نێرگس محەمەدی بۆوەرگرتنی چارەسەری پزیشکی بۆ نەخۆشخانە گواسترایەوە

نێرگس محەمەدی، چالاکوانی مافی مرۆڤ و زیندانی سیاسی لە زیندانی ئەڤین بەمەبەستی چارەسەری پزیشکی گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ ٢٧ی تشرینی یەکەم، تەقی ڕەحمانی، هاوژینی نێرگس محەمەدی، چالاکوانی مافی مرۆڤ، براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی و زیندانی سیاسی زیندانیکراوی زیندانی ئەڤین، کە سەرەڕای خراپی باری جەستەیی ڕەوانەی ناوەندە پزیشکییەکان نەدەکرا، لەهەژماری تابەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تێلێگرام، ناردنی هاوژینەکەی بۆ نەخۆشخانە بڵاوکردەوە و نووسیویەتی: دواجار نێرگس محەمەدی دوای نزیکەی ٩ هەفتە دواکەوتن، بە پاڵپشتی چالاکوانانی مەدەنی و مافی مرۆڤ و لەژێر فشاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕاگەیاندنەکان ڕوانەی نەخۆشخانە کرا، ئەم دواکەوتنە ٩ هەفتەییە و ساڵانێکی دوورودرێژی زیندان، زیانی گەورەی بە تەندروستی و ژیانی نێرگس گەیاندووە، ئەمەش پێویستی بە ماوەی چارەسەرکردن و چارەسەری جددی هەیە.

 

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هاوزیندانییانی نێرگس محەمەدی کە بەدەست نەخۆشییەکانی دڵ و گرێی مەمک و ئازاری درێژخایەنی پشتەوە دەناڵێنێت، بە بڵاوکردنەوەی نامەیەک کە جەخت لەسەر "نەخۆشییە سەخت و بێشومارەکانی" کردووەتەوە، ڕایانگەیاندووە، جگە لە سێ نامە لەپزیشکی نەخۆشخانەکەوە، پسپۆڕ پزیشکی متمانەپێکراوی زیندانەکەش پشکنینی بۆ کرد و داوای کرد بەپەلە ڕەوانەی نەخۆشخانە بکرێت و سەرەڕای پێداگری سەرۆکی تەندروستی زیندانی ئەڤین بۆ ناردنی بۆ نەخۆشخانە، هێشتا بەرپرسانی زیندانی ئەڤین ڕێگرییان لە ناردنی  بۆ نەخۆشخانە کردووە و هۆکارەکەی بە "فەرمانی دامەزراوەکانی سەرەوە" ناوزەد کراوە.

 

لە کۆتاییدا جەختیان لەوە کردەوە، تەنها چاودێری پزیشکی و ناردنی هاوزیندانییەکەیان بۆوەگرتنی چارەسەی دەوێت، ئەمەش مەرجێکی یاساییەکە زیندان پابەندە بە جێبەجێکردنی.

 

نێرگس محەمەدی، زیندانی سیاسی زیندانیکراو لە زیندانی ئەڤین، دواجار لە ٨ی تەمووزدا بە دواکەوتنی مانگ و نیوێک ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا و سەرەڕای ئەوەی چەند مانگێکە پزیشکەکان پێداگرییان لەسەر ئەوە کردووە کە چارەسەری بۆ بکرێت، بەرپرسانی زیندان ئامادە نەبوون بیگوازنەوە بۆ نەخۆشخانە.