نورزان لەلایەن براکەیەوە کوژراوە
وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، بکوژی نورزان ئەلشەمەری دەستگیرکراوە، کە لەلایەن براکەی کوژراوە، بیانووی کوشتنەکەشی وەک هەر ژنێکی دیکە "کێشەی کۆمەڵایەتی"یە.

ناوەندی هەواڵ
وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە پەڕەی فەرمی خۆیدا بڵاوی کردووەتەوە، کە بکوژی نورزان ئەلشەمەری دەستگیرکراوە، دەرکەوتووە براکەی بە هاوکاری دوو ئامۆزای نورزانیان بە چەقۆ کوشتووە.
لە ئێستادا تەنها براکەی نورزان دەستگیرکراوە، گەڕان بە دوای دوو تۆمەتبارەکەی دیکەدا بەردەوامە، براکەی نورزان دانی بە تاوانەکەیدا ناوە ئێستاش ڕێکاری یاسایی بەرامبەر گیراوەتەبەر.
سەبارەت بە هۆکاری کوشتنی نورزان، وەزارەتی ناوخۆی عێراق وەک هەر کوشتنێکی دیکەی ژنان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بیانووی کێشەی کۆمەڵایەتی بۆ هێناوەتەوە، ڕایگەیاندووە، کە بەهۆی کێشەی خێزانییەوە کوژراوە.
ت.پ