ناگیهان ئاکارسەل، خاوەن ژیانێکی پڕ لە تێکۆشان
تێکۆشەر ناگیهان ئاکارسەل، پرەنسیپی ئازادیی ژنی لە فکر و ژیانی خۆیدا بەرجەستەکرد و هەتا شەهیدیش بوو، دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" کردبووە بەیداغی تێکۆشان دژی ئەقڵییەتی پیاوسالاری.
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2022/10/20221007-20221007-jinha-portre-nagihan-akarsel-jpg78ecfc-image-jpgf9b340-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
ناگیهان ئاکارسەل ناسراو بە هەڤاڵ "زیلان"، تێکۆشەرو نووسەرو ڕۆژنامەنووس، ساڵی ١٩٧٦ لە گوندی خێلیکانی سەر بە شارۆچکەی گولیازی شاری قۆنیەی تورکیا لەدایکبووە، تەمەنی منداڵی لە سروشت و دەشتە فراوانەکانی گوند-دا بەسەربردووە، بۆیە هەمیشە باسی لە یادگاری و بەسەرهاتەکانی کردووە، لە وتەکانیدا ئازادیی و جوانییەکانی سروشت هەستی پێدەکرا، لەمنداڵیدا زۆر ئارەزووی و چیرۆکەکانی ژنانی کردووە، هەرچەندە ژیانی لە کۆمەڵگەیەکی باوکسالارانەدا بوو، بەڵام پەیوەندیی لەگەڵ باوکی هاوڕێیانە بووە.
بەهۆی کلتور و ئەو بیروباوەڕانەی لە گوندەکەیاندا هەیانبووە، پیرۆز سەیرکردنی خۆر و ئاگر و گەنم، وەک ئەوەی لە ئاینەکانی عەلەوی و ئێزدییەکاندا هەن، ئەوەش بووەتە هۆی دروستکردنی خۆشەویستییەکی زۆر لە ناخیدا بۆ ناوچەکانی دێرسیم و شەنگال.
ناگیهان قۆناغەکانی خوێندنی بەسەرکەوتوویی لە زێدی لەدایکبوونی تەواو دەکات و یەکەم چوونە دەرەوەی لە گوندەکەی بۆ زانکۆ بووە، لە زانکۆی گازی لە شاری ئەنقەرە لە بەشی ڕاگەیاندن وەردەگیرێت، بەڵام ژیانی شار و دیمەنی سەرمایەداریی هەستی بێزاریی و تەنهایی لەلا دروستدەکەن، بۆیە هەوڵدەدات لە شوێنێک ئارامیی و هەستکردن بە پێکەوەژیان بدۆزێتەوە، هەربۆیە بەشداری یەکێتی گەنجانی کوردستان دەبێت.
ناگیهان ئاکارسەل دەستی بە خەبات و تێکۆشان کرد
بەهۆی فکر و بۆچوون و چالاکییەکانی لە سەردەمی ژیانی زانکۆیدا، ساڵی ٢٠٠١ تا ٢٠٠٧ زیندانی دەکرێت، دوای ئازادکردنی لە زیندان، لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٨-٢٠١٤ لە ئاژانسی هەواڵی دیجلە "DIHA" وەک هەواڵساز و پەیامنێر کاردەکات، هەروەها بەمەستی قوڵبوونەوە و زیاتر ڕۆچوون لە پرسی ژن و گرنگی ئازادیی ژن لەم پرۆسەیەدا کۆرسەکانی بەشی خوێندنی ژنان لە زانکۆی حاجەتەپە وەردەگرێت.
ڕۆژنامەنووسێکی بەتواناو بوێر بوو
لە دامەزراندنی یەکەمین ئاژانسی ژنان "ژنها" جێدەگرێت و کاردەکات، لە پێشخستنی ڕاگەیاندنی ژنان زۆر هەوڵدان و تێکۆشان دەکات، ساڵانێک وەک پەیامنێر و هەواڵساز لە چاپەمەنی کوردیدا کاری کردووە، لەپێناو پەرەدان بە ڕۆژنامەوانی ژنان لەو شوێنانەی کاری تێدا کردوون، تێکۆشەر و مامۆستا و هاوڕێی نزیکی هەمووان بووە، هەربۆیە تەنها لە چوارچێوەی ژنانی کورد نامێنێتەوە و ئاشنایەتی لەگەڵ ژنانی سەرجەم نەتەوەکانی دیکەی تورکیا پەیدا دەکات.
ژنۆلۆژی کە ڕێبەر ئاپۆ، لە ئاستی باڵادا، چ لە ڕووی ئەکادیمی و چ لە ڕووی دامەزراوەییەوە، گرنگییەکی زۆری پێدەدات، کاتێک پرۆسەی بەدامەزراوەییکردنی ژنۆلۆژی دەستپێدەکات ناگیهان ئاکارسەل بەشداری لە خوێندنەکانی ئەکادیمیایاکەدا دەکات، لە کاتی پڕۆسەی دامەزراندنی گۆڤاری ژنۆلۆژیشدا زۆر هەوڵیداوە، ئهندامی دهستهی سهرنووسهرانی گۆڤارهكهیه و بهردهوامیش به بابهتهكانی گۆڤارەکەی دەوڵەمەندتر کردووە، لە باکوور و باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان خەباتی پەروەردەیی ژنانی ئەنجامداوە، بەهەزاران کەسی پەروەردە کردووە و نووسینەکانی لە زۆربەی گۆڤار و ڕۆژنامەکاندا بڵاوکردووەتەوە.
دوای ساڵی ٢٠١٨ بەردەوام بوو لە بڵاوکردنەوەی توێژینەوە کۆمەڵناسییەکانی لەسەر عەفرین و شەنگال، جگە لەوەش عاشقی فەرهەنگی هەورامان و خۆڕاگری ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە و هەوڵیداوە لەو بوارانەدا لێکۆڵینەوە بکات.
ساڵی ٢٠١٩ تا ساتی شەهیدبوونی لە باشوور بۆ پێشخستنی ژنۆلۆژی بێ وچان کاریکرد، سەرباری ئەوەی سۆرانی بەباشی نەدەزانی بەڵام زمانی نەکردە ئاستەنگ و بەدەیان کۆڕ و سیمینار و پەروەردەی بەڕێوە بردووە، بۆ ئاشناکردنی گەنجان بە ژنۆلۆژی و سروستی کوردستان گەشتی ژنۆلۆژی بەڕێوەدەبرد.
دەیویست مێژووی ژنانی باشور بنوسێتەوە
لە دوو ساڵی ڕابردوودا بۆ کۆکردنەوە و ئەرشیفکردنی کلتوری زارەکی و لێکۆڵینەوەی ژنان لە کوردستاندا و دروستکردنی ڕێکخراوێک کە بتوانێت پێشەنگایەتیی ڕۆشنبیریی ژنان بکات بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە کاری دەکرد، خاوەنی بیرۆکەی دامەزراندنی ناوهندی کتێبخانه و ئهرشیف و لێکۆڵینهوهی ژنانی کوردە، سەرەڕای هەموو ئاستەنگ و سەختییەکان، بڕوای بەوەبوو کە شۆڕشی باشوور شۆڕشی ژنان دەبێت.
گەورەترین ئاواتی ئەوەبوو ڕۆمانێک لەبارەی ژیاننامەی خۆی و پەیداکردنی ئاشناییەتی لەگەڵ فکری ڕێبەر ئاپۆ بنوسێت، بەڵام پێش ئەوەی بتوانێت تەواوی بکات، لە ڕۆژی ٤ی تشرینی یەکەم لە گەڕەکی بەختیاری شاری سلێمانی شەهید کرا.