پارێزەرێکی لوبنانی: دەبێت ستاتۆ و ناسنامەی یەپەژە پارێزراو بێت
فەرەح عەبدوڵا، پارێزەر و چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ لە لوبنان ڕایگەیاند، پشتگوێخستنی ڕۆڵی یەپەژە لە هەر چارەسەرێکی سیاسیی لە سووریادا، پێشێلکردنی مافەکانی ژنانە و دەبێت ستاتۆ و ناسنامەی سەربەخۆی یەپەژە وەک ڕێکخستنێکی ژنان پارێزراو بێت.
ناوەندی هەواڵ
فەرەح عەبدوڵا، پارێزەر و چالاکوانی مافەکانی مرۆڤی لوبنانی لە نامەیەکدا پشتگیریی خۆی بۆ یەپەژە دووپاتکردەوەو ڕایگەیاند، ڕۆڵ و بەشداریی یەپەژە تەنها لە بواری سەربازییدا سنووردار نییە، بەڵکو پێدانی ڕۆڵێکی سەرەکییە بە ژنان لە پاراستنی کۆمەڵگە و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزمدا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هەر هەوڵێک بۆ پشتگوێخستنی ڕۆڵی یەپەژە، بەتایبەت لە چوارچێوەی چارەسەرێکی سیاسیی بۆ ئایندەی سووریا، مانای بە کەمگرتنی مافەکانی ژنان و تێکۆشانیانە.
وتیشی: پێویستە یەپەژە وەک ستاتۆیەکی سەرەکی لە هەر چوارچێوەیەکی سیاسیی ئایندەدا دانی پێدا بنرێت، هاوکات بونیاد و ناسنامە سەربەخۆکەی وەک ڕێکخستنێکی ژنان بپارێزرێت.
هاوکات، مسۆگەرکردنی بەشداریی ژنان لە دامەزراوەکانی بەرگریی و ئاسایشدا، پێداگرییە لەسەر پرەنسیپەکانی دادپەروەری و یەکسانی و مافی ڕەوا.
هەروەها، داوا لە هەموو ڕێکخراوەکانی ژنان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەین، کە هەڵوێستێکی ڕوون نیشان بدەن و کار بکەن بۆ مسۆگەرکردنی بەشداریی ژنان لە هەموو پڕۆسەیەکی سیاسییدا کە هاوتا بێت لەگەڵ ڕۆڵە ڕاستەقینەکەیان لە بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەردا.