ناوەندەکانی دابەشکردنی یارمەتییەکان لە غەززە بۆتە بانگهێشتێک بۆ مردنی خەڵک

لە ئەنجامی بۆردوومانی ئیسرائیل بۆسەر چەندین ناوچەی غەزە، لانیکەم ١١ کەس کوژران و دەیان کەسیش برینداربوون.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ـەوە تا ئێستا بەهۆی شەڕی ئیسرائیل و حەماسەوە لە غەززە ٥٤ هەزار و ٧٧٢ کەس کوژران، ١٢٥ هەزار و ٨٣٤ کەسیش برینداربوون.

 

هەریەک لە سەرچاوە پزیشکییەکان و ئاژانسی هەواڵی فەلەستین WAFA ڕایگەیاند بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە هۆی بۆردوومان و تۆپبارانی ئیسرائیل بۆسەر غەزە ١١ کەس کوژران و ژمارەیەک خەڵکی مەدەنیش برینداربوون.

 

ئاژانسەکە لەسەر زمانی سەرچاوە پزیشکییەکان ڕایگەیاند، پێنج کەس کە دووانیان منداڵە، لە ئەنجامی بۆردوومانی فڕۆکی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیل بۆسەر جادری کۆچبەران لە ناوچەی ماواسی خان یونس کوژراون، هەروەها منداڵێکی دیکەش کە پێشتر بەهۆی بۆردوومانی سوپای ئیسرائیل بۆسەر خان یونس بریندارببوو، گیانی لەدەستدا.

 

هەروەها چوار فەلەستینی لە کاتی چاوەڕوانی وەرگرتنی یارمەتی لە خاڵێکی دابەشکردندا کوژران و ١٢٠ کەسی دیکەش بریندار بوون.

 

لە ئەنجامی تۆپبارانی سوپای ئیسرائیل بۆسەر نزیک ناوەندی دابەشکردنی یارمەتی لە ناوچەی نەتزارم لە ناوەڕاستی غەززەدا کەسێک کوژرا و یەکێکی تریش برینداربوو.