ناڕەزایەتییەکان لە باشوری کوردستان توێژە جیاوازەکان دەگرێتەوە

تا دێت ناڕەزایەتییەکان لە باشوری کوردستان دژی خراپی سیستمی حوکمڕانی و قەیران و گرفتەکانی هاوڵاتیان تەشەنە دەستێنێت و توێژە جیاوازەکان دەگرێتەوە، ئەمڕۆش لە چەندین ناوچە مامۆستایان، خوێندکاران، فرۆشیاران و شۆفێران بە جیاواز گردبوونەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

باشوری کوردستان ڕووبەڕووی قەیران و خراپی سیستمی حوکمڕانی دەبێتەوە، تا دێت دۆخی هاوڵاتیان لە ڕووی ئابورییەوە دادەبەزێت، لەگەڵ ئەوەشدا خوێندکارانی تازە دەرچووی پۆلی ١٢ بە داهاتوویەکی نادیارەوە داوادەکەن کێشەکانیان بۆ چارەسەر بکەن و لە زانکۆ حکومییەکاندا دابمەزرێن،

 

ئەمڕۆ لە شار و شارۆچکە جیاوازەکانی باشوری کوردستان هەریەک لە مامۆستایان، خوێندکاران، فرۆشیاران و شۆفێران گردبوونەوە و داوادەکەن کێشە و قەیرانەکان چارەسەر بکرێن.

 

گردبوونەوەی خوێندکارانی پۆلی ١٢ لە هەولێر و کۆیە

خوێندکارانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی دژی ئەنجامەکانی زانکۆلاین لە بەردەم بینایی وەزارەتى خوێندنى باڵا لە هەولێر و بەردەم بینایی زانکۆى کۆیە بۆ شەشەم ڕۆژە لە گردبوونەوە بەردەوامن، سەرباری بڕیاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کە هاتووە " ئەو خوێندکارانەى ناویان لە زانکۆ و پەیمانگاکان نەهاتووەتەوە ناوییان دێتەوە و کورسی خوێندنیان بۆ دابین دەکەین"، خوێدکاران جەختدەکەنەوە کە تا وەڵامی ڕاستیان نەدرێتەوە بەردەوام دەبن لە ناڕەزایەتی دەربڕین.

مامۆستایانی وانەبێژ و فەرمانبەرانی گرێبەست لە قەڵادزێ

هەر ئەمڕۆ لە بەردەم پەروەردەی پشدەر لە شارۆچکەی قەڵادزێ مامۆستایانی وانەبێژ گردبوونەوە و داوای دامەزراندن و کردن بە هەمیشەییان کرد، دووپاتیشیان کردەوە ئەگەر داواکانیان جێبەجێنەکرێت بەردەوام دەبن لە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن.

ژمارەیەکی زۆر لە فەرمانبەرانی گرێبەستی سنوری شارۆچکەی قەڵادزێ لە پارکی شاری یاری شارۆچکەکە گردبوونەوە و داوایان کرد کە لە فەرمانبەری گرێبەستەوە بکرێنە هەمیشەیی.

فەرمانبەرانی گرێبەست لە بینای ئیدارەی گەرمیان گردبوونەوە و ڕێگای سەرەکی کەلار-کفرییان داخست و بە دروشمی "تا نەکرێین بە هەمیشە بایکۆت دەکەین" تا بەردەم قائیمقامییەتی کەلار ڕێپێوانیان کرد و ڕێگەیان داخست، داواکاری بوون بە فەرمانبەری هەمیشەیی.

گردبوونەوەی دوکانداران و فرۆشیاران لە شاری هەولێر

دووكاندارانی بازاڕی داون تاون لە شارى هەولێر دژی گرانی كرێی دووكانەكانیان گردبوونەوە و شەقامی ناوبازاڕییان داخست، ئاماژەیان بەوەدا کە رووبەری دوکانەکانیان ٢٥ بۆ ٢٨ مەترە، بەڵام لەلایەن كۆمپانیای داون تاونەوە كرێی ٤٠ مەتریان لێوەردەگیرێت کە ١٠ دۆلارە، ئەو دووکاندارانە باسیان لەوەشکرد چوونەتە لای پارێزگار و قائیمقامی هەولێر بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانیان، بەڵام وەڵاممان نادەنەوە.

شۆفێرانی بارهەڵگر لە دەروازی سنوری پەرێزخان مانیانگرت

بەیانی ئەمڕۆ دووبارە شۆفێرانی بارهەڵگر کە ژمارەیان زیاتر لە ٢٠٠٠ شۆفێرە لە دەروازەی سنوری پەروێزخان لە سنوری ئیدارەی گەرمیان مانیانگرت و ڕێگەی بازرگانیان داخست، مانگرتنەکەشیان نزیکەی هەفتەیەکە بەردەوامە.

 

ئەو شۆفێرانە بەهۆی ئەو باجەی لێیان وەردەگیرێت ناڕەزایەتیان دەربڕی، وەک خۆیان دەڵێن ٢٥ هەزار بەناوی سۆنەر و ١٥ هەزار بەناوی باج و ١٨ هەزار دینار بەناوی پشکنینی کۆروناوە، لێیان وەردەگیرێت، دەشڵێن ئەو باجە زۆرە و تا لانەبرێت لە مانگرتن بەردەوام دەبن.

ت.پ