پەرتوکێک سەبارەت بە ئەزموونی ژنە زیندانییە فەڵەستینییەکان بڵاودەبێتەوە

مەیسەر ئەلعەتیانی، چالاکوانی مافی ژنانی فەلەستینی کە چەندین جار لە لایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە دەستبەسەر کرابوو، چیرۆکی ژنە زیندانییە فەڵەستینییەکان و ئەو ئەشکەنجەیەی کە تووشی بوون لەیاداشتنامەکەیدا بە ناوی "وێنەکردنی دیلەکان" گێڕایەوە.

ئیخلاس حەمرونی

 

تونس - مەیسەر ئەلعەتیانی، ژنە چالاکوانی فەلەستینی، کە چەندین جار لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە دەستگیرکرا و لە زیندانەکاندا تووشی هەموو جۆرە توندوتیژییەک بوو، سەرەڕای بارودۆخی سەخت، یاداشتانامەیەکی لەبارەی ئەزموونی ژنان لە زیندانەکاندا نووسی کە بەم زووانە بڵاودەبێتەوە.

 

مەیسەر ئەلعەتیانی، خەڵکی گوندی ئەلساریە کە لەلایەن ئیسرائیلەوە داگیرکراوە، دەرچووی بەشی زانستی سیاسی و ڕۆژنامەگەرییە، ماوەی ٥ ساڵە لە شاری نابلوسی پایتەختی تونس نیشتەجێیە، ئێستا لەیەکێتی ژنانی فەڵەستین کاردەکات، هەروەها ماوەی دوو ساڵ لە باڵیۆزخانەی فەلەستین لە تونس کاری کردووە، چیرۆکی ژیانی خۆی بۆ ئاژانسەکەمان گێڕایەوە.

 

"وەک ڕەگی زەیتون، لە سەر پێ دەوەستینەوە"

مەیسەر ئەلعەتیانی کاردانەوەی بەرامبەر هێرشەکانی هێزەکانی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی فەڵەستین دەربڕی و وتی: دوای مانەوەم بۆ ساڵانێک لە تونس، چوومە وڵاتەکەم، فەلەستین، بینیم هێزەکانی ئیسرائیل چۆن هێرشیان کردە سەر خاکەکانمان لە فەڵەستین، سەرەڕای هێرشەکان، ئێمە وەک ڕەگی زەیتونین و دەستبەرداری خاکەکەمان نابین، بەردەوامین لە بەرخۆدان، ژنانی غەززە ڕووبەڕووی چەندین جۆری توندوتیژی دەبنەوە، لەوانە توندوتیژی دەروونی،ڕووبەڕووی چەوسانەوە دەبنەوە، دەکوژرێن و دەگیرێن.

 

ڕاشیگەیاند، ژنانی فەڵەستینی تەنانەت پێش هێرشەکانی ئیسرائیلیش لەژێر فوشارێکی زۆردا بوون و وتی: ژنانی فەڵەستینی تەنانەت پێش شەڕیش تووشی کێشەی زۆر بوون، ژنان لە بازگەکانی ئیسرائیل ڕادەگیران و چەند کاتژمێرێک لەسەر پێیبوون، ئەم دۆخە بە تایبەتی بۆ ژنانی دووگیان ئەشکەنجە بوو، ڕێگای چوونە ژوورەوەی ژنانی دووگیان بۆ نەخۆشخانە گیرا و زۆرجاریش بەبێ پزیشک لە بازگەکان منداڵیان بوو، ڕۆژی١٢ی تشرینی یەکەمی٢٠١٨، عایشە ئەلرەبی، فەلەستینی تەمەن٤٧ ساڵ لە باشووری شاری نەبلود، لەلایەن گەنجانی جولەکە لە نزیک چوارڕێیانی تاپوا لە بەشی باکووری کەرتی ڕۆژئاوای داگیرکراو بە بەرد هێرشکرایە سەری، زۆرێک لە ژنانی وەک ئایە ئەلرەبی کرانە ئامانج و کوژران.

 

"ئێمە لەسەر پێی خۆمان ماینەوە"

مەیسەر ئەلعەتیانی باسی لەوەشکرد، کە چەندین جار لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە دەستگیرکراوەو وتی: کاتێک بۆیەکەمجار لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە دەستگیرکرام، هێشتا تەمەنم ١٧ ساڵ نەبوو، منیان برد بۆ فەرمانگەی لێکۆڵینەوە، کە گەیشتینە ئەوێ نەمدەویست بچمە ژوورەوە، چونکە پەرتوکی فەلسەفەی پەیوەندی خۆشەویستیم خوێندبووەوە، لە ماوەی ٢١ ڕۆژی لێپرسینەوەکەدا، سەرەڕای ئەو ئەشکەنجەیەی درام، هیچم نەوت، ساڵی٢٠٠٩ بۆ جاری دووەم دەستگیرکرام، خوشکەکەم سێ مانگ پێش ئێستا ئازاد کرا و منیش جارێکیتر لەگەڵیدا دەستگیرکرام، ئەم دۆخە کاریگەری زۆری لەسەر خێزانەکەم هەبوو، تاکە شتێک کە لەبیرمە و لە مێشکمدا ماوەتەوە ئەوەیە کە کاتێک دەستگیرکراین کەشوهەوا زۆر سارد بوو، لە ٨ی کانوونی دووەم دەستگیرکراین و ڕۆژێکی باراناوی بوو، هەموو ئەندامانی خێزانەکەمیان بردە دەرەوە، بەهۆی بارانەوە تەڕ بووین، من و خوشکەکەم خراینە ژووری جیاوازەوە، خوشکەکەمیان ئەشکەنجە دا و هەڕەشەیان لێکردم، سەرەڕای ئەمەش لەسەر پێی خۆمان ماینەوە.

 

"ئێمە وەک باڵندەی سیمورگین"

مەیسەر ئەلعەتیانی ئاماژەی بەوەدا، لە سێیەم جاری دەستگیرکردنیدا ٦مانگ لەگەڵ ٤ ژن، پێکەوە لە زیندان بەسەر بردووە و وتی: لەوێدا بە وردی بەدواداچوونم بۆ ژیانی ژنانی فەڵەستینی کرد، یاداشتنامەی ژنە زیندانییەکانم لە زینداندا نووسی، پەرتوکەکەم لە داهاتوویەکی نزیکدا بە ناوی "وێنەکردنی دیلەکان" بڵاودەکرێتەوە، چیرۆکی ژنانی زیندانیکراو و ئەشکەنجە ڕاستەقینەکان دەگێڕێتەوە، لە تونس، کە ئەوان لێی دەژین، چالاکیی جۆراوجۆری ڕێکخراو و کۆمەڵەی ژنان هەیە، ئەوانیش پاڵپشتی چالاکییەکانم بوون، ماوەی ساڵێکە شەڕ لە غەززە بەردەوامە و دەمانەوێت ئەم شەڕە کە کاریگەری لەسەر ژنان و منداڵان هەیە کۆتایی پێبێت، ئەگەرباس لە منداڵەکانمان بکەم، هەر جارێک ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبینەوە، وەک باڵندەی سیمورگ کە هەرگیز کەوتن قبوڵ ناکات بەهێز دەبین، تەنانەت ئەگەر خەریکیش بین بکەوین جارێکی دیکە دەفڕینەوە.