نزیکەی چوار هەزار و ٧٠٠ پەنابەر کە گەڕاونەتەوە سووریا دەستگیرکراون

تۆڕی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ باسی لەوەکرد، لانیکەم چوار هەزارو ٧١٤ پەنابەرانی گەڕاوە و لەلایەن ڕژێمی سووریاوە دەستگیر کراون.

ناوەندی هەواڵ

 

تۆڕی مافی مرۆڤ، لە بەیاننامەیەکدا بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی پەنابەرانەوە ڕایگەیاند، بەردەوام بوونی پێشێلکارییەکان بەرامبەر بە سووریەکان بووەتە هۆکارێک بۆ ئەوەی نەتوانن بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان، هانیان دەدات بۆ پەنابردن بۆ وڵاتانی دیکە.

 

ئاماژەی بەوەکرد، پەنابەرە گەڕاوەکان ڕووبەڕووی هەمان شێوازەکانی پێشێلکاری دەبنەوە کە تووشی ئەو کەسانە دەبن کە لە سووریا نیشتەجێن و هۆکاری سەرەکیش نەبوونی یاسایە، بە پێویستیشی دەزانێت سیستمێکی دیموکراسی کە ئاسایشی سووریا بەڕێوەببات بونیاد بنرێت.

 

تۆڕی مافەکانی مرۆڤ پشتڕاستی کردەوە، کە ٣٦٧ هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە کە ٥٦ منداڵ و ٣٤ ژن بوون و ٤٣ کەسیشیان لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەستداوە، هەروەها لە سەرەتاوە دەستگیرکردنی ٨٢٨ کەسی لە سووریا ئاشکرا کردووە.

 

بەگوێرەی ئاماری نەتەوەیەکگرتووەکان، ژمارەی پەنابەرانی سووری لە سەرانسەری جیهان نزیکەی ٦ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار پەنابەرە و بەشێکیشیان ڕووبەڕووی فشار دەبنەوە لەو وڵاتانەی پەنای بۆ دەبەن، ئەمەش وایان لێدەکات بگەڕێنەوە بۆ سووریا بەڵام دووبارەش لە سووریا ڕووبەڕووی ئەشکەنجە و خراپی ژیان تا ڕادەی دەستگیرکردن دەبنەوە.