نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەرامبەر بە ئامانجگرتنی منداڵان لە لوبنان هۆشداری دەدات

یونیسێف هۆشداری دا لە زیادبوونی ترسناکی ژمارەی منداڵانی کوژراو لە دوای پەرەسەندنی ڕووبەڕووبوونەوەکان لەم هەفتەیەدا لە لوبنان.

ناوەندی هەواڵ

 

هێزەکانی ئیسرائیل لە ناوچە جیاجیاکانی لوبنان هێرشەکانیان بۆ سەر حزبوڵڵا چڕتر کردەوە، ئەمەش پێویستی بە وەڵامدانەوەی ئەو حزبە هەبوو لە هەڵکشانێکی بێوێنەدا لە سەرەتای دەستپێکردنی ئاڵوگۆڕی تەقە لە نێوان هەردوو لایەن لە دوای هەڵگیرسانی شەڕ لە کەرتی غەززە.

 

دوێنێ ٢٧ی ئەیلوول، سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان "یونیسێف" ئیدانەی پەرەسەندنی ڕووبەڕووبوونەوەکانی ئەم هەفتەیەی نێوان هێزەکانی ئیسرائیل و حزبوڵڵای لوبنانی کرد، دوای ئەوەی هەڵمەتەکان بووە هۆی گیانلەدەستدانی منداڵان بە ڕێژەیەکی ترسناک.

 

یونیسێف ڕوونیشیکردەوە، تێکڕای ڕۆژانەی ئەو منداڵانەی لەم هەفتەیەدا لە لوبنان کوژراون، زیاتر لە دوو ئەوەندەی ژمارەی ئەو منداڵانە بووە کە لە جەنگی وێرانکەری ساڵی ٢٠٠٦دا کوژراون، کە ٣٣ڕۆژی خایاندووە و لە ئەنجامدا هەزار و ٢٠٠ کەس گیانیان لەدەستدا.

 

نوێنەری ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لوبنان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، هێرشەکانی سەر لوبنان دەبنە هۆی کوژران و برینداربوونی منداڵان بە ڕێژەیەکی زۆر، هۆشداریدا لەوەی دۆخی لوبنان لە لێواری کۆتاییدا دەلەرزێت، و خەریکە دەگۆڕێت لە قەیرانێکەوە بۆ کارەساتێک.

 

بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی لوبنان، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان ٥٥٨ هاوڵاتی مەدەنی کوژراون کە ٥٠یان منداڵن.