پارێزەر ئالا هایک : دەبێت لە سووریا ئایین لە سیاسەت جیا بکرێتەوە

پارێزەر ئالا هایک ئاماژەی بەوەکرد، ئەو گۆڕانکاریانەی کە ئیدارەی کاتی چەتەکانی هەتەشە لە پەروەردەدا کردوویەتی، مەترسییەکی گەورە لەسەر داهاتووی نەوەیەک دروست دەکات و ئاماژەی بەوەدا کە لەم قۆناغە گرینگەدا پێویستە بابەتی ئایینی لە پرسە سیاسییەکان جیابکرێتەوە

ڕاما خەلەف

 

 شام- دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە سووریا، چەتەکانی هەتەشە وەک ئیدارەی کاتی وڵات دەستنیشان کران، ئەو گۆڕانکاریانەی کە هەتەسە لە بەرنامەی پەروەردەدا کردوویەتی، ناڕەزایی لە بازنەکاندا دروستکردووە، بە پلەی یەکەم لە بواری پەروەردە و یاسادا، هەروەها لە زۆرێک لە بازنە کۆمەڵایەتییەکاندا، سوورییەکان دەڵێن گۆڕینی ناوەڕۆکی پەروەردە هەنگاوێکی بەپەلەیە کە مەترسی گەورە بۆ داهاتووی پەروەردە دروست دەکات.

 

 "گۆڕانکاری هەڕەشەیە بۆ سەر نەوەیەک"

 پارێزەر ئالا هایک، کە هەڵسەنگاندنی ئەو بابەتەی بۆ دەزگاکەمان کرد، وتی: ئەو گۆڕانکاریانەی لە ناوەڕۆکی بەرنامەی پەروەردەدا کرا، لە زۆر لایەنەوە بە ناڕەزامەندی پێشوازییان لێکرا، ئێمە چەندین گۆڕانکاریی ناپێویستمان بینی، ئەو ڕاستییەی کە سەریهەڵدا زۆر لە چاوەڕوانییەکانمان تێپەڕیوە، ئەوە مەترسییەکی گەورەیە بۆ داهاتووی تەواوی نەوەیەکی ئێمە، زۆر وێنە و دەربڕین و بابەت لە بەرنامەکەدا سڕدرایەوە،  دەکرێت کتێبی پەروەردە بە نیشتمانی بکرێت، تەنها دەیانتوانی وانەکانی پەیوەست بە بنەماڵەی ئەسەد لاببەن، بەڵام تەواوی کتێبێکیان هەڵوەشاندەوە کە هەم ڕابردوو و هەم ئێستای سووریا دەگێڕێتەوە، ئێمە ناتوانین ئەمە قبوڵ بکەین.

 

"پێشتر لە ناوچە مەترسیدارەکاندا داندراین"

 ئالا هایک ئاماژەی بەوەدا کە لە ناو ئەو گۆڕانکارییانەی لە تەوەرەی عەرەبیدا کراون، گۆرانی و تەوەری تریش لابراون و وتی: ڕیتۆریکی ناسیۆنالیستی دووبارە داڕێژراوەتەوە، دەستەواژەی 'بۆ میللەت' گۆڕدرا بۆ 'بۆ خودا'، هەروەها تێکستەکانی ناو سروودەکە گۆڕانکارییان بەسەردا هات و نیوەیان کردۆتە ئایینی، بەم شێوەیە ئێمە بە تەواوی دوورکەوتینەوە لە هەوڵەکان بۆ باشترکردنی ناوەڕۆکی بەرنامەکە، بەڵکو ئێمەیان بردۆتە ناو بوارە مەترسیدارەکانەوە کە کاریگەری نەرێنی لەسەر تەواوی نەوەکان هەیە، پێویستە لەم قۆناغە گرینگەدا پرسە ئایینییەکان لە پرسە سیاسییەکان جیابکرێنەوە.

 

 "ژنان سنووردار دەکرێن"

 ئالا هایک ڕایگەیاند کە خاتوو زەنوبیا کە بە هێمای هێزی ژنان لە سووریا ناسراوە، لە بەرنامەی خوێندن دوور خراوەتەوە، ئەو لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە ئەمە توڕەیییەکی گەورەی لای چالاکوانانی ژن و چالاکوانانی مافی مرۆڤ دروست کردووە، و باسی لەوەشکردووە کە ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ڕۆڵی دەنگی ژنان لە بواری پەروەردەدا، و لە هەندێک شوێن ئەو کەسانە دەیانەوێت جلوبەرگ و جوڵەی ژنان سنووردار بکەن.