نیلوفەر حامیدی و ئیلاهە محەمەدی بۆ جێبەجێکردنی سزای زیندانیکردن بانگهێشت کران

نیلوفەر حامدی و ئیلاهە محەمەدی پێویستە لە ماوەی ٥ ڕۆژدا بچنە بەردەم زیندانی ئەڤین بۆ جێبەجێکردنی سزای ٥ ساڵ زیندانی.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی شەممە ٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، پارێزەرانی نیلوفەر حامیدی، پەیامنێری ڕۆژنامەی شەرق و ئیلاهە محەمەدی، پەیامنێری ڕۆژنامەی هەم میهەن ڕایانگەیاند کە بریکارەکانیان بانگهێشتی زیندانی ئەڤین کراون بۆ تێپەڕاندنی سزای ٥ ساڵ زیندانی کردن.

 

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە نیلوفەر حامیدی و ئیلاهە محەمەدی لە ماوەی ٥ ڕۆژدا دەبێت بچنە بەردەم زیندانی ئەڤین.

 

ئەسغەر جەهانگیری، وتەبێژی دەسەڵاتی دادوەری ڕۆژی شەممە ١٢ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ ڕایگەیاند کە دۆسیەی نیلوفەر حامیدی و ئیلاهە محەمەدی دوو ڕۆژنامەنووس کە هەواڵی کوشتنی ژینا ئەمینی و پرسەکەیان ڕووماڵ کرد، ڕەوانەی لقی جێبەجێکردنی سزا کرا.

 

ئەمە لە کاتێکدایە کە پەرتۆ بورهانپوور و حۆجەت کرمانی، پارێزەرانی نیلوفەر حامیدی ڕایانگەیاند، پێویستە بە پێی یاسا و بە پشتبەستن بە فەرمانی لێبوردنی ساڵی٢٠٢٢ لێبوردنی نیلوفەر حامیدی بدرێت و دۆسیەکەی دابخرێت.

 

پێویستە بوترێت نیلوفەر حامیدی یەکەم ڕۆژنامەنووس بوو کە وێنەی ژینا ئەمینی لە کۆمادا بڵاوکردەوە، هەروەها ئیلاهە محەمەدی دوای کوشتنی دەوڵەتی ژینا ئەمینی چووەتە سەقز و ڕاپۆرتێکی لەسەرکوشتنی ژینا ئەمینی ئامادە کردووە.

 

ئەم دوو ڕۆژنامەنووسە لەڕۆژانی یەکەمی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی" دەستبەسەرکران و پاش ماوەیەکی کەم لە زیندانی قەرچەک بۆ زیندانی ئەڤین گوازرانەوە.