زیاتر لە ١٢ ملیۆن منداڵ لە ئەفغانستان پێویستیان بە هاوکاری هەیە

سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان 'یونیسێف' ڕوونیکردەوە، ٢٣ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار کەس لە ئەفغانستان پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەیە.

ناوەندی هەواڵ

 

سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان 'یونیسێف' و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ ئەفغانستان OCHA  دوو ڕاپۆرتی جیاوازیان بڵاوکردەوە کە تێیدا ڕایانگەیاند کە ٢٣.٧ ملیۆن کەس کە ١٢.٣ ملیۆنیان منداڵن لە ئەفغانستان پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەیە، چونکە کاریگەرییەکانی ململانێ درێژخایەنەکان، گۆڕانی کەشوهەوا و چەقبەستوویی ئابووری بوونە هۆی زیادبوونی بێکاری، هەروەها هۆکارێکی سەرەکیین بۆ زیادبوونی هەژاری.

 

یونیسێف، لە ڕاپۆرتەکەیدا بڵاویکردووەتەوە، ئەو بارانبارینە بەخوڕانەی لە ڕۆژانی ٢٩ و ٣٠ی ئاداردا لە سەرتاسەری ئەفغانستان باریوە، بووەتە هۆی لەناوچوونی زیاتر لە ١٥٠٠ دۆنم زەوی کشتوکاڵی و زیاتر لە ٥٤٠ ماڵی نیشتەجێبوون و ژێرخانی سروشتی دیکە لە حەوت پارێزگادا، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەمە بووە هۆی ئەوەی ٢٣.٧ ملیۆن ئەفغانی کە ٪٥٢یان ژن بوون، پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەیە.

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، مانگی ڕابردوو زیاتر لە ٩ ملیۆن منداڵی خوار تەمەنی پێنج ساڵ تووشی نەخۆشی جۆراوجۆر بوون و زیاتر لە ٣٩ هەزار کەسیش کە ٪٥٦یان ژن بوون، لە نەخۆشخانە خەوێندراون.

 

لە ڕاپۆرتەکەی یونیسێفدا ڕوونیکردووەتەوە، لە ماوەی نێوان ٢٥ بۆ ٣١ی ئاداری ساڵی ڕابردوودا هەزار و ٤٣٥ حاڵەتی گومانلێکراو و گیان لەدەستدانی ٩ حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشی سورێژە لەنێو منداڵاندا تۆمارکراوە، ئەمەش دەریدەخات ژمارەی گومان لێکراوەکانی تووشبوون بە ڕێژەی ١٢.٦% کەمیکردووە بە بەراورد بە هەفتەی پێشوو.