نێرگس محەمەدی ئامادەبوونی لە دادگا ڕەتدەکاتەوە

نێرگس محەمەدی، چالاکوانی مافی ژنان و براوەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتیی، ئامادەبوونی لە دانیشتنێكی دادگاییكردنیدا ڕەتکردەوە، بەڵام بەبێ ئامادەبونی خۆی دانیشتنەکە لە لقی ٢٩ی دادگای شۆڕش لە تاران بەڕێوەچوو.

ناوەندی هەواڵ

 

لە پاش ئەوەی نێرگس محەمەدی ئامادەبوونی لە دانیشتنی دادگا ڕەتکردەوە، ئەمڕۆ مستەفا نیلی، پارێزەری نێرگس محەمەدی ڕایگەیاند، ڕۆژی شەممە بەبێ ئامادەبوونی بریکارەکەی، یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی لەسەر ئەو تۆمەتە نوێیانەی ئاڕاستەی کراوە، لە لقی ٢٩ی دادگای شۆڕش لە تاران بەڕێوەچوو.

 

پارێزەرەکەی ئاماژەی بەوەکرد، جارێکی تر نێرگس محەمەدی تۆمەتبار کراوە بە پڕوپاگەندە دژی دەوڵەت، ئەمەش لە پاش ئەوە دێت کە بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی لە مانگی ئاداردا کردووە، جگە لەوەش ئەو چالاکوانە لە مانگی ئادار و کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکاندا پەیامێکی دەنگی لە زیندانەوە بڵاوکردەوە و تیایدا "شەڕی بەرفراوان و تایبەتی دژی ژنان" لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە شەرمەزار کرد.

 

پێشتر لە ڕێگەی هەژماری ئینستاگرامەوە نێرگس محەمەدی هەڵوێستی بەرامبەر ئامادەبوونی لە دانیشتنی دادگادا ڕاگەیاندبوو، کە تەنها ئامادەی دانیشتنی دادگایەک دەبێت، کاتێک بەکراوەیی و بە ئامادەبوونی چالاکوانان بەڕێوەبچێت، داواکارییەکەشی بۆ ئەنجامدانی دادگایی کراوە، لەلایەن ٣٦ ژنی زیندانی سیاسی و ئایدۆلۆژیی لە زیندانی ئەوینەوە پشتیوانی لێ کرا.

 

لە ماوەکانی ڕابردوودا نێرگس محەمەدی بەهۆی ئاشکراکردنی دەستدێژی بۆسەر ژنانی دەستبەسەر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە سێ جاری دیکە دادگایی کراوە، دانیشتنی دادگای دوێنێش دەبێتە چوارەم دادگایی کردنی، بەهۆی ئەوەی توندوتیژی و دەستدرێژییەکانی ڕژێمی ئاشکرا کردووە.