پانێڵێک بە ناونیشانی "ژن لە میدیای کوردیدا" پێشکەشکرا
بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ٨ی مارسەوە پانێڵێک دەربارەی ڕۆڵی ژنان لە میدیادا بەڕێوەچوو تیایدا باس لەوەکرا کە ژنان لەناو میدیادا هێندەی بوونەتە کاڵا و وەک کارەکتەرێک کار دەکەن هێندەی تواناکانیان دەرناخرێت و لە ئاستی بەڕێوەبردنا نین.
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2022/03/20220310-01611-00-00-14-10-still001-jpg1c5f08-image.jpg)
سلێمانی
سەر لە بەیانی ئەمڕۆ، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ژنان ٨ی مارس، بەشی دیجیتاڵ میدیا، لە پەیمانگای تەکنیکی کوردستان پانێڵێکی لە ژێر ناونیشانی "ژن لە میدیای کوردیدا" ڕێکخست.
پانێڵەکە بە پیرۆزبایکردن لە ٨ی مارس و داتر خوێندنەوەی پارچە هۆنراوەیەکی تایبەت بە ژن لەلایەن خوێندکارێکەوە دەستی پێکرد و هەریەک لە دکتۆر نەزاکەت حەمەسەعید مامۆستای زانکۆ، دکتۆر لوقمان سیوەیلی مامۆستای زانکۆ هەروەها مامۆستا هەژان، مامۆستای پەیمانگا و ڕاگەیاندکار بەشداربوون.
لە پانێڵەکەدا باس لەوە کرا میدیا بە شێوەیەکی گشتی لە ئاستێکی خراپدایە بە جۆرێک پێویستی بە پسپۆڕی تایبەت نەماوە بەڵکو خەڵک خۆی بەردەوام قسەی لەسەر دەکات، هەروەها کێشە و ناڕەزایەتییەکانی میدیا گەیشتووەنەتە ئاستێک هەموو کەسێک درکی پێدەکات بێ ئەوەی کەسی قسەکەر پسپۆڕ بێت.
دکتۆر نەزاکەت دەڵێت: "میدیای کوردی بە شێوەیەکی نا ئاسای لەدایکبوو، هەر شتێکیش بە نائاسایی لەدایک بێت ژینگەیەکی نائاسای دروستدەکات و کار دەکاتە سەر بینەر، نیشتیمان، ئاین، پەروەردە و ژن"، هەر بۆیە ئەم ژینگەیە ناتەندروستە و کاریگەری خراپی کردووەتە سەر کۆمەڵگەو تاکەکانی ناوی.
هەروەها مامۆستا هەژان باسی لە ڕۆڵی ژنان کرد لەناو مئیدیای کوردیدا و وتی "ساڵانی پێشوو کەسێک یاخود ژنێک لە میدیادا کاری بکردایە جێگای شانازی بوو بەڵام لە ئێستادا ئەو وێنایە نەماوە و هەموو کەسێک بێ ئەوەی لە بنەماکانی میدیا تێبگات و لە ڕۆڵی ژنان تێبگات لەناو میدیادا نا بەرپرسیارانە مامەڵە دەکات، هۆکاری ئەمانەش حکومەت و لایەنی پەیوەیندیدارە هەروەها سەرۆکایەتی زانکۆیە کە زەمینەسازی نەکردووە".
ئاماژەی بەوەشدا لە میدیاکاندا جوانی بووەتە مەرجی یەکەم و وەرگرتن و دەرخستنی ژنان، هێندەی بەڕێوەبەرەکان جەخت لەسەر جوانی و جلوبەرگی میدیاکارانی ژن دەکەن جەخت لەسەر زانیاریەکانیان ناکەنەوە کە دواجار دەبێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی میدیاکارەکە خودی خۆی بیرچێتەوە و وەک کارەکتەرێک مامەڵە دەکات.
"ئەو میدیایانەی ژنانیان کردووە بە کاڵا، لە ژێر چاودێری یاساییدا نین"
شارۆ نەورۆز، سەرۆک بەشی کارگێڕی کار لە پەیمانگای کوردستان، تایبەت بە سیمینارەکە و ڕۆژی جیهانی ژنان بە نوژنهای ڕاگەیاند:
لە ئێستادا میدیا بە گشتی و سۆشیاڵ میدیا بە تایبەت ژن تیایدا ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت جا بە لایەنی باش بێت یاخود خراپ، هەر بۆیە بە پێویستمان زانی باس لە ڕۆڵی ژنان بکەین لە میدیادا و لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکان بخەینە ڕوو.
باسی لەوەکرد بۆچوونەکان جیاوازن لەسەر ڕۆڵی ژنان لە میدیاکاندا بەڵام ئەوەی بووە هۆکار کە تیشک بخەینە سەر ئەم بابەتە بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیا و میدیا بوو لەناو کۆمەڵگا و بە تایبەت لای گەنجان هەروەها دەرخستنی وێنەی خراپی ژنان لەناو میدیاکاندا بوو، کە کاریگەری زۆری خستووەتە سەر کۆمەڵگا و ژن بە تایبەت وە هێندەی وێنای خراپی ژن دەردەخرێت سەرکەتن و هەوڵەکانی ژنان دەرناخرێت.
ئاماژەی بەوەدا بە ڕێژەیەکی کەم ژنان لە بەڕێوەبردنی دەزگا میدیایەکاندا خاوەن بڕیارن بەڵکو وەک کارەکتەرێک کار دەکەن، ئەوەشی ڕوونکردەوە بە کاڵاکردنی ژنان زیاتر لای ئەو میدیایانەوەیە کە لە ژێر چاودێریدا نین بەڵکو نا بەرپرسیارانە کەسانی بێ ئەزموون بەڕێوەی دەبەن و شێوازێکی هەڕەمەکی کار دەکەن.
ت.پ