پچڕانی ئینتەرنێت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ٩٦٠ کاتژمێری تێپەڕاند
ماوەی ٩٦٠ کاتژمێرە هاوڵاتیانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە دەستڕاگەیشتن بە ئینتەرنێت بێبەش کراون، بەمەش ئێران ڕیکۆردی جیهانیی شکاندووە.
ناوەندی هەواڵ
ڕێکخراوی سەربەخۆی چاودێریی ئینتەرنێت بە ناوی “نێتبلۆکس” سەبارەت بە پچڕانی هێڵی ئینتەرنێت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەهۆی شەڕی نێوان ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێران ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوەو تێیدا هاتووە: لە ٢٨ـی شوباتی ئەمساڵدا لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی نێوان ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێران، تا ئێستا ٩٦٠ کاتژمێر هێڵی ئینتەرنێت لە سەرانسەری ئێراندا ڕووبەڕووی پچڕان بووەتەوە و پەیوەندیی نێوان تۆڕەکان دابەزیوە بۆ ٠.١٪.
ئاماژە بەوەشکراوە کە ڕژێمی ئێران بەردەوامە لە پێشێلکردنی مافی گەلانی ئێران بۆ پەیوەندیکردن و دەستڕاگەیشتن بە زانیاری، هەروەها باس لەوەش کراوە کە ئێران لە ڕووی پچڕانی ئینتەرنێتەوە ڕیکۆردی جیهانیی شکاندووە.
پێشتر پچڕانی ئینتەرنێت لە ئێران لە کاتی دوایین ناڕەزایەتییەکانی گەلانی ئێراندا بوو کە ڕژێم بۆ ماوەی ٢١ ڕۆژ لەسەر یەک ڕێگریی لە بەکارهێنانی ئینتەرنێت کرد، هەروەها بە ٤١ ڕۆژ پچڕانی ئینتەرنێت لە ماوەی ئێستادا، هاوڵاتیانی گەلانی ئێران ٦١ ڕۆژی ئەمساڵیان بەبێ ئینتەرنێت بەسەر بردووە، لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠٢٦ـەوە تەنها ٩٩ ڕۆژ تێپەڕیوە.