پەرلەمانی ئەوروپا داوای بەهێزکردنی یاساکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان دەکات

پەرلەمانی ئەوروپا پێویستیی بەهێزکردنی پاراستنی یاسایی ژنان و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دیجیتاڵ تاوتوێ کرد، هاوکات ڕاپۆرتێکی بۆ ستراتیژیی یەکسانیی ڕەگەزیی ساڵانی ٢٠٢٦ تا ٢٠٣٠ پەسەند کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ڕۆژانی ٣ بۆ ٦ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵ لە پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا وەک نەریتێکی ساڵانە، حەوتەمین خولی هەفتەی یەکسانیی ڕەگەزیی بە ئامادەبوونی سەرۆکی پەرلەمان، جێگرەکەی و نوێنەرانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، وەرزشوانان و حکومەتە خۆجێییەکان بەڕێوەچوو.

 

ئەمڕۆ حەوتەمین خولی هەفتەی یەکسانیی ڕەگەزیی لەسەر چەمکی (ژن لە پێشەنگایەتیدا) کۆتایی هات و پاشان ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: دەستپێکی خولەکە بە ڕووداوەکان و ئەزموونی ژنانی سەرکردە دەستی پێکرد و باس لە چۆنێتی ئیلهامبەخشین بە نەوەی داهاتوو کرا و سەرۆکی پەرلەمان ڕۆبێرتا مێتسۆلا بەشداری لە گفتوگۆیەکی تایبەتدا کرد، لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا چەندین کۆبوونەوە و گفتوگۆی گشتی بەڕێوەچوون و تێیاندا پێشکەوتن و کەموکوڕییەکانی یاساکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان تاوتوێ کرا.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، بەشداربووان جەختیان لە پێویستیی جێبەجێکردنی تەواوی ڕێنماییەکەی ساڵی ٢٠٢٤ کردەوە و داوای دانانی پێناسەیەکی یەکگرتوویان بۆ دەستدرێژیی سێکسی لەسەر بنەمای نەبوونی ڕەزامەندی کرد، هەروەها کاریگەریی تەکنەلۆژیای دیجیتاڵ و ژیریی دەستکرد و مەترسییەکانی ناوەڕۆکی درووستکراوی سێکسیی نائارەزوومەندانە بەرامبەر ژنانیش لە گفتوگۆکاندا جێی بایەخ بوو.

 

لە لایەکی دیکەوە، دامەزراوەی یەکسانیی ڕەگەزیی یەکێتیی ئەوروپا (EIGE) داوای لەخۆگرتنی هەڕەشە و زانیارییە چەواشەکارەکان دژی ژنان لە چوارچێوەی چاودێریی هەڵبژاردن و دیموکراسیدا کرد، بۆ ئەوەی کاریگەریی ئەم دیاردەیە لەسەر بەشداریی سیاسیی ژنان و پرۆسەی دیموکراسی لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت.

 

لە کۆتا چالاکییەکەشدا، ڕاپۆرتێک بە ٣١٠ دەنگی هاوڕا، ٢٢٢ دەنگی دژ و ٦٨ دەنگی بێلایەن پەسەند کرا، ڕاپۆرتەکە داوای دانانی ستراتیژییەکی بەهێز و کردەیی بۆ بەدیهێنانی یەکسانیی ڕەگەزی لە ماوەی ساڵانی ٢٠٢٦ تا ٢٠٣٠ دەکات.

 

لە چوارچێوەی هەفتەی یەکسانیی ڕەگەزیی پەرلەمانی ئەوروپادا، چەند داواکارییەکی گرنگ بۆ بەهێزکردنی پاراستنی مافی ژنان خرانەڕوو، لەوانە ناساندنی توندوتیژیی ڕەگەزی وەک تاوانێکی تایبەتی لە ئاستی یەکێتیی ئەوروپا بە ڕەهەندی سنووربەزێن، ناسینی فێمیساید (کوشتنی ژنان بەهۆی ڕەگەزیان) وەک تاوانێکی جیاواز، هەروەها دانانی پێناسەیەکی فەرمی بۆ دەستدرێژیی سێکسی لەسەر بنەمای نەبوونی ڕەزامەندی.

 

جەخت لەسەر ئامادەکردن و دابینکردنی ڕێنمایییە پێویستەکان بۆ جێبەجێکردنی تەواوی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان کرایەوە، هەروەها داوا لەو وڵاتە ئەندامانی یەکێتیی ئەوروپا کرا کە هێشتا ڕێککەوتننامەی ئەستەمبوڵیان پەسەند نەکردووە، بەپەلە هەنگاوی پێویست بۆ واژۆکردن و پەسەندکردنی ئەو ڕێککەوتننامەیە بنێن.

لە هەمان کاتدا، ڕەخنە لەوە گیراوە کە سەرەڕای پێشکەوتنە یاساییەکان توندوتیژی دژی ژنان هێشتا وەک کێشەیەکی گەورە لە یەکێتیی ئەوروپا بەردەوامە و بەرەنگاربوونەوەی پێویستی بە هەنگاوی کردەیی و سیاسەتی بەهێزتری یەکێتیی ئەوروپا هەیە.