پانێڵێک بە ناونیشانی "ئەنفال: دژ بە فەرامۆشی" بەڕێوەچوو

لە شاری سلێمانی بە ئامادەبوونی خوێندکاران و بەشێک لە مامۆستایانی پەیمانگای تەکنیکی کوردستان، پانێڵێک بە ناونیشانی " ئەنفال: دژ بە فەرامۆشی"، بەڕێوەچوو، تێیدا چەندین بەڵگە فیلم نمایش کرا.

سلێمانی

 

دوێنی ١ی تشرینی یەکەم لە پەیمانگای تەکنیکی کوردستان، لە شاری سلێمانی؛ پانێڵێک بەناونیشانی ئەنفال: دژ بە فەرامۆشی، بە ئامادەبوونی بەشێک لە مامۆستایان و خوێندکران، لەلایەن ڕێزان نورالدین، مەنسور تەیفوری و هۆمەر محەمەد پێشکەشکرا و تیایدا لە ڕێگەی لێکۆڵینەوە و توێژینەوەکان باس لە کاریگەرییەکانی ئەنفال لەسەر کورد، بەڕێوەچوو. 
 
لە بەشێکی دیکەی پانێڵەکەدا لە ڕێگەی چەند وێنە و بەڵگەنامەیەکەوە دەرئەنجام و لێکەوتەکانی کارەسەتەکە خرایە ڕوو.
 
ڕێزان نورەدین مامۆستا و بەڕێوەبەری پانێڵەکە، باسی لەوەکرد ئامانجیان بیرهێنانەوەی ئەم کارەساتەیە، لە دوای تێپەڕبوونی ٣٧ ساڵ بەسەر کارەساتی ئەنفالدا، هەتا ئێستاش لێکەوتە و کاریگەرییەکانی ئەو کۆمەڵکوژییە بەسەر کۆمەڵگەوە دیارە، قەرەبونەکردنەوە و نەگەڕاندنەوەی بەشێک لە ڕووفاتەکانیش نیگەرانی کەسوکاری ئەنفالکراوانی زیاد کردووە.
 
شەیما محەمەد، خوێندکاری بەشی پەرستاری، لەبارەی چالاکی "ئەنفال : دژ بە فەرامۆشی" وتی: هەبوونی ئەو جۆرە پانێڵانە کارێکی گرنگە بۆ ناساندنی ئەو کارەساتەی بەسەر گەلی کورد، کە ۳۷ ساڵ بەسەر جینۆسایدکردنی کورد و ژنانی کوردا گوزەردەکات ، بە نەوەی نوێی کورد بناسێندرێت، پێویستە نەوەی دواڕۆژی کورد تەواوی کارەساتەکانی کورد بزانێت، بە تایبەت ئەنفال و جینۆسایدی گەلەکەیان.