ناساندن بۆ پەرتوکی "جەرگە گیان، دەقی ئەدەبی و کۆمەڵایەتی" کرا

لە شاری سلێمانی، لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ڕێکخراوی سی دی ئۆ، بە ئامادەبوونی بەشێک لە نووسەر و ڕۆشنبیرانی شارەکە، مەڕاسیمی ناساندنی پەرتوکی "جەرگە گیان، دەقی ئەدەبی و کۆمەڵایەتی" لە نوسینی شۆخ جەناب ڕەمزی ناسراو بە هەیبە فەیسەڵ بەڕێوەچوو.

سلێمانی

 

پاشنیوەڕۆی ٧ی تشرینی یەکەم، لە هۆڵی کۆنفرانسەکانی ڕێکخراوی سی دی ئۆ لە شاری سلێمانی، لە چوارچێوەی چالاکیەکانی ڕێکخراوەکە، بە ئامادەبوونی بەشێک لە نووسەر و  ڕۆشنبیر، مەراسیمی ناساندنی پەرتوکی "جەرگە گیان، دەقی ئەدەبی و کۆمەڵایەتی"، لە نووسینی شۆخ جەناب ڕەمزی ناسراو بە هەیبە فەیسەڵ بەڕێوەچوو، سەرەتا بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەست بە چالاکییەکە کرا، هەروەها لە کۆتایی مەراسیمەکەدا پەرتوکەکە بە واژۆی نووسەر بەخشرا بە ئامادەبووان.


هەیبە فەیسەڵ، نووسەر، خاوەنی پەڕتووکی " جەرگە گیان، دەقی ئەدەبی و کۆمەڵایەتی"، خوێندنەوەی بۆ پەرتوکەکەی کردو سەرەڕای دەربرینی سوپاس و پێزانین بۆ سەرجەم ئەو لایەنانەی هاوکار کردوون لە ئەنجامدانی چالاکییەکەدا، وتیشی: پەرتوکی " جەرگە گیان" خۆرێکە بێمنەت هەموو ڕۆژێک هەڵدێت و کوچە و کۆڵانەکانی سلێمانی ڕووناک دەکاتەوە، لە کۆتاییدا من جەرگەتان وەک ئامانەتییەک پێ دەسپێرم، هیوادارم خوێندنەوەی بۆ ئەنجامبدەن، بە کوردی پەتی نووسیینەکان نوسراونەتەوە، ئەو وێنانەی لە تەمەنێکی مێردمنداڵیدا نەخشاندوومن لە پەرتوکی جەرگەدا بوونی هەیە، جەرگە گیان لە خوێنەرێک بۆ خوێنەرێکی دیکە دەگۆڕدرێت، هەست بە گۆڕانکارییەکانی وشە و واتاکانی دەکات، هیوادارم خوێنەر بە وردی خوێندەوەی بۆ ئەنجام بدات. 

" ژنان خوێنەرێکی باشبن، نەوەیەکی تەندروست دروستدەبێت"

 شنۆ شێخ مەحمود شێخ حەفید، ئەندازیار باسی لە ڕۆڵی ژن بۆ بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگە لە ڕێگەی پەرتوک و نووسینەوە کردو وتی: ڕۆڵی ژن لە هەر بوارێکدا کاریگەری بەجێدەهێڵێت، ژنان ڕۆڵی گرنگ لە کۆمەڵگەدا بەجێدەهێڵن، لە ڕێگەی پەروەردە و پەرتوکەوە جیلێکی نوێ بونیاد دەنێت، بەبێ بوونی ژن کۆمەڵگە بەڕێوە ناچێت، ژنان ڕۆڵی یەکەمی ژیانن لە کۆمەڵگەدا، لە ئێستادا بەشێک لە ژنانمان لە ڕێگەی خوێندنەوەو نوەسیینەوە هەوڵی بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگە دەدەن، پێویستە ژنان لە ڕێگەی خوێندنەوەی پەرتوک و نووسینەکانەوە هەڵ بۆ بەهێزکردنی بیری خۆیان بدەن، هیوادارم ژنان هەوڵی زیاتر بۆ خوێندنەوە و نووسین بدەن، تا نەوەی داهاتووی کۆمەڵگە هۆشیار و تەندروست بێت.