پێنج گەنج لەلایەن پۆلیسی ڕاپەڕین بە تۆمەتی ڕفاندنی ژنێکی گەنج دەستگیرکران
پۆلیسی سلێمانی دەستگیرکردنی پێنج گەنج کە تەمەنیان لەنێوان ١٩ بۆ ٢٤ ساڵە بە تۆمەتی ڕفاندنی ژنێکی گەنج ڕاگەیاند.
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2023/08/20230817-jpg767721-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ- بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، دوای ئەوەی هاووڵاتییەك ئامادەی بنكەی پۆلیسی ڕاپەڕین بوو و سكاڵای تۆماركرد، كە كچەكەی دیارنەماوە، هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونەكانیان دەستپێكرد، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، شوێنی تۆمەتباران دۆزرایەوە و توانرا سەرجەمیان دەستگیربکرێن.
ئاماژە بەوەکراوە، دوای تەواوكردنی ڕێكارە یاساییەكان بەبڕیاری دادوەر ژنە گەنجەکە رادەستی كەسوكاری دەكرێتەوە.
تۆمەتباران تەمەنیان لەنێوان١٩ بۆ ٢٤ ساڵە و پێکهاتوون لەمانە: ژ. أ. أ. لەدایكبووی ٢٠٠٤، هـ. یـ. حـ. لەدایكبووی ١٩٩٩, ش. ع. م. لەدایكبووی ٢٠٠١, ر. ر. أ. لەدایكبووی ٢٠٠٣, پ. ج. ح. لەدایكبووی ٢٠٠٢, بەبڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی ٤٢١ لە یاسای سزادانی عیراقی، تۆمەتباران راگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە."