ناسنامەی ٣٢ قوربانیی فەرمانی ٧٤ ئاشکرا کرا
وەزارەتی تەندروستی و دەزگای بنەماڵەی شەهیدان و تیمی گۆڕە بەکۆمەڵەکان ناسنامەی ئەو ٣٢ قوربانییەی گوندی کۆچۆیان ڕاگەیاند کە لە ئەنجامی هێرشی چەتەکانی داعش کۆمەڵکوژ کران و ڕایانگەیاند کە بەم زووانە ڕادەستی کەسوکارەکانیان دەکرێن.
ناوەندی هەواڵ
زیکەی ١٠٠گۆڕی بەکۆمەڵ لە شەنگال هەیە، لە ساڵی ٢٠١٨ەوە تا ئێستا تەنها ٥٤ گۆڕی بەکۆمەڵ لە ئەنجامی ئەو کارانەی ئەنجام دراون کراونەتەوە. تەرمی زیاتر لە ٥٠٠ کەس کە لە ئەنجامی هێرشی دڕندانەی چەتەکانی داعش کوژران، لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان دەرهێنران، تا ئێستا ئێسکوپروسکی ٢٧٤ قوربانی ڕادەستی بنەماڵەکانیان کراوە و ئەوانی دیکەش لە سەنتەری پزیشکی دادوەری بەغدا ڕاگیراون.
ئەمڕۆ تیمی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و وەزارەتی تەندروستی و ڕێکخراوی بنەماڵەی شەهیدان ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و تیایدا ناسنامەی ٣٢ قوربانیی فەرمانی ساڵی ٢٠١٤یان ئاشکرا کرد.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە زۆربەی کەسە کوژراوەکان خەڵکی گوندی کۆچۆی سەر بە شەنگالن و لە ماوەیەکی کورتدا پاشماوەکانیان ڕادەستی بنەماڵەکانیان دەکرێتەوە.
شایانی باسە پێشتر پەیمانگای پزیشکی دادوەری عێراق ئێسکی قوربانیانی گوندی کۆچۆی بە کیسە گەیاندبووە دەست کەسوکارەکانیان.
کۆمەڵکوژی گوندی کۆچۆ: چی ڕوویدا؟
گوندی کۆچۆ دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی شەنگال و لەسەر سنووری وڵاتی عەرەبستانە لە کاتی هێرشەکەی ساڵی ٢٠١٤ بۆ سەر شەنگال، کۆچۆ بەهۆی دووری لە چیاکانەوە لە چوارچێوەی بازنەی چەتەکانی داعشدا ماوەتەوە، لە ١٥ی ئابی هەمان ساڵدا چەتەکان بە هەموو دڕندەییەکانیانەوە هێرشیان کردە سەر خەڵکی کۆچۆ و هەموو پیاوانی گوندەکەیان کوشت و کچ و ژنیان ڕفاند و تا ئەمڕۆش چارەنووسی سەدان کەسیان نادیارە، زۆرێک لەو ژنانەی خەڵکی گوندی کۆچۆ لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکانی قەسەدەو یەپەژە لە کاتی جیاوازدا ڕزگارکراون و ڕادەستی بنەماڵەکانیان کران.