نیسانی ١٩٤٥؛ خەبات بۆ مافی دەنگدانی ژنان لە فەرەنسا

دوای ساڵانێک لە خەبات، دواجار ژنان لە فەرەنسا لە نیسانی ١٩٤٥دا توانیان لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان دەنگ بدەن؛ ئەم ڕۆژە بوو بە هێمای هەنگاوی یەکلاکەرەوە بەرەو مافەکانی ژنان.

ناوەندی هەواڵ

 

بە درێژایی مێژوو ژنان خەباتێکی درێژخایەن و سەختیان کردووە بۆ بەدەستهێنانی مافە سیاسییە یەکسانەکا،. لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان ژنان ڕێپێوانیان کردووە و خۆپیشاندانیان بۆ مافی دەنگدان ڕێکخستووەو لە کاتی ئەو جوڵانەشدا ڕووبەڕووی دەستوەردانی پۆلیس و گرتن و گاڵتەجاڕی و تەنانەت توندوتیژی و کۆمەڵکوژی بوونەتەوە.

 

لە فەرەنسا تا ناوەڕاستی سەدەی بیستەم ئەم مافە بەدەست نەهات. بەپێی هەمووارکردنەوەی یاسایی لە ٤ی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٤٤، ژنانی فەرەنسی مافی دەنگدان و خۆکاندیدبوونیان بۆ هەڵبژاردن بەدەستهێنا، بەڵام تا ٢٩ی نیسانی ١٩٤٥، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا نەیانتوانی ئەو مافە بە کردەوە بەکاربهێنن.

 

ماری وۆڵستۆنکرافت کەسایەتییەکی سەرەکییە لە مێژووی مافەکانی ژنان. لە نامەیەکدا کە لە ساڵی ١٧٩٢ بۆ سیاسەتمەداری فەرەنسی تالیران نووسیویەتی، ڕەخنەی لە دوورخستنەوەی مافەکانی ژنان لە دەستوورە نوێیەکەی گرتووە کە لە ساڵی ١٧٩١ پەسەند کراوە، دوورخستنەوەی ژنان لە حکومەت بە "مەرجێکی بەدناو" ناوبردووە و لە پەرتوکی "پاڵکردنەوەی مافەکانی ژن"دا وردتری لەسەر ئەم بیرۆکانە خستووەتەڕوو.

 

مانگی نیسان، وەک ساڵڕۆژی ئەو ڕۆژەی کە ژنانی فەرەنسی بۆ یەکەمجار مافی دەنگدانیان بەکارهێناوە، وەک بیرهێنانەوەی ئەو خەباتە سەختە کاردەکات کە بە درێژایی مێژوو بەردەوام بووە و نیشان دەدات کە گەشتەکە بەرەو یەکسانی هێشتا بەردەوامە.