ناڕەزایەتی خانەنشینان لە شەش شاری ئێراندا بڵاوبووەوەو داوای ماف و ڕاگرتنی لەسێدارەدانیان کرد

نەخشەی ناڕەزایەتییە کرێکارییەکان لە ئێران فراوانتر بووە و شەش شاری گەورەی لەخۆ گرتووە، کە بە هەزاران خانەنشین بە ڕێپێوانی بەرفراوان ڕژانە سەر شەقامەکان بۆ شەرمەزارکردنی تێکچوونی بارودۆخی ژیان و خوازیاری ئازادکردنی دەستبەسەرکراوان و ڕاگرتنی لەسێدارەدان.

ناوەندی هەواڵ

 

ئێران بە هۆی هەڵاوسان و داڕمانی تمەنی ناوخۆییەوە شایەتحاڵی دابەزینی بەرچاوی بارودۆخی ژیانە، کەلێنی نێوان کرێ و تێچووی ژیان بەرەو فراوانبوون دەچێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە نرخی خۆراک بەرزبوونەوەی بێ وێنەیە و ئازاری ڕۆژانەی هاوڵاتیان قووڵتر دەبێتەوە و توڕەیی گشتی زیاتر دەکات.

 

کۆمەڵێک لە خانەنشینانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی لە شاری کرماشان ڕێپێوانێکی ناڕەزایەتییان بە خوازیاری باشترکردنی بارودۆخی ژیان و چاودێری تەندروستی ڕێکخست، دروشمی گرانی نرخەکان، هەڵاوسان، گەندەڵی کارگێڕی و دابەزینی خزمەتگوزارییەکانی پزیشکییان بەرزکردەوە و داوای دادپەروەرییان کرد، هەروەها لە دروشمەکاندا داوای ئازادکردنی کرێکارانی دەستبەسەرکراو، مامۆستایان و خۆپیشاندەرانی دیکەی لەخۆگرتبوو.

 

لە تاران، خانەنشینان بە دروشمی "یەکگرتووین لە دژی سزای لە سێدارەدان" ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بە سزای لەسێدارەدان، هاوکات لەگەڵ کۆبوونەوەیەکی دیکە لە شاری ئەهواز لە بەردەم بەڕێوبەرایەتی دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە خوزستان، لەوێدا بارودۆخی سەختی ژیان و نەدانی باجی داراییان شەرمەزارکرد و دروشم دژی هەژاری و گەندەڵی و سزای لەسێدارەدانیان دەوتەوە.

 

لە شاری ڕەشت خانەنشینان ڕێپێوانێکی سەر شەقامیان ئەنجامدا، بۆ جەختکردنەوە لەسەر یەکڕیزی، خۆپیشاندەران بانکارتی دژایەتیکردنی سزای لەسێدارەدانیان هەڵگرتبوو و پابەندبوونیان بە ناڕەزایەتی دەربڕین وەک ئامرازێک بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان دووپاتکردەوە.

 

لە شاری شوش، خانەنشینانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و کرێکارانی قامیشی ”هەفت تەپە”، ڕێپێوانێکی هاوبەشیان دژی هەڵاوسان، بێکاری، هەژاری بەربڵاو، بە تایبەتکردنی پەروەردە و چاودێری تەندروستی و پشتگوێخستنی چاودێری کۆمەڵایەتی ئەنجامدا، ئەوان لەگەڵ سەندیکا سەربەخۆکانی کرێکاران یەکیانگرت و دروشمی "نان، کار، ئازادی"یان دەوتەوە و دەستگیرکردن و لەسێدارەدانەکانیان شەرمەزارکرد.

 

هاوکات کرێکارانی خانەنشینکراوی پۆڵا لە ئیسفەهان لەبەردەم قایمقامیەت کۆبوونەوە و داوای بیمەی تەندروستی بێبەرامبەر و بەردەوام و دەستکاریکردنی دادپەروەرانەی موچە و خەرجکردنی دەستبەجێی پاشەکەوتیان کرد بۆ پڕکردنەوەی جیاوازی نێوان موچەی خانەنشینییان و موچەی فەرمانبەرانی ئێستا.

 

ئەم بزووتنەوەیانە وەک درێژکراوەی ناڕەزایەتییە دووبارەبووەکان هاتنە ئاراوە کە ڕەنگدانەوەی فراوانبوونی سەقفی داواکارییەکانی گەلان، کە لە لایەنی زیندوو و داراییەوە دەست پێدەکات تا دەگاتە بابەتی فراوانتری مافەکانی مرۆڤ و سیاسی و کۆمەڵایەتی، خۆپیشاندانەکان شەش شاری گەورەی تاران، کرماشان، شوش، ڕەشت، ئەهواز و ئیسفەهانی لەخۆ گرتبوو.