نامەی ساکینە پەروانە لە زیندانی ئێڤینەوە: پێویستە بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان دەستی یەکبگرین

ساکینە پەروانە، زیندانی سیاسی کورد لە زیندانی ئێڤین، نامەیەکی بە بیرەوەرییەکانی خۆی لە سێدارەدانی چەند هاوزیندانییەکی لە ماوەی هەشت ساڵ زیندانییەکەیدا بڵاوکردەوە و نووسیویەتی: "پێویستە دەست یەکبگرین بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان".

ناوەندی هەواڵ - ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٨ی ئادار، ساکینە پەروانە، زیندانی سیاسی کورد لە زیندانی ئێڤین، یاداشتێکی لە کاردانەوە بە زیادبوونی سێدارە لە ئێران و دەرکردنی حوکم بۆ دوو هاوڕێی زیندانییەکەی، وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی، هەروەها پشتڕاستکردنەوەی حوکمی لە سێدارەدانی شەریفە محەمەدی لەلایەن دادگای باڵای ئێرانەوە بڵاوکردەوە، و نووسیویەتی: پێویستە دەست یەکبگرین بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان. گرنگ نییە ئەو کەسەی سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە لەسەر چ تاوانێکە یان چ ڕەگەزێک یان نەتەوەیەک بێت. بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان دەبێت بەرامبەر هەموو حوکمێکی لەسێدارەدان بوەستینەوە. دەبێت پێکەوە شانبەشانی بنەماڵەی سزادراوان، بەبێ گوێدانە تاوانەکەیان و بە یەک دەنگ هاوار بکەین "نا بۆ سزای لەسێدارەدان"،بوەستینەوە.

دەقی تەواوی نامەکەی ساکینە پەروانە بەم شێوەیەیە:

من ساکینە پەروانە زیندانییەکی سیاسی کە نزیکەی هەشت ساڵی تەمەنم لە زیندانە جۆراوجۆرەکانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ زیندانیان بە تاوانی جۆراوجۆر بەسەر بردووە، چیرۆکێکم بۆ ئێوە هەیە سەبارەت بە جێبەجێکردنی حوکمی لە سێدارەدان و ئەو کاریگەرییانەی کە دەتوانێت بۆ ساڵانی داهاتوو لەسەر کەسانی دەوروبەر و ناسیاوەکانی کەسی سزادراو هەیبێ.

بەدرێژایی ساڵان لەگەڵ چەندین کەسدا ژیاوم کە بە تۆمەتی سیاسی و ناسیاسی سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە و بەشێکی زۆریان بێتاوان دەرچوون و زۆر کەسی دیکەش هێشتا لە زینداندان یان بەرگەی سێبەری لەسێدارەدان دەگرن.

زیندانییەک کە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە، بەو چاوەڕوانییە بەردەوامە دەژی کە بانگهێشت بکرێت بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی. هەر جارێک لە دەرەوەی زیندان بۆ شتێک بانگ دەکرێت، پەتەکەی ملی دەبینێت. ئەگەر چەند خولەکێک دواتر لە ئاسایی بگەڕێتەوە بۆ زیندان، هاوڕێ زیندانییەکانی وا گریمانە دەکەن کە ڕەنگە نەگەڕێتەوە و گواستراوەتەوە بۆ تێپەڕاندنی سزاکەی.

سزای لە سێدارەدان سزایەکە کە پێویستە ڕابگیرێت تەنانەت بۆ کەسێک کە لە ڕاستیدا تاوانێکی ئەنجامداوە. سزای لەسێدارەدان هەرگیز ڕێگری نەبووە. بەڵام ئەو حکومەتانەی کە گەندەڵن و شەرعیەتیان نییە، بە کەڵک وەرگرتن لە سزای لەسێدارەدان و دەرخستنی شەرعی، بە ئاسانی نەیارانی سیاسی خۆیان لەناو دەبەن. وەک لە ئێراندا دەبینین ساڵانە هەزاران کەس بە تۆمەتی جۆراوجۆری ناسیاسی دەکوژرێن و زیندانی دەکرێن، ئەمەش ڕێ بۆ کوشتنی نەیارانی سیاسی خۆش دەکات.

ئێستا لە بەشی ژنانی زیندانی ئێڤین لەگەڵ دوو زیندانی کە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە، زیندانیم. وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی کە بە هۆی دروستکردنی سیناریۆ بۆ ڕژیم ڕووبەڕووی سزای لەسێدارەدان بوونەتەوە.

 

لەم دواییانەدا حوکمی پەخشان عەزیزی، شەریفە محەممەدی، مێهدی حەسەنی و بێهرووز ئیحسانی لە لایەن دادگای باڵایشەوە پشتڕاستکرایەوە و زۆر کەسی دیکەش وەک محەمەد جەواد وەفایی-سانی لە هەر ساتێکدا مەترسییان لەسەرە.

 

بیستنی ئەم هەواڵە شۆککەرە بیرەوەرییەکانی ژیان لەگەڵ ئەو ژنانەی کە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرابووەوە بۆ هێنایەوە.

 

ساڵی ڕابردوو پێش ئەوەی بگوازرێتەوە بۆ ئێڤین، یەکێک لە هاوڕێ زیندانییەکانم بە ناوی مونیرە نووریە (ژنێکی نزیکەی ٣٠ ساڵ) دوای تێپەڕاندنی نزیکەی چوار ساڵ لە زیندان ئازاد بوو. مونیرە بە تاوانی کوشتن تۆمەتبار کراوە و "پێویستە" سزا بدرێت. بەڵام بۆچی لە سێدارەدان؟ ئایا ئەمە بەو مانایەیە کە کۆماری ئیسلامی ناتوانێ ئەو کەسانەی تاوانبارن بەبێ کوشتنیان دادگایی بکات و سزای بدات؟ مونیرە لە مانگەکانی کۆتایی ژیانیدا هەوڵیدا ڕەزامەندی لە بنەماڵەی شاکیر وەربگرێت، بەڵام بەهۆی ئەو سەرپێچییە بچووکانەی کە لە زیندان ئەنجامیدا، مافی پەیوەندیکردنی لێسەندرایەوە و دواجار کۆتاییەکەی بەبێ ئەوەی بتوانێت پەیوەندی بە شاکیرەوە بکات.

مەحبووبە ڕۆشندەل هێشتا تەمەنی ٣٠ ساڵ نەبوو، بەیانییەک لە ئەیلولی٢٠٢٣،لە کاتێکدا زمانی لە ترسەوە بەسترابوو و ملی پێچاوپێچ و قفڵ بوو، لە بەشی یەکەمی زیندانی وەکیل ئاباد لە مەشهەدەوە ڕاکێشرا بۆ شوێنی لەسێدارەدان.

 

دوای ڕۆیشتنی مونیرە و مەحبوبە، دوو نموونەی ئەم دواییەی دەیان ئەزموونی ژیانم لەگەڵ زیندانیانی سزای لەسێدارەدان، فشاری گەورە لەسەر هەموومان دانرا، کە کاریگەرییەکانی هەرگیز لە مێشکماندا نەسڕاوەتەوە و خشتێکی دیکەش بۆ دیواری بەرزی توڕەیی و ناڕەزاییمان بەرامبەر بەو حکومەتە ستەمکارانە زیادکرا کە بە سەرکوتکردن و کوشتنی خەڵک دەسەڵاتی خۆیان دەپارێزن.

پێویستە دەستی یەکبگرین بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان. گرنگ نییە ئەو کەسەی سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە لەسەر چ تاوانێکە یان چ ڕەگەزێک یان نەتەوەیەک بێت. بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان دەبێت بەرامبەر هەموو حوکمێکی لەسێدارەدان بوەستینەوە. پێویستە پێکەوە و بە یەک دەنگ، شانبەشانی بنەماڵەی سزادراوان، بەبێ گوێدانە تاوانەکەیان، هاوار بکەین "نا بۆ سزای لەسێدارەدان".

 

کاتێک کەسێک سزای لەسێدارەدانی لەسەرە، ناپرسین چی کردووە؟ لەبری ئەم پرسیارە یەکدەگرین لە داوای هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان.