نێرگس محەمەدی نەخۆشخانەی بەجێهێشت

نێرگس محەمەدی، داکۆکیکاری مافی مرۆڤی ئێرانی و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی دوای وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی لە نەخۆشخانە، گەڕاوەتەوە ماڵەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

دامەزراوەی نێرگس محەمەدی دەربارەی دوایین دۆخی تەندرووستی ناوبراو زیندانیی سیاسیی و چالاکوانی مافی مرۆڤی ئێرانی ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: نێرگس محەمەدی دوای ١٦ ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە دەرچوو، بەپێی بۆچوونی پزیشکانی دڵ و دەمار، هێشتا پێویستی بە چاودێری پزیشکی تایبەت هەیە و دەبێت بۆ ماوەی مانگێک لەژێر چاودێری پزیشکیدا بێت.

 

لەم نێوەندەدا بارودۆخی زیندانی سیاسی زەینەب جەلالیان سزادراو بە زیندانی هەتاهەتایی و وریشە مورادی سزدراو بە زیندانی قورس و پەخشان عەزیزی سزادراو بە سزای لەسێدارەدان لە دۆخێکی مەترسیداردا دەژین، کە بەرپرسانی زیندان چەندین جار ڕەتیانکردووەتەوە ئەو زیندانیانە بگوازنەوە بۆ ناوەندە پزیشکییە تایبەتەکان و پشکنینیان لەلایەن پزیشکانی دەرەوەی زیندانەوە بکەن.

 

هەروەها فاتمە سپێهری سەرەڕای تووشبوونی بە نەخۆشییەکانی دڵ و شەکرە هێشتا لە زیندانی وەکیل ئاباد لە شاری مەشهەد دەستبەسەرە و بنەماڵەکەی لە بارەی دۆخی جەستەیی ئەو کچە هۆشدارییان داوە، بە وتەی کەسوکاری ئەم زیندانییە سیاسییە، پێویستی بە چاودێری پزیشکی خێرا و چارەسەری تایبەت هەیە.

 

جێی ئاماژەیە، نێرگس محەمەدی چالاکوانی سیاسی و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ڕابردوودا لە مەشهەد لە کاتی پرسەی پارێزەر خوسرەو عەلیکوردی دەستگیرکرا و دواتر سزای زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا، ڕۆژی ١ـی ئایار لە زیندانی زەنجان دوای بێهۆشبوونی تووشی جەڵتەی دڵ بوو و بەپەلە گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی زەنجان، دواتر گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی تاران.