نەجات بیلکاسم: پەروەردە دوورمان دەخاتە لە جەنگ و ناخۆشی
نەجات بیلکاسم، وەزیری پێشوی خوێندنی باڵای فەڕەنسا سەردانی زانکۆی هەڵەبجەی کرد و دەربارەی ڕۆڵی ژنان لە پەروەردەدا گفتوگۆ کرا.
هەڵەبجە
بە ناونیشانی "ڕۆڵی ژنان لە پەروەردەدا" دوێنی سەرۆکایەتی زانکۆی هەڵەبجە سیمینارێکیان بۆ نەجات فلوت بیلکاسم، ڕاوێژکاری دووەم گەورەترین هەرێمی فەرەنسا بۆ کاروباری پاریزگاکان و سەرۆکی فاوندەیشنی وەن، سازکرد، تێیدا باس لە ڕۆڵ و کاریگەری ژنان لە بەڕێوەبردنی یەکە ئیدارییەکان کرد.
مهاباد کامیل، سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا باسی لەوەکرد بانگهێشتکردنی نەجات بیلکاسم بۆ زیاتر وەرگرتنی ئەزموونە لە وڵاتی فەرەنسا، تا زیاتر ژنان بتوانن لە ناوەندەکاندا جێگەی خۆیان بگرن، "بە مەبەستی دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ زانکۆکانی هەڵەبجە و فەرەنسا بانگهێشتی نەجات بیلکاسم کراوە، هەروەها بە گرنگیشی دەزانین سود لە ژنان ببینین لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە".
هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا نەجات بیلکاسم باسی لەوەکرد لە دوورەوە ناوی کوردستانی بیستووە، بەڵام ئێستا بە بینینی کوردستان خۆشحاڵە کە لە نزیکەوە ئاگاداری ژنانی کوردستان بێت، "مەبەستم زیاتر ئاگاداربوونی ژنان بوو، چونکە من تەنها وەزیر نیم، بەڵکو ژنم و داکۆکی لە مافی مرۆڤ و لە هەوڵدام خزمەتی ژنانی هەڵەبجە بکەم".
لە درێژەی سەردانەکەی وەزیری پێشووی خوێندنی باڵای فەرەنسادا سەردانى مۆنۆمێنتی شەهیدانیان کرد، ئاماژەی بەوەشدا پەروەردە و کلتور دەتوانێت دوورمان بخاتەوە لە جەنگ و ناخۆشیەکان.
نەجات بیلکاسم لە ساڵی ١٩٧٧ لە خێزانێکی هەژار لە مەغریب لەدایكبووە، خێزانەکەی سەرقاڵی کاری ئاژەڵداری بوون لەگەڵ باوکی کاری شوانی کردووە، دواتر خێزانەکەی ڕوویان لە فەڕەنسا کردووە، لەو وڵاتە خوێندنی تەواو کردووە.
نەجات لە ساڵی ٢٠٠٥ ژیانی سیاسی دەستپێکردووە و لە چەندین پلەدا کاری کردوو تا بووە بە وەزیری خوێندنی باڵا لە وڵاتەکەدا، ماوەی چەند ڕۆژێکە بە سەردانێکی فەرمی لە هەرێمی کوردستانە و ماوەی دوو ڕۆژ لە هەڵەبجە ماوەتەوە بە مەبەستی ئاگادار بوون لە بارودۆخی ژنان لە هەڵەبجە.
ت.پ