پلاتفۆڕمی یەکێتی ژنانی کورد داوا لە ئێران دەکات هێرشەکانی سەر باشووری کوردستان ڕابگرێت
پلاتفۆرمی یەکێتی ژنانی کورد لە دژی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هیزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندراوێک بڵاوکردەوەو داوا لە ئێران دەکات هێرشەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان و هێزە کوردییەکانی بوەستێنێت.
ناوەندی هەواڵ
پلاتفۆرمی یەکێتیی ژنانی کورد، سەبارەت بە هێرشەکانی ئێران بۆسەر هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
دەقی ڕاگەیاندراوەکە بەم شێوەیەیە:
“ڕۆژی سێشەمە، ١٥ی خەزەلوەر، ڕژێمی ئێرانە بە بەکارهێنانی درۆن هێرشی کردە سەر حیزبی پارتی دیموکرات و شۆڕشگێڕانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان، ئەنجامی ئەم هێرشە دڕندانە برینداری هەندێک لە پێشمەرگەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی لێکەوتەوە.
غەزال مەولایی یەکێک بوو لە بریندارەکان، کە بەهۆی برینە قورسەکانییەوە، گەیشتە ئاستی شەهادەت و بە کاروانی نەمرانەوە پەیوەست بوو، ئێمە بە دڵێکی شکاوەوە ئەم ڕووداوەمان لەبیرە و لە هەمانکاتدا پرسە و سەڕەخۆشی خۆمان بۆ بنەماڵە و هاوڕێیانی شەهید ڕادەگەیەنین، هەروەها هیوای سەلامەتی و شیفا بۆ بریندارانی ئەم ڕووداوە دەخوازین.
ڕژێمی ئێران تاوانی جەنگ دژی هێزە کوردییەکان ئەنجام دەدات، لە بەرانبەر ئەم هێرشانەی ئێران هێزە کوردییەکان هیچ چالاکییەکی چەکداری یان پێکدادانێکیان دژی ئێرانیان ئەنجام نەداوە.
ئێمە، وەک پلاتفۆرمی یەکێتی ژنانى کورد، داوا لە ئێران دەکەین هێرشەکانی بۆ سەر کوردستان و هێزە کوردییەکانی بوەستێنێت و کێشە ناوخۆییەکان لە ڕێگەی دیموکراتییەوە چارەسەر بکات.
لە کۆتاییدا، هیوادارین ژنانی کورد و گەلی کورد یەکبگرن بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم هێرشە ستەمکارانە و خۆڕاگریی خۆیان بەهێزتر بکەن.