نەبوونی هاوسەنگی خێزان... چۆن هەوڵی ژنان لە بێدەنگیدا دەقۆزرێتەوە؟

ئەزمونی ژنانی کرێکاری وەک سارا مودەرس و ئاسودە سەڵاواتی ڕەنگدانەوەی فشارەکانی هاوسەنگکردنی کار و چاودێری خێزانە، دادپەروەری بەرپرسیارێتی بوونی نییەو بوونی ژنان دەقۆزرێتەوە.

ماریا قەدیمی

 

سنە- داتاکانی بەهاری ساڵی ٢٠٢٥ ئاشکرای دەکەن کە تەنها نزیکەی ١٤%ی ژنانی تەمەنی کارکردن چالاکانە بەشداری لە بازاڕی کاردا دەکەن، لەکاتێکدا، زیاتر لە ٩٠%یان قورسایی بەرپرسیارێتی ماڵ و خێزانی لە ئەستۆ دەگرن، ئەم نایەکسانییە ڕەنگدانەوەی ڕادەی ئەو فشارانەیە کە ژنان ڕووبەڕووی دەبنەوە لە ئەنجامی تێکەڵکردنی بەرپرسیارێتیەکانی کار و خێزان، و لە ئەنجامدا کات و وزەیان بەسەردا دێت.

 

بارودۆخی ئابووری سەخت وایکردووە زۆرێک لە ژنان بەبێ بیمە و بە موچەی کەم بچنە ناو بازاڕی کارەوە، لە هەمان کاتدا بەرپرسیارێتی چاودێریکردنی خێزان و ماڵەکانیان لە شان بگرن، ئەزمونەکانی سارا مودەرس و ئاسودە سەڵاواتی ئەم ڕاستیە ئاڵۆزە نیشان دەدەن، کە گەورەی ئاڵەنگاری هاوسەنگکردنی کاری پیشەیی و ئەرکەکانی ناوماڵ نیشان دەدات، کە ژیانی ژنانی ماندوو و ئاڵۆزتر کردووە.

 

"هەموو کاتەکانم بۆ کەسانی دیکە تەرخان دەکەم"

سارا مودەرس، ژنێک کە بەرپرسیارێتی کار و ماڵەوە تێکەڵ دەکات، باسی لەو ئاستەنگانە کرد، کە ڕۆژانە ڕووبەڕووی دەبێتەوە لە بەڕێوەبردنی کاتەکانیدا، وتی: لەبەر ئەوەی هەم لە ناوەوە و هەم لە دەرەوەی ماڵەوە کاردەکەم، هەست دەکەم هەموو وزەی خۆمم تەواو کردووە، زۆرجار خۆزگە دەخوازم کاتێک بۆ خۆم تەرخان بکەم، بۆ ئەوەی ئارام ببمەوە، هاوڕێیەک بناسم، بچمە سەیران، یان تەنانەت پەرتوکێک بخوێنمەوە، بەڵام بەرپرسیارێتییەکان لە توانای خۆم زیاترە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە هۆکاری ئەم فشارە لە نەبوونی هاوسەنگیدایە، زۆرێک لە پیاوان خۆیان لە هاوبەشکردنی بەرپرسیارێتیەکانی ماڵەوە بەدوور دەگرن، بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لە کارکردن لە دەرەوەی ماڵەوە ماندوو بوون، کاتێک دەگەڕێنەوە بەشداری لە چاودێری منداڵان یان کاری ماڵەوەدا ناکەن، چونکە بە ئەرکی "ژن"ی دەزانن، ئەمەش بارگرانی لەسەر ژنان زیاد دەکات و نادادپەروەری بەردەوام دەکات.

 

سارا مودەرس ئەزمونی خۆی لەگەڵ ئەو ئاڵەنگاریەکانی ڕۆژانە گێڕایەوە کە وەک دایکی کارکەر ڕووبەڕووی دەبێتەوە، وتی: چەندین جار هەوڵم داوە پێویستی خۆم بۆ پشودان بۆ هاوژینەکەم ڕوون بکەمەوە، دوور لە قەلەقی، بەڵام ئەو گوێی پێنادات، بەردەوام ئەرکەکان وەک دایک و ژنێک بیری مندەخاتەوە، ڕەخنەشم لێدەگرێت، چونکە بە بۆچوونی ئەو، هەموو ژنان هەمان ڕۆڵ بەرامبەر خێزان و منداڵەکانیان ئەنجام دەدەن.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ژنان باجێکی قورسیان داوە لە گەیشتن بە سەربەخۆیی، بەڵام هەڵەکە ئەوە بووە کە دایکایەتی و ماڵەوە وەک بەشێکی دانەبڕاو لە ڕۆڵەکەیان لەبەرچاو ئەگرن- ڕۆڵێک کە هیچ ماف و پێویستیەکیان پێنادات، وە ئەگەر بە باشترین شێوە ئەنجامی نەدەن، ئەوا تۆمەتبار دەکرێن بە خۆپەرستی.

 

ڕوونیشیکردەوە، دوای لەدایکبوونی دوو منداڵەکەم دەستم بە کارکردن کرد، منداڵی دووەمم منداڵی ساوا بوو و پێویستی بە چاودێری بەردەوام بوو، کاتێک لە ئۆفیس گەڕامەوە، هاوژینەکەم لەبری ئەوەی لە گەورەی بەرپرسیارێتی تێبگات، بە تۆمەتی دڕندەیی منی تۆمەتبار کرد و داوای کرد کە زیاتر گرنگی بە منداڵەکان بدەم، هەرچەندە نەیتوانی بژێوی ژیانی خۆی دابین بکات، بۆیە من ناچار بووم کار بکەم، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، وا مامەڵەی دەکرد کە مافی ڕەهای هەبێت هەرچی بیەوێت بیکات تەنها لەبەر ئەوەی پیاوە، دوای چەندین ساڵ لە ماندووبوون، هەموو داهات و وزەم بۆ خێزانەکەم خەرج کرد، هیچم بۆ خۆم نەهێشتەوە.

 

قسەکانی سارا مودەرس بە ڕوونی ڕەنگدانەوەی گەورەی ئەو فشارانەن کە هەم ژنانی کرێکار و هەم خاوەن ماڵەکان ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، فشارەکان کە بە پلەی یەکەم لە نەبوونی دابەشکردنی دادپەروەرانەی بەرپرسیارێتیەکان لەناو خێزان و لە پشتگوێخستنی پێداویستییەکانی ژنانەوە سەرچاوە دەگرن، ئەم ئەزمونە تایبەت نییە، بەڵکو زۆرێک لە ژنانی کرێکار هاوبەشن، هەریەکەیان بە شێوازی خۆیان هەوڵدەدەن ڕووبەڕووی ئەم ئاڵەنگاریە ڕۆژانەیە ببنەوە.

 

"پێویستە ژنان هەم خاوەن ماڵ بن و هەم داهاتیان هەبێت"

سەبارەت بە ئاستەنگەکانی بەردەم ژنانی کرێکار، ئاسودە سەڵاواتی، مامۆستا، وتی: کارکردن لەگەڵ ژنان هەستێکی هێز و خۆدەربڕینم پێدەبەخشێت، کاتێک کارەکانت خۆشدەوێت، ئەو وزە ئەرێنییە لە ڕۆح و جەستەتدا ڕەنگدەداتەوە، بەڵام لە نەبوونی یاسایەکی ڕوون کە کاری ژنان ڕێکدەخات، زۆرجار تووشی چەوساندنەوە دەبن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە ژنان هەم خاوەن ماڵ بن و هەم خاوەن داهات بن، ئەمەش هەموو بارگرانییەک دەخاتە سەر پیاوان، ژنان ناتوانن لەڕووی پیشەییەوە گەشە بکەن، مەگەر کارەکانی ماڵەوە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە دابەش نەکرێن و هاوکاری ڕاستەقینە لە نێوان هەردوو لایەنەکەدا هەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا، ڕێژەیەکی زۆر کەمی پیاوان ئەمە قبوڵ دەکەن، ئەوان هەموو شتێکیان دەوێت بۆ ئاسوودەیی خۆیان، هەروەها مامەڵە لەگەڵ ژنان دەکەن وەک ئامرازێک بۆ گەیشتن بەو ئاسوودەییە، بەبێ ئەوەی گرنگی بە پێداویستی و خواستەکانیان بدەن.

 

سەبارەت بە ئەزمونی تایبەتی خۆی باسی لەوە کرد، لە سەرەتای ژیانی هاوسەرگیرییەکەمەوە هەوڵمدا پەیوەندییەک لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتن و بەرژەوەندی هاوبەش دروستبکەم، تا ڕادەیەک توانیم ڕووبەڕووی هەندێک لایەنی نایەکسانی ببمەوە، بەڵام تا ئێستاش ناتوانم ئەو پێکهاتە کۆمەڵایەتییە بگۆڕم کە ژنانی کرێکار سنووردار دەکات و مافەکانیان لێ زەوت دەکات.

 

جەختیشی لەوە کردەوە، کە ئاڵەنگاریەکان نەک تەنها لە نۆرم و نەریتە چەسپاوەکانەوە سەرچاوە دەگرن، بەڵکو بە یاسای نادادپەروەرانە دژی ژنان بەهێزتر دەکرێن، کە فشارەکان لەسەریان زیاد دەکەن، بەڵام پێی وایە ژنان خاوەنی دەسەڵات و کاریگەری ڕاستەقینەن، وتی: کەهیچ پیاوێک، یان تەنانەت هەموو پیاوان، ناتوانن کۆنتڕۆڵی ژیانمان بکەن، چونکە بارگرانی ژیانی هاوبەش بە تەواوی دەکەوێتە سەر شانی ژنان و پیاوانیش ئاگاداری ئەم ڕاستییەن، تەنانەت ئەگەر دەری نەبڕن.

 

جەختیشی لەوە کردەوە، کە دەبێت ئاگادار بین و ڕێگە نەدەین بوونمان بقۆزرێنەوە بۆ خزمەتکردنی ئەوانی تر و بەدەستهێنانی ئاسوودەیی ئەوان، ئازادی پێویستی نییە، بەڵکو مافێکە کە دەبێت ئاگاداری بین و پێی بژین.

 

ڕوونیشیکردەوە، لە ڕابردوودا گوێڕایەڵی بە پێویستیەک دادەنرا کە شانازی پێوە بکەین، بەڵام ڕاستی ئەمڕۆ گۆڕاوە، نەوەی ئێستای ژنانی گەنج بە بوێریەوە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بەرز دەکەنەوە، پێویستە سوود لە ڕۆحی یاخیبوونیان وەربگرین و سەرلەنوێ بە چەمکەکانی گوێڕایەڵی و ملکەچبوون بچینەوە کە لە مێژە کۆت و بەندیان گرتووە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە قوربانی سیستەمێکی پیاوسالاری چەسپاو بووین کە دەیان ساڵە سوودی بۆ پیاوان گەیاندووە، لەکاتێکدا، ژنان لە سەرەتاییترین مافەکانیان بێبەشکراون، ئەوەی ئەمڕۆ پێویستمانە ئەوەیە کە لەم ژنەگەجانە فێربین چۆن ڕووبەڕوو ببینەوە، چۆن ڕەتیبکەینەوە و چۆن کۆت و بەندەکانی ئەو نەریتانە بشکێنین کە نایەکسانی و جیاکارییان بەردەوام کردووە.

 

ئاسودە سەڵاواتی، مامۆستا، لە کۆتایی قسەکانیدا، بە پەیامێک: بەرخۆدان بە وشەی "نا" دەست پێدەکات، بە متمانەوە لە بەرامبەر هەموو سزایەکی ناڕەوا و هەموو ساڵێک لە پەراوێزخستن دەوترێت، وە ئەمە ڕێگای دادپەروەری و یەکسانییە.