان کە بەردەنگی پرۆسەکەیە، لەم ڕووەوە بوڵدان جەختی کردەوە کە هیچ گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لە دۆخی ئیمراڵیدا نەهاتووەتەگۆڕێ و وتی: مرۆڤ ناتوانێت بڵێت گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لە دۆخی ئیمراڵیدا هاتبێتە گۆڕێ. هەرخۆی جگە لە ئێمە و شاندە دانوستانکارەکان دەرفەت بۆ کەسی دیکە نەڕەخساوە دیدار بکات، ئەوەی ئێمەش وەک شاندەکە تەنها مانگی جارێک دەتوانین دیداری ئەنجام بدەین. ئەوەش بڵێین جار جار بنەماڵەکەی سەردانی بەڕێز ئۆجالانیان کردووە، هەروەها جارێک پارێزەران ڕۆشتوون بۆ ئیمراڵی.
دەربارەی ئەنتێگراسیۆن؛ ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک چۆن دەڕەخسێت؟
بە وتەی پەروین بوڵدان، ڕێبەر ئاپۆ پرۆسەکە بە دوو قۆناغ هەڵدەسەنگێنێت و لەم ڕووەوە وتی: بەڕێز ئۆجالان کاتێک باس لە ئەنتێگراسیۆن دەکات مەبەستی لە یەکگرتنێکی کلاسیکیانە نییە، بەڕێزیان دەربارەی پرۆسەکە کە بە دوو قۆناغ پێناسی دەکات ئەمەی وت"کۆتاییمان بە قۆناغی یەکەم هێنا و تێمان پەڕاند. یانی شەڕ و پێکدانان کۆتایی هات، گەر سیموڵیانەش بێت، چەک دانرا"، بەڕێز ئۆجالان ڕایگەیاند بە هەمووارکردنەوەی یاساییەوە دەبێت ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک بکەوێتە بواری جێبەجێ کردنەوە. بە دڵنیایەیەوە ئەمەش یەکگرتنێکی کلاسیکیانە نییە. بەڕێزیان کاتێک باسی ئەنتێگراسیۆنیان کرد جەختی کردەوە دەبێت ئەنتێگراسیۆنەکە مافەکانی یەکتر مسۆگەر بکات. لێرەدا بێگومان مەبەستی بەڕێزیان چەندین بابەتی پەیوەست بە مافەکانی کوردانە، لە سەروی هەموویانەوە بابەتی پەروەردە و خوێندنە بە زمانی کوردی.
ئاماژەی بەوەدا، هەموو بابەتەکانی پەیوەست بە کوردان پێویستی بە گەرەنتی یاسایی هەیە. ئەوەیشی دەستنیشان کرد دەبێت ڕێکارێک بگیرێتەبەر کە مافەکانی گەلی کورد لە ناسنامە، زمان و چاندیی کوردیی بپارێزێت. بەڵێ ئەنتێگراسیۆن بەم میکانیزمە یاسایی و ڕێکارانە دێتەدی.
دەربارەی ڕاپۆرتی هاوبەشی کۆتایی کۆمیسیۆن
پەروین بوڵدان ئاماژەی بەوەدا ڕاپۆرتەکەی کۆمیسیۆن 'گرنگ و سەنگینە'، بەڵام شرۆڤەیان لەسەر دوو بەشی دا.
دەربارەی ڕۆحی یەکێتیی نەتەوەیی
پەروین بوڵدان سەرنجی خستەسەر ئەو هاودەنگییە نەتەوەییە کە دوای هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا لە ناو کوردان و دۆستانی کورددا دەرکەوت و ئاماژەی بەوەدا ئەم هاودەنگییە ڕۆحی نەتەوەیی بەهێزتر کردووە و لەم ڕووەوە ئاماژەی بە بۆچوونی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کردو وتی: لە مێژە ئاشنای دیدگا و بۆچوونی بەڕێز ئۆجالانین دەربارەی بابەتی یەكێتیی نەتەوەیی. دیارە لەگەڵ هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان ڕۆحی نەتەوەیی گڕوتینێکی دیکەی وەرگرت و ئەم ڕۆحێتە لە هەموو جێگەیەک کە کوردانی لێ دەژین نیشان درا. بەڕاستی یەکێتی نەتەوەیی لەسەر ئاستی هەموو کوردستان مێژوویی بوو. هاودەنگییەک بوو لە خاوەنداریکردن لە ڕۆژئاوای کوردستان. پێموایە لە چارەسەکردنی ئەم بابەتەدا لە کاتی گفتوگۆ و دانووستاندا ئەم یەكێتییە کاریگەرە. بەڕێز ئۆجالان لەم بابەتەدا هەوڵدانی بێپایانی هەیە.
"مامەڵە و نزیکایەتی پارتە سیاسییەکانی باشووری کوردستان زۆر گرنگە"
پەروین بوڵدان لەسەر پرسی دەرکەوتنی ڕۆحی یەکێتی نەتەوەیی لە باشووی کوردستان وتی: مامەڵە و نزیکایەتی پارتە سیاسییەکانی باشووری کوردستان زۆر گرنگە. کە زۆر سەنگینە و بە دڵیناییەوە بە سەنگینی دەبینین و مانادارییەکی مەزن دەداتە ئەم بابەتە. هەمووان ڕۆڵیان هەبوو لە دەرکەوتنی بەهێزیی ڕۆحی یەکێتی نەتەوەییدا. ئەم ڕۆحێتە پشکوتووە و کاتی ئەوەیە کاریگەری دانێت. بۆچوونی بەڕێز ئۆجالانیش لەسەر بابەتی یەکێتی نەتەوەیی ڕوونە. یەکێتی نەتەوەیی بابەتێکی حەتمییە لە پێشماندا. لێرە بەدواوە دەبێت بە ڕێبازگەلی جیاوازەوە لە ئاستی ڕاگەیاندن، دانووستان و گفتوگۆ و تەنانەت لە ژیانی ئاسایشدا پەیڕەو بکرێت."