نیکی کەریمی؛ شکاندنی بێدەنگی هونەرمەندان لە بەرانبەر باڵاپۆشی زۆرەملێ

نیکی کەریمی ئەکتەری بەناوبانگی سینەمای ئێران وێنەیەکی بەبێ سەرپۆش لە بەریتانیا بڵاو کردەوە ئەوە لەکاتێکایە ژمارەیەک لە ئەکتەرە ژنەکان بەهۆی ڕەتکردنەوەی پۆشینی باڵاپۆشی زۆرەملێ لە دوای شۆڕشی”ژن ژیان ئازادی” پەراوێز خراون.

ناوەندی هەواڵ

 

لەدوای ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕی شۆڕشی”ژن ژیان ئازادی” ژمارەیەکی زۆر لە ئەکتەرە ژنەکان بەهۆی پشتیوانییکردنیان لە خۆپیشاندەران و شۆڕشەکە، دەرکەوتنیان لە پرۆژە فەرمییەکانی سینەمای ئێران بێبەشکرا، یەکێک لەوانە نیکی کەریمی بوو، هەروەها ماوەی سێ ساڵە بەشداری هیچ پرۆژەیەکی فیلم و میدیایی ناوخۆیی نەکردووە و زیاتر لە دەرەوەی وڵات بیندراوە.

نیکی کەریمی لە ساڵانی نەوەدەکانەوە تا ئەمڕۆ یەکێک بووە لە کەسایەتییە کاریگەرەکانی سینەمای ئێران، جگە لە نواندن وەک دەرهێنەر و نووسەر و دادوەری فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکان بووەتە کەسایەتییەکی نێودەوڵەتی لەبواری ڕۆشنبیری و هونەردا.

 

دوێنێ ٥ی تشرینی یەکەم نیکی کەریمی ئەکتەری بەناوبانگی سینەمای ئێران لە پێگەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێنستاگرام وێنەیەکی بە جلوبەرگی ئارەزوومەندانە بڵاو کردەوە، کە کاردانەوەی زۆری لە لایەن بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیاکانەوە لێکەوتەوە.

 

وێنەکەی نیکی کەریمی لە شەقامەکانی شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا گیراون کە بە جلوبەرگێکی سادە دەرکەوتووە، بەڵام لە لایەن ئێرانەوە پەسەند نییە، ئەو کاردانەوەیە لەکاتێکدایە کە لەم چەند ساڵانەی دواییدا پرسی باڵاپۆشی و جلوبەرگی ژنان لە ئێران هەمیشە بابەتی گفتوگۆی گشتی و میدیایی بووە.