لە ماوەی پێنج ساڵدا یەمەن بەرزترین ڕێژەی تووشبوون بە نەخۆشی سورێژەی تۆمارکردووە

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداری داوە لە بەرزبوونەوەی بەرچاوی حاڵەتەکانی سورێژە و ڕوبێلا لە یەمەن لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣ و بەرزترین ڕێژەی ساڵانەی لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا تۆمار کردووە.

یەمەن  

 

ژمارەی تووشبووانی سورێژە لە ساڵی ڕابردوودا لە یەمەن گەیشتە نزیکەی ٥١.٥ هەزار حاڵەت، کە بە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٢ بە ڕێژەی ٪٩١ و بەراورد بە ساڵی ٢٠٢١ بە ڕێژەی ٪٤١.١٢ بەراورد بە ساڵی ٢٠١٩ بە ڕێژەی ٪٤٥.٧ زیادیکردووە.

 

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی نیگەرانی خۆی لە بەرزبوونەوەی ڕێژەی تووشبوون بە ڤایرۆسی سورێژە دەربڕیوە، بەتایبەتی لەنێو منداڵان و ژنانی دووگیاندا کە زۆرترین بەرکەوتووی تووشبوونیان هەیە و ڕاپۆرتیش دراوە کە نزیکەی ٪٢٧ی منداڵانی خوار تەمەنی یەک ساڵ لە یەمەن کوتانی سورێژەیان بۆ نەکراوە.

 

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، تێکچوونی ئابووری، کەمی داهات، ئاوارەبوون، کەمی ڕێژەی کوتان و کێشەی دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان هەموویان بەشداربوون لە زیادبوونی حاڵەتەکانی نەخۆشییەکانی وەک سورێژە کە بە کوتان دەتوانرێت ڕێگری لێبکرێت.

 

ڕێکخراوەکە لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاندووە، دۆخی تەندروستی لە یەمەن لە ڕادەبەدەر تێکچووە، بەو پێیەی سیستەمی چاودێری تەندروستی بەدەست فشارەوە دەناڵێنێت و ڕووبەڕووی ئاستەنگی بووەتەوە لە گەیشتن بە ملیۆنان منداڵ.

 

ناوبراو داوای کرد ڕێوشوێنی بەپەلە بۆ بەهێزکردنی هەوڵەکانی کوتان و باشترکردنی دۆخی تەندروستی گشتی لە یەمەن بگیرێتە بەر، لەوانە چڕکردنەوە و فراوانکردنی هەڵمەتەکانی کوتان، دابینکردنی ڤاکسین و کوتان بەبێ بەرامبەر لە سەرتاسەری وڵات، باشترکردنی بارودۆخی ژیان لە کەمپەکاندا بۆ کەمکردنەوەی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی، جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم ڕێوشوێنانە پێویستن بۆ کۆنترۆڵکردنی بڵاوبوونەوەی سورێژە و پاراستنی منداڵان و ژنانی دووگیان کە زۆرترین بەرکەوتەی تووشبوونیان هەیە.