ناوەندی نیشتیمانی بۆ مافی مرۆڤ، ئاماری ساڵانەی بڵاوکردەوە

ناوەندی نیشتیمانی بۆ مافی مرۆڤ، کە کاری چاودێیریکردنی ڕەوشی مافی مرۆڤە لەناو خانەی چاکسازی گەورانی سلێمانی، بەشی گرتن و گواستنەوەی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی ژنان و منداڵانی سلێمانی، خانەی داڵدەدانی ژنان، ئاماری ساڵانەی بڵاوکردەوە

ناوەندی نیشتیمانی بۆ مافی مرۆڤ، کە کاری چاودێیریکردنی ڕەوشی مافی مرۆڤە لەناو خانەی چاکسازی گەورانی سلێمانی، بەشی گرتن و گواستنەوەی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی ژنان و منداڵانی سلێمانی، خانەی داڵدەدانی ژنان، ئاماری ساڵانەی بڵاوکردەوە

سلێمانی

 

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ناوەندی نیشتیمانی بۆ مافی مرۆڤ لە هۆتێل ڕامادا لە شاری سلێمانی ڕاپۆرتی پڕۆژەی "چاودێری ڕەوشی مافی مرۆڤ لە شاری سلێمانی" بۆ ساڵی ٢٠٢٠-٢٠٢١ بڵاوکردەوە.

 

کارمەند مەحمود، وتەبێژی ناوەندەکە ئامارەکانی خوێندەوە و ڕایگەیاند: پڕۆژەی چاودێری ڕەوشی مافی مرۆڤ لە ساری سلێمانی لە ساڵی ٢٠١٦وە بەردەوامە بە پاڵپشتی سندوقی نیشتیمانی بۆ دیموکراسی NED، مەبەست لە پڕۆژەکە چاودێیریکردنی ڕەوشی مافی مرۆڤە لە هەریەک "خانەی چاکسازی گەورانی سلێمانی، بەشی گرتن و گواستنەوەی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی ژنان و منداڵانی سلێمانی، خانەی داڵدەدانی ژنان"، ئەم پڕۆسەی چاودێریکردنەش لەڕێگەی چاوپێکەوتنی سزادراوان، ڕاگیراوان و کەیسەکان و بەدواداچوون بۆ گرفت و کێشەکانیان ئەنجامدراوە.

 

ئامارەکانی خانەی داڵدەدانی ژنان

خانەی داڵدەدانی ژنان، تایبەتە بە ئەو ژنانەی کە ڕووبەڕووی هەڕەشە دەبنەوە و لەمخانەیەدا داڵدە دەدرێن، بە تەنها لە ساڵی ٢٠٢١دا ٢٠٠ کەس سەردانی ئەم خانەیەیان کردووە، بەڵام لە ئێستادا کۆی گشتی داڵدەدراوان ٣١ کەسن، ٢٧ ژن و چوار منداڵ.

 

ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی ژنان و منداڵان

بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی ژنان و منداڵان، تایبەتە بە ژنانی سزادراوان، ئەو تۆمەتبارانەی کە تەمەنیان خوار هەژدە ساڵییە و لە قۆناغی لێکۆڵینەوە و دادگای کردندان و ئەو سزادراوانەی تەمەنیان خوار ١٨ ساڵە.

 

ئامارەکانی چاکسازی ژنان و منداڵانی سلێمانی ڕۆژانە گۆڕانکارییان بەسەر دێت و زیاد و کەم دەکات، لەبەرئەوەی نەوجەوانان و ئەوانەی لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدان بەشێکیان بە کەفالەت ئازاد دەکرێن یاخود سزاکەیان کەمە و ماوەی سزاکەیان تەواو دەکەن.

 

بەڵام لەوکاتەی ڕاپۆرتەکە ئامادەکراوە، کۆی گشتی ژنان و نەوجەوانانی خوار ١٨ ساڵ ٩٠ کەسن، ژنانی سەروو ٢٣ ساڵ ٤١ کەسن، نەوجەوانان ٤٩ کەسن کە بەم شێوەیە هەژمارکراوە:

 

گەنجانی پێگەیشتوو لە نێوان ١٨-٢٣ ساڵی ١٦ کەس، ١١ کوڕ، ٥ کچ بەڵام سزادراوی نەوجەوانی خوار ١٨ ساڵ ١٥ کوڕ و سفر کچ.

 

ئاماری بەشی گرتن و گواستنەوەی پۆلیسی سلێمانی

بەشی گرتن و گواستنەوەی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی کە تایبەتە بەو تۆمەتبارە ڕاگیراوانەی کە تەمەنیان لە سەروو ١٨ ساڵییەوەیە و دۆسییەکانیان لە لێکۆڵینەوەدایە، ژمارەکەیان بەمشێوەیەیە: ژمارەی ڕاگیراوان ٤٤١ کەسە، ٤٠٥ پیاو، ٣٦ ژن.

 

ئاماری خانەی چاکسازی گەوران

خانەی چاکسازی گەورانی سلێمانی، تایبەتە بەو سزادراوانەی لە ڕەگەزی نێرن و ٢٢ ساڵییان تەواو کردووە، بەمەبەستی تەواوکردنی سزاکەیان لەم بەشەدا دەمێننەوە، لە ئێستادا هەزار و ٢١٨ سزادراو تێیدا دەمێنێتەوە.

 

ڕاپۆرتەکە بە شێوەی پەرتوکێکی چاپکراو ئامادەکراوە و تێیدا کێشە و کەموکورتییەکان خراوەتەڕوو.

 

ت.پ