پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی سزای ٦ مانگ زیندانییان بەسەردا سەپێندرا

پەخشان عەزیزی، چالاکوانی مەدەنی و توێژەری کۆمەڵایەتی و وریشە مورادی، چالاکوانی مافی ژنان کە لە زیندانی ئەڤین زیندانی کراون، لە دۆسیەیەکی هەڵبەستراودا هەریەک بە ٦ مانگ زیندان سزاداران.

ناوەندی هەواڵ

 

پەخشان عەزیزی، چالاکوانیی مەدەنی، توێژەری کۆمەڵایەتی و زیندانی سیاسی کە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە، هەروەها وریشە مورادی، چالاکوانی مافی ژنان، ئەندامی کۆمەڵەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کژار) کە ماوەی زیاتر لە ١٤ مانگ لە بەشی ژنانی زیندانی ئەڤین بووە ، و لە هەمان کاتدا لەڕۆژی جیهانی دژ بە سزای لە سێدارەدان، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە دەرکردن و جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدان لە ئێران، دەستیان بە مانگرتنێکی نادیار لە خواردن کرد لە ڕۆژی ١٢ەمین دا بەردوامە لەم مانگرتنە، لە دۆسیەیەکی هەڵبەستراودا هەریەکەیان بە تۆمەتی "تێکدانی فەرمانی زیندان" سزای ٦ مانگ زیندانییان بەسەردا سەپێندرا.

 

بەگوێرەی ئەو بڕیارەی کە ماوەیەک لەمەوبەر لە لایەن دادگای تاوانەکانی دوو کۆمەڵگەی دادوەریی قودسی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر ئەبولفەزلعامری شەهرابی دەرچووە و ڕۆژی ١٩ی تشرینی یەکەم لە زینداندا ڕادەستی ئەو زیندانیانە کراوە، پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی هەریەکەیان بە ٦ مانگ زیندانی سزا دران.

 

شایانی باسە ڕۆژی ٨ی ئەیولوولی ساڵی ٢٠٢٤، هەژماری تایبەتی نێرگس محەمەدی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستگارام، بانگهێشتکردنی پێنج زیندانی سیاسی بۆ داواکاری گشتی قەزای ٣٣ی شاری ئەردەبیڵ، بەمەبەستی ڕوونکردنەوەی ئەو تۆمەتە سەبارەت بە ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بەسزای  لەسێدارەدان ڕاگەیاند.

 

بە پێی ئەو هەواڵەی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرامی نێرگس محەمەدی بڵاوکراوەتەوە، "وریشە مورادی، پەخشان عەزیزی لەگەڵ نێرگس محەمەدی، مەحبوبە ڕەزایی و پەریوەش موسلیمی" بە ئاگادارییەک کە بۆ ئەو فەرمانگەیە نێردراوە، بانگهێشتی داواکاری گشتیی قەزای ٣٣ی موقەدەسی ئەردەبیل کراون، ئەمە لە کاتێکدایە کە ژنانی زیندانی ئەڤین ڕایانگەیاند، ئامادە نابن لە دادگا و لە کۆتاییدا لە کاتی دانیشتنی دادگادا تەنها پەریوەش موسلیمی ئامادە بوو و تۆمەتبارانی دیکە لەم دۆسیەیەدا ئامادە نەبوون بچنە دادگا.