یادی سێ ژنی شەهیدی خەباتکاری ڕۆژئاوای کوردستان کرایەوە
لە شاری سلێمانی بۆ یادکردنەوە و بەرزڕاگرتنی سێ ژنە شەهیدی خەباتکاری کوردی ڕۆژئاوای کوردستان کۆڕێک سازکرا، کە لە ساڵی ٢٠٢٠ لە ڕێگەی هێرشی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکیاوە شەهیدبوون.
سلێمانی
ئێوارەی دوێنێ لە شاری سلێمانی لە ئۆفیسی نوێنەرایەتیی پارتی یەکێتی دیموکرات " پەیەدە " کۆڕێک بۆ یادکردنەوەی سێ ژنی خەباتکاری کوردی ڕۆژئاوای کوردستان سازکرا بە ناوی " دایکی ئامینە وەیسی، زەهرا بەرکەس و هەبوون مەلا خەلیل " کە لە ٢٣ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٠ لە بۆردوومانێکی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیە شەهیدبوون.
ژمارەیەک لە ژنانی باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان بەشداری کۆڕەکەبوون، و یادکردنەوەکە کە بە دەقەیەک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد، و پاشان لێمان شەویش نوێنەری کۆنگرەی ستار لە باشووری کوردستان وتارێکی پێشکەشکرد و وتی: لە دووەمین ساڵیادی ئەو ژنە شۆڕشگێڕانەدا ئێمە یادیان بەرز ڕادەگرین، ئەوان لە شەڕێکی زۆر سەختی داعش دەرباز ببوون، خەبات و تێکۆشانیان دەکرد بۆ ئازادیی کۆمەڵگە و ژنان، ڕووبەرووی ئەو مەترسی و هێرشانە دەبوونەوە کە لەسەر ژنان هەبوون بەڵام بەهۆی هێرشی دەوڵەتی تورکیاوە شەهید بوون و کرانە ئامانج چونکە دەیانەوێت ڕێگری لە خەبات و تێکۆشانی ژنان بکەن تا ژنان نەتوانن پشت بەخۆیان ببەستن، بەڵام ئەرکی ئێمەیە بەردەوامی بە ڕێبازەکەیان بدەین.
دواتر بانو هەڵەبجەیی، ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان وتارێکی پێشکەشکرد و وتی: ژنان لەسەر فکرەی ڕێبەر ئاپۆ هۆشیاربوونەتەوە و پێشەنگایەتی شۆڕشێک دەکەن و گەورەترین ڕێکخراوی تیرۆرستی وەک داعش بە چۆکدا دەهێنن، شۆڕشەکانی پێشین نەیانتوانییوە وەک پێویست شوێنی خۆیان بگرن و ڕووبەڕووی پلانی وڵاتانی زلهێز ببنەوە، بەڵام ئێستا گەلی کورد لەسەر فکرەی ئازاد و ژنی ئازاد سەربەرزە و خەباتی خۆی بەردەوامی پێداوە و پێشەنگایەتی ژنانی هەموو جیهان دەکەن.
لە دواتردا لەلایەن دایکانی شەهیدانی ڕۆژئاوای کوردستانەوە مۆم لەسەر وێنەی هەرسێ ژنە شەهید داگیرسێندرا و فیلمێکی دۆکیومێنتاریش نیشاندرا لەسەر خەبات و تێکۆشانی ئەو سێ ژنە شۆڕشگێڕە.