پارێزەر بەهار شەهراریان دەستبەسەر کرا
بەهار شەهراریان، پارێزەر و ئەندامی باڵای کۆمەڵەی پارێزەرانی پارێزگای فارس لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا و ڕەوانەی زیندانی عادل ئاباد کرا.
ناوەندی هەواڵ
بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتەی کە میدیاکانی مافی مرۆڤ بڵاویانکردووەتەوە، ڕۆژی شەممە ١٦ی ئایار، بەهار شەهرار، پارێزەر و ئەندامی سەندیکای پارێزەرانی پارێزگای فارسیان لە شاری شیراز دەستبەسەر کرا.
بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکە، بەهار شەهراریان لەو کاتەی کە بۆ ڕاپەڕاندنی کاروباری وەکالەت لە دادگای شۆڕشی شیراز بووە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراوە.
بەهار شەهراریان ڕۆژی ١٧ی ئایار، ڕەوانەی داواکاری گشتی کرا و بە تۆمەتەکانی وەک کۆبوونەوە و تێوەگلان لە ڕێککەوتنی نهێنی دژی ئاسایشی نیشتمانی، چالاکیی پڕوپاگەندەیی دژی ڕژێمی کۆماری ئیسلام و بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست تۆمەتبار کرا. دواتر ڕەوانەی زیندانی عادلئابادی شیراز کرا.
بەهار شەهراریان پێشتریش بەهۆی چالاکییە پیشەییەکانیەوە، لەلایەن دەزگا دۆسیەدارەکانەوە دەستبەسەرکرابوو و ڕووبەڕووی بەدواداچوونی دادوەری ببووەوە. ناوبراو پارێزەرێکە کە لە بواری مافەکانی مرۆڤدا چالاکی دەکات و بەرگری لە زیندانیانی سیاسی دەکات.