نا بۆ لەسێدارەدان؛ لە توڕەیی بەکۆمەڵەوە بۆ یەکگرتوویی ژنان

لەگەڵ پشتڕاستکردنەوەی سزای لەسێدارەدان بەسەر زیندانییە سیاسییە ژنەکاندا، ژنان توڕەیی خۆیان دەربڕی و جەختیان لەوە کردەوە، کە درێژەدان بە خەبات تاکە ڕێگایە بۆ پاراستنی میراسی پەخشان عەزیزی، شەریفە محەمەدی، وریشە مورادی و ئەوانی دیکە.

سایە موحیبی

 

مهاباد- هەرچەندە مافی ژیان بنەمایەکی بنەڕەتی مافی مرۆڤە، بەڵام سزای لەسێدارەدان بۆ دەیان ساڵە لەلایەن حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ئامرازی سەرکوتکردن بووە، ئەم ئامرازە لە ڕێگەی لەسێدارەدان و تەنانەت تەقەکردن لە دادگا بێناوبانگەکاندا بۆ هاوڵاتیان و بە تایبەت نەیارانی ڕژێمی ئیسلامی لە وڵاتدا جێبەجێ دەکرێت.

 

لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆڕشی "ژن ژیان ئازادی" و ناڕەزایەتییەکان دژی کوشتنی جینا ئەمینی لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە، ژنانی تووشی سزای توندتر و ئامانجدارتر کرد، کە لە زیندووەوە بۆ زیندانی تاکەکەسی گۆڕا، فشارەکان لەسەر ژنان و خەباتەکانیان توندتر بوو، ئەمەش بووە هۆی پشتڕاستکردنەوەی سزای لەسێدارەدانی شەریفە محەمەدی و پەخشان عەزیزی، ئەم ڕێوشوێنانە توڕەی و ناڕەزای گشتی بەرامبەر بە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران زیاتر کرد، بە پێچەوانەوە ژنان لە سەرانسەری جیهانەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان و داوای دادپەروەری و دیموکراتی لە ئێران شۆڕشیانکرد.

 

"خەباتی ژنان و بناغە لاوازەکانی ڕژێمی ئێران"

لەگەڵ سەرهەڵدانی ئەم سیستەمی ئیسلامی بۆ سەر دەسەڵات، خەباتی ژنان لە چین و توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگە فۆرمێکی دیکەی وەرگرت، ژنان لە پێناو مافەکانی خۆیان خەباتیان کرد، سەلماندی کە ڕێگای ڕزگاری کۆمەڵایەتی پەیوەستە بە ڕزگاری ژنەوە.

 

مەهواش. ک.، خوێندکاری زانکۆی تاران، ئاماژەی بە وێنەیەکی گروپی هاوپۆلەکانی پێش بەناو "شۆڕش"ی ساڵی ١٩٧٩ کرد، وتی: ئێمەی ژنان یەکەمین قوربانی شۆڕشی ١٩٧٩ بووین، زۆربەی هاوڕێکانم لەم وێنەیەدا یان کۆچیان کرد، یان زیندانی کران، یان کوژران، بەڵام خەباتی تاکەکەسییەکانیان پایەکانی دەسەڵاتی لاواز کرد و کێشەیەکی هاوشێوە لە دوای ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ٢٠٢٢ ڕوویدا و بە شێوەیەکی بەرفراوانتر کاریگەری لەسەر ژنان هەبوو.

 

وتیشی: ئەمڕۆ دەبێت دەسەڵاتدارانی ئێران ئاگاداری تووڕەی ئەم ژنانە بن، تووڕەییەک کە لەگەڵ دەرکردنی سزای لەسێدارەدان یان زیندانی درێژخایەن زیاتر دەبێت، ئەو ژنانەی ئێستا ژیانیان لە مەترسیدایە ژیانی ئێمەن و ئێمەش ئەو کەسانەین کە لە مەیدانی جەنگدا بووین، ئەوەی دەسەڵاتداران دەیکەن چەوساندنەوەی کۆمەڵگەیە و دەبێت ژنان لە خۆیان بپرسن دەنگدانەوەی ئەم توڕەییە تا چ ڕادەیەک دەگات؟

 

"نا بۆ لەسێدارەدان"

زۆرێک لە ژنان ناڕەزایەتی دەردەبڕن لە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان و دژایەتی هەموو جۆرە لەسێدارەدانێک دەکەن، زۆرێک لەوانە پێیان وایە کە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە مانەوەی خۆیدا ڕووبەڕووی دووڕیانێک بووەتەوە و ئەمەش وای لێکردون پەیوەندی بە شەڕی ژنانەوە بکەن.

 

شیدا م، کە لە خێزانی یەکێک لە دەستگیرکراوەکانی شۆڕشی ساڵی ١٩٨٠ ی مهاباد، وتی: دەسەڵاتداران هەوڵ دەدەن ڕێگری لە ژنان بکەن لە ناڕەزایەتیەکانیاندا، ئێمە دەچینە سێهەمین ساڵی خەباتمان، لە ساڵی ٢٠٢٢شۆڕش سەریهەڵدا و لە هەمان کاتیشدا هەواڵی پشتڕاستکردنەوەی سزای لەسێدارەدان بۆ ژنانی چالاکوانان دەبیستین.

 

جەختیشی لەوە کردەوە، کە ئەم ژنانە بە درێژای تەمەنیان لە دژی ئەو سزایانە شەڕیان کردوە، کاتێک توێژەرێکی کۆمەڵایەتی، چالاکوانێکی کرێکاری و چالاکوانێکی مافی ژنان سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە، ترسی خۆیان تەنانەت لە قژی ژنانیش دەردەبڕن، دەبێ باوەڕیان پێ بکرێت کە 'نا بۆ سزای لەسێدارەدان' دروشم نییە، بەڵکو بەشێکە لە ژیانمان و ئێمە خەباتی بۆ دەکەین، خەباتی ژنان ناوەستێت و دەبێت بە زووترین کات کۆتای بەم سزا بێ ئەخلاقی و نامرۆڤانە بهێنرێت”.

 

"خەبات بەردەوامە..."

سەرەڕای فشاری بەربڵاوی دەسەڵاتداران و کۆمەڵگەیەکی پیاوسالاری، ژنان درێژەیان بە خەبات و ناڕەزایەتییەکانیان داوە، زۆر کەس هەوڵەکان بۆ ڕاگرتنی لەسێدارەدانی ژنانی زیندانیانی سیاسی بە یەکێک لە گرنگترین لایەنەکانی خەباتی جیهانی ژنان دەزانن.

 

دڵنیا.ع، خوێندکاری یاسا وتی: خەبات هەرگیز کۆتای نایەت، وە لە نەوەی ئێمەدا ژنانی چالاکوانان وەک پەخشان عەزیزی، وریشە مورادی، شەریفە محەمەدی، و زەینەب جەلالیان زیاترن، هەروەها ژیان و خەباتەکانمان دەرئەنجام و بەردەوامی خەباتەکانیانە، هەموو ڕۆژێک زیاتر ئیرادەتر دەبم، و ئاڵەنگاری سیستەمی پیاوسالاری بووەتە بەشێک لە ژیانی هەموو ئێمەی ژنان.

 

ئاماژەی بەوەدا، کە هیچ یاسایەک نییە خەبات بۆ ژیانی ئازاد بە تاوان بزانێت، ئەو ژنانە زیندانی کراون لەبەر ئەوەی ژنن و دژی ناداد پەروەریەی کۆمەڵگە شەڕیان کردوە، ئێمەی ژنانی ئەم کۆمەڵگەیە پشتیوانییان دەکەین و دەنگی ئەوان دەبین، ئەم دەنگە لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتییەکی ژناندا سنوور و نەتەوەکانی تێپەڕاندووە و ئەمڕۆ زۆرینەی جیهان پشتیوانی لە پەخشان عەزیزی و شەریفە محەمەدی و وریشە مورادی دەکەن.