پەرلەمانی کەتەلۆنیا ئیدانەی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک دەکات

سەرۆکایەتی پەرلەمانی کەتەلۆنیا کاردانەوەی لەدژی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک نیشاندا و ئاماژە بەوەدەکات کە جیهان چاوی داخستووە بەرامبەر بە دەستدرێژییەکانی ئەردۆغان.

ناوەندی هەواڵ

ئەلێکیا ڕۆمێرۆ، وتەبێژی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کەتەلۆنیا، بە پاڵپشتی زۆرینەی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان، سەبارەت بە هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر باشووری کوردستان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە.

 

لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "ئەردۆغان لە هەوڵی ئەوەدایە ببێتە نێوەندگیری شەڕی ئۆکرانیا و هەوڵدەدات وەک کەسێکی ئاشتیخواز خۆی نیشان بدات، لەهەمان کاتدا هێرشێکی داگیرکاریی بەرفراوانی لەدژی باشووری کوردستان دەستپێکردووە، ئامانجی دەوڵەتی تورک چۆڵکردنی ئەو ناوچەیەیە لە خەڵک و پاشان داگیرکردنیەتی، پرەنسیپی سەرەکی دەوڵەتی تورک و ئەردۆغان سیاسەتی نکۆڵیکردن و شەڕکردنە لە دژی گەلی کورد و هەوڵەکانی نێوەندگیری ئەردۆغانیش شاردنەوەی سیاسەتی شەڕ و جینۆسایدە لەسەر کوردستان و ناوچەکە".

 

لە کۆتایی بەیاننامەکەشدا چەند خاڵێکی بانگەوازیی ئاڕاستەی جیهان کراوە بۆ هەڵوێست وەرگرتن دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک:

 

داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ناتۆ و یەکێتی ئەوروپا و ئەنجومەنی ئەوروپا و کۆمکاری عەرەبی و هەموو حکومەت و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەین، لەدژی هێرشی نا یاسایی دەوڵەتی تورک لەسەر ناوچەکانی ئەشکەوتی برینداران و کورەژارۆ  و چیا ڕەش و زاپ لە باشووری کوردستان، بە زوترین کات هەڵوێست وەرگرن.

 

هاوپەیمانی سیاسی یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی ئەندام لەگەڵ تورکیا شەرمەزار دەکەین و داوا لە دەوڵەتی ئیسپانیا دەکەین کە کەرەستە و کەلوپەلی سەربازی بە دەوڵەتی تورک نەفرۆشێت.

 

ئێمە بە ئاشکرا ئیدانەی ئەو هێرشە دەکەین و دەڵێین، کە پێویستە تورکیا هێزەکانی لە باشوری کوردستان بکشێنێتەوە.

 

بانگەوازیمان بۆ لایەنە سیاسییەکان، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ڕێکخراوە ئاشتیخوازەکان، سەندیکاکان و چالاکوانان ئەوەیە کە لە بەرامبەر دەستدرێژییەکانی دەوڵەتی تورکدا بوەستنەوە.

 

ئێمە پارێزگاری لە ڕەوایەتی ئەو پارتە کوردییانە دەکەین، کە بۆ پاراستنی بەرژەوەندی و ماف و ئازادییەکانی هاوڵاتیانی کورد بە شێوەیەکی دیموکراسیانە تێدەکۆشن.