نەسرین شاکەرەمی لەچاوپێکەوتن و پەیوەندی تەلەفۆنی قەدەغەکرا

ئایدا شاکەرەمی، کچی نەسرین شاکەرەمی قەدەغەکردنی دایکی لە پەیوەندی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتن ڕاگەیاند.

ناوەندی هەواڵ

 

ئایدا شاکەرەمی، خوشکی نیکا شاکەرەمی، یەکێک لە قوربانیانی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی"، ڕایگەیاند کە نەسرین شاکەرەمی دایکی، پەیوەندی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتنی لێ قەدەغە کراوە.

 

پێشتریش ڕایگەیاندبوو، نەسرین شاکەرەمی لەزیندانی کاتی وەزارەتی ئیتلاعات لە خوڕەم ئاباد لەژێر دەستبەسەریدایە.

 

ڕۆژی ١٦ی تشرینی یەکەم، نەسرین شاکەرەمی لە شاری خوڕەم ئاباد دەستبەسەر کرا و بە پێی لێدوانەکانی ئایدا شاکەرەمی، تا ئێستا ناوەندە ئەمنییەکان هۆکاری دەستبەسەرکردنی دایکی و ئەگەری تۆمەتەکانی بەرامبەری ڕوون نەکردۆتەوە.

 

هەروەها، دوای چەند کاتژمێرێک لە دەستگیرکردنی، هەژماری تایبەتی نەسرین شاکەرەمی لە ئینستاگرام بەردەست نەبوو.

 

ئەمە لە کاتێکدایە عەلی ئومێدی، پارێزەر، ڕۆژی ٢٠ی تشرینی یەکەم بەبێ ئەوەی وردەکارییەکانی بخاتەڕوو ڕایگەیاند، دیدارێکی لەگەڵ نەسرین شاکەرەمی هەبووە.

 

نەسرین شاکەرەمی دایکی داواکاری دادپەروەرییە کە کچەکەی بەناوی نیکا شاکەرەمی، لە کاتی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی" لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژرا.