نەخۆشی سكچوون و ڕشانەوە تەواوی قەڵادزێی گرتووەتەوە
چەند ڕۆژێكە نەخوشیی سكچوون و ڕشانەوە سنووری شارۆچكەی قەڵادزێی گرتووەتەوەو بەو هۆیەوە منداڵێكی ساوا گیانی لەدەستدا، وەزارەتی تەندروستی هەرێمیش گومان دەکات هۆکارەکەی ئاوی پیس بێت.

ناوەندی هەواڵ
بەھۆی ئەوەی کە زیاتر لە ھەفتەیەکە نەخۆشی سکچوون و ڕشانەوە لە قەڵادزێی ئیدارەی ڕاپەرین بڵاوبووەتەوە و تائێستا زیاتر لە ٤٦٠ کەس داخڵی نەخۆشخانەی گشتی شارۆچکەکە کراون، كە ٣٥٣ منداڵیان تێدایە، ئەمە جگە لەوەی کە لەنۆرینگەکان چارەسەریان وەرگرتووە.
بەو هۆیەوە ئەمڕۆ ٧ی شوبات وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێم سەردانی شارۆچکەکەی کردو ئاماژەی بەوەکرد کە ئەم نەخۆشییە نوێ نییە و یەکەمجار نییە کە لێرەوە سەری ھەڵدابێت، نەخۆشی سکچون و ڕشانەوە جۆرەھا سەرچاوە و ھۆکاری ھەیە، بۆیە بڕیاریانداوە بە ڕووپێوی زیاتری پشکنینەکانی تاقیگە بۆ نەخۆشان بۆ دۆزینەوەی ھۆکاری نەخۆشییەکە .
ئاشكراشیكرد، کە ئێستا دۆزینەوە و دەستنیشانکردنی سەرەتایی ھەیە، کە گومان دەکرێت ھۆکارەکەی سەرچاوەی ئاو بێت، بەڵام ھێشتا پشتڕاستکردنەوە و پشکنینی پێشکەوتووتری پێویستە لە وەزارەت و بەڕێوبەرایەتییەکانی تەندروستیی و ڕێکخراوی تەندروستی جیھانیی لەسەرھێڵ دەبن بۆ ئەوەی لە ڕۆژانی داھاتوو لێپرسینەوەی زیاتر بکرێت.