پارێزەر ئاینور زێد باشا: پڕۆسەی ئێستا پێویستی بە بەڕێز ئۆجالان هەیە
ئاینور زێد باشا ئەندامی دەستپێشخەری پارێزەرانی سووریا بۆ داکۆکی لە مافەکانی ڕێبەر ئۆجالان ڕایگەیاند کە کلیلی چارەسەری قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لای ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانە.
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2025/02/20250216-aynu-jpg337c3b-image.jpg)
ڕۆنیدا حاجی
حەسەکە- لە ۱٥ی شوباتی ۱۹۹۹، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە پیلانێکی نێودەوڵەتیدا بە دیل گیرا و ڕادەستی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا کرا، ئاینور زێد باشا ئەندامی 'دەستپێشخەریی پارێزەرانی سووریا بۆ پاراستنی مافەکانی ڕێبەر ئۆجالان' بۆ ئاژانسەکەمان سەبارەت بەو پیلانگێڕییە نێودەوڵەتییە و ئەو گۆشەگیرییە نایاساییەی کە بەردەوام بەسەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالاندا دەسەپێندرێت، قسەی کرد.
"ئۆجەلان مێشکی کۆمەڵگەی ئازادیخوازە"
ئاینور زێد باشا ڕایگەیاند کە خەباتی گەل وەڵامی پیلانگێڕی ساڵی ١٩٩٩ی دایەوە و وتی: لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ پیلانگێڕی دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕوویدا، ئەم پیلانگێڕییە بە توندی ئیدانە دەکەین، بەڕێز ئۆجالان پیاوێکی دیموکراسی و ئاشتیخوازە، بە ئەستەم کاری کردووە و لە پێناو مافەکانی گەلەکەیدا خەباتی کردووە، بۆیە بە پیلانێکی نێودەوڵەتی لەلایەن دەوڵەتە هەژموونخوازەکانەوە گێڕدرا و ڕادەستی دەوڵەتی تورکیا کرا، لەگەڵ دیلبوونی بەڕێز ئۆجالان لە زیندانی ئیمراڵی، نامەیەک بۆ گەلانی ئازادیخواز و ئەو کەسانە نێردرا کە بەڕێز ئۆجالان نوێنەرایەتیان دەکات، لە بەرامبەر ئەم پەیامەدا تێکۆشانی گەلی ئازادیخواز زیاتر بوو و سزای لەسێدارەدان کە بەسەر ڕێبەر ئۆجالاندا سەپێندرا هەڵوەشێنرایەوە.
"بیری ئۆجەلان پلانی پیلانگێڕانی پووچەڵکردەوە"
ئاینور ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو گۆشەگیرییەی بەسەر بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالاندا سەپێندراوە، ئیرادەی گەلی ئازادیخواز دەکاتە ئامانج و وتی: لە زیندانی ئیمراڵی ڕێوشوێنی نایاسایی بەسەر بەڕێز ئۆجالاندا گیرا و مافە ڕەواکانی لێ زەوت کرا، لە ئێستادا هەموو زیندانییەک مافی بینینی بنەماڵە و پارێزەرانی هەیە، بەڵام بەداخەوە ئەمە قبوڵ نەکرا و گۆشەگیری توند بەسەر بەڕێز ئۆجالاندا سەپێندرا، ئێمە ئەم گۆشەگیرییە نەک تەنها لە دژی ئەو دەبینین، چونکە بەڕێز ئۆجەلان نوێنەرایەتی گەل دەکات، بۆیە لە ڕێگەی ئەم گۆشەگیرییەوە دەیانویست ئیرادەی گەل بشکێنن، هزر و بیروڕاکانی ڕێبەر ئۆجالان بە هەموو جیهاندا تەشەنەی کرد و بوو بە وەڵام و شکستی پیلانگێڕیی ساڵی ١٩٩٩، ئێستا ئەو پڕۆژەیەی بەڕێز ئۆجالان داوای دەکات بۆتە نموونە و هەموو تاکێکی سەر زەوی بۆ خۆی وەریدەگرێت، چونکە ئازادی خۆی تێیدا دەدۆزێتەوە.
"هیوا مافی هەموو زیندانییەکە"
لە درێژەی قسەکانیدا، ئاینور سەرنجی بۆ ئەو هەڵمەتە ڕاکێشا کە لە ٧٥ وڵاتدا دەستیپێکردووە و وتی: ئەم هەڵمەتە بۆ ئازادی ڕێبەر ئۆجالان و چارەسەری پرسی کورد دەستیپێکردووە، ئێمەش بەشداریمان کرد، لە ئەنجامی ئەم هەڵمەتەدا، بڕیاردرا یاساکانی زیندانیکردنی ژیان هەموار بکرێتەوە، چونکە هیوا مافی هەموو زیندانییەکە، و بەڕێز ئۆجالان لە مافی هیوا بێبەش کراوە، کە دژی رێککەوتننامەکانی مافی مرۆڤە.
"پرۆسەی ئێستا پێویستی بە بەڕێز ئۆجالان هەیە"
ئاینور ئاماژەی بەوەدا کە ئەو پرۆسەیەی جیهان پێیدا تێدەپەڕێت پێویستی بە بەڕێز ئۆجالان هەیە و لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: رێگای چارەسەر بۆ ئەو پرۆسەیەی کە ئێستا لە سووریا بەڕێوەدەچێت لای بەڕێز ئۆجالانە، دەوڵەتی تورکیاش مافی مرۆڤی هێناوەتە ناو گفتوگۆکەوە، ئەمەش جێگەی قبوڵکردن نییە، هەرگیز نابێت بازرگانی بە مافەکانەوە بکرێت، یاسایەک بۆ پاراستنی مافەکان دروستکرا، بەڵام ئەمڕۆ دەبینین مافەکان دەقۆزرێنەوە و پێشێل دەکرێن، دەبینین بەڕێز ئۆجالان لە پرۆسەی گۆشەگیرییەوە بۆ پرۆسەی دەستبەسەرکردن گواستراوەتەوە.