مەرسدە کایدی: دەوڵەتی تورکیا تاوانی جەنگ ئەنجام دەدات و دەبێت لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکرێت

مەرسدە کایدی، چالاکوان، کە بەشداری دادگای گەلی ڕۆژئاوای کرد کە لە برۆکسل بەڕێوەچوو، سەرنجی بۆ ئەو تاوانانەی دژی مرۆڤایەتی ڕاکێشا کە دەوڵەت ئەنجامی دەدات و وتی: تورکیا لە ئێستاوە جیهادییەکان بۆ گەلی ڕۆژئاوا دەنێرێت.

شەهلا موحەمەدی

 

 ناوەندی هەواڵ – لە ٥-٦ی کانوونی یەکەمدا دادگای گەلی ڕۆژئاوا ٥٤ەمین دانیشتنی خۆی ئەنجامدا، لەم دادگایەدا ئەو تاوانانە دادگایی کران کە لە ساڵی ٢٠١٨ەوە تورکیا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سۆوریا ئەنجامی داوە، دادگاییکردنەکە کە لە برۆکسل دەستیپێکرد و ماوەی دوو ڕۆژی خایاند، چەندین چالاکوانی سیاسی، دادوەر، پارێزەر، و هاووڵاتیانی وڵاتانی جیاواز ئامادەبوون.

 

مەرسدە کایدی، زیندانی سیاسی و چالاکوانی سیاسی پێشووی ئێران، سەبارەت بە ئەزموونەکانی بەشداریکردنی لە دادگاییکردنەکەدا وتی: ئەمە چوارەم جارە بەشداری دادگاییکردنی لەو جۆرە دەکەم، سێ دادگاییکردنەکەی دیکە دژی دەسەڵاتی تاوانکاری ئیسلامی بوو، ئەم دادگاییکردنەش دژی دەوڵەتی فاشیستی تورک بوو، دادوەرەکان لە وڵاتانی جیاوازەوە هاتبوون، ئەم دادگاییکردنە لەلایەن ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە ڕێکخرابوو، کەشوهەوای دادگاییکردنەکانی پێشوو هەمان شت بوو، لە نەرویج، قوبرس، تاران و زۆر وڵاتی دیکەوە بەشدارییان کرد، بەشداری زۆری خەڵک و فراوانی دادگاییکردنەکە دەریخست کە چەندە گرنگە.

 

 کایدی جەختی لە گرنگی ئەم دادگایە و ئەوانەی کە بڕیارە لە داهاتوودا بەڕێوەبچن کردەوە و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: کاتێک بەشداریم لەم دادگایە کرد، باشترم بینی، کە ڕادەی ئەو تاوانانەی لە ڕۆژئاوا ئەنجام دەدرێن دەردەخست، هەرچەندە من لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ ئەو شتانە دەکەم کە لە ڕۆژئاوا ڕوودەدەن، بەڵام هەندێک لەو وردەکاریانەم نەدەزانی کە لێرەدا باسکراون، بۆیە بەڕێوەچوونی ئەو جۆرە دادگایانە زۆر گرنگە، ئەوانەی بەدوای ئازادی و دادپەروەری و مافەکاندا دەگەڕێن پێویستە بەشداری لەو جۆرە دادگایانە بکەن، بە تایبەتی پێویستە هەموو جیهان بزانێت دەوڵەتی فاشیستی تورکیا چۆن هێرش دەکاتە سەر ئیدارەی یەکسان و ئازادانەی ڕۆژئاوا.

 

"تورکیا لە ئێستاوە جیهادییەکان بۆ گەلی ڕۆژئاوا دەنێرێت"

 کایدی ڕایگەیاند کە تورکیا نەک تەنها بە هێزەکانی خۆی، بەڵکو لە ڕێگەی شەڕی بە وەکالەتەوە تاوان ئەنجام دەدات و درێژەی بە قسەکانی دا و وتی: یەکێک لەو خاڵە گرنگانەی کە لە دادگادا ڕاگەیەندرا ئەوە بوو کە تورکیا نەک تەنها هێرشی ڕاستەوخۆ ئەنجام دەدات، لە هەمان کاتدا گروپە جیهادییە چەتەکانیش بەکاردەهێنێت و خەڵکی ڕۆژئاوا دەکاتە ئامانج، ئەمەش مەودای تاوانەکانی تورکیا فراوانتر دەکات لە ناوچەکەدا،  وەک دەزانرێت تورکیا دەستی بەسەر ئەو سەرچاوانەدا گرتووە کە گرنگە بۆ ئابوری ڕۆژئاوا و دەست بەسەر ناوچەکەدا گرتووە لە هەمان کاتدا بە جێبەجێکردنی سیاسەتی تواندنەوەی کولتووری هەوڵی گۆڕینی زمان و ناسنامەی ناوچەکە دەدات، ئێستا سندوقی زەیتون بە نووسراوی تورکییەوە لە بازاڕدا دەفرۆشرێت، لە عەفرین تەنیا سەدا ۲۰ هاوڵاتی کوردی تێدایە، لەبئەوانی تریش هەموویان ئاوارە بوون و لەبری ئەوان تورک و عەرەب نیشتەجێ کراون.

 

 بڕیاری دادگا: تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی و تاوانەکانی جەنگ

 کایدی ئاماژەی بەوەشکرد، پێی وایە ئەو تاوانانەی تورکیا ئەنجامی دەدات لە چوارچێوەی تاوانەکانی جەنگ و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی هەڵدەسەنگێندرێت و وتی: لە کۆتایی دادگاییکردنەکەدا جەخت لەوە دەکرێتەوە کە تورکیا تاوانی دژی مرۆڤایەتی ئەنجامداوە و تاوانی جەنگی هەیە، لەنێو ئەو تاوانانەی تورکیا ئەنجامی دەدات، هێرشکردنە سەر هاوڵاتیانی مەدەنی، توندوتیژی دژی منداڵان، هێرشکردنە سەر قوتابخانەکان، توندوتیژی و دەستدرێژیکردنە سەر ژنانی مەدەنی و بەئامانجگرتنی ژنانی چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ هەیە،

پێشتریش بڕیارێکی هاوشێوە لە لایەن دادگای ئێرانەوە بۆ تاوانەکان درابوو، لەو پڕۆسەیەدا لە ساڵی ١٩٨٨دا زیاتر لە هەزار زیندانی سیاسی لە ئێران کوژران، تاوانبارانی وەک حەمید نوری دادگایی کران، تەنانەت ئەگەر بڕیارەکانی دادگا بە فەرمی جێبەجێ نەکرێن، ئەوا دەبنە بناغەیەکی گرنگ بۆ دادگاکانی داهاتووی خەڵک.

 

 توندوتیژی دژی ژنان، توندوتیژی سیستماتیکی و هێرشی دەستدرێژی سێکسی

 باسی لەوەشکرد کە توندوتیژی و دەستدرێژیکردنە سەر ژنانیش لە دادگادا باسکراوەو وتی: تورکیا توندوتیژی بەتایبەتی دژی ژنان، وەک ئامرازێکی شەڕ لە ڕۆژئاوا بەکاردەهێنێت، لەو بەڵگەنامانەی کە پێشکەشی دادگا کراون، ڕوون بوو کە تورکیا چالاکوانانی سیاسی و پێشەنگە ژنەکانی کردۆتە ئامانج، هێرشی سێکسی وەک میتۆدێکی ستەمکاری بەکارهێناوە، زیاتر لە ۳۰۰ حاڵەتی توندوتیژی سێکسی هەبوون، بە بەڵگەی ئەم هێرشانە، هەوڵیان داوە چالاکوانانی ژن لە خەبات دووربخەنەوە.

 

ڕایگەیاند کە ئەو جۆرە هێرشانە بۆ ڕێگریکردن لە دەستکەوتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ژنان ئەنجام دەدرێت و وتیشی: لە زۆر شوێنی جیهان، لە ناوچە جەنگییەکان، توندوتیژی سێکسی وەک تاکتیکی جەنگ لە دژی ژنان بەکاردەهێنرێت، تورکیا لە ڕۆژئاواشدا ئەم کارە دەکات، ئامانج لێی چەوساندنەوەی ژنانە، بۆ ئەوەی لە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی دووربخرێنەوە، تیرۆرکردنی ژنانی پێشەنگیش بەشێکە لەم سیاسەتە، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە خەباتی ژنان بۆ ئازادی و یەکسانی.

 

 "دادگای ڕۆژئاوا بوو بە دەنگی دادپەروەری"

 مەرسدە کایدی ئاماژەی بەوەدا کە دادگاییەکە گرنگییەکی زۆری هەیە و دەنگی خەڵکی ڕۆژئاوای گەیاندووەتە جیهان، و لە کۆتاییدا وتی: ئەم دادگایە زۆر گرنگە بۆ بەڵگەنامەکردنی ئەو تاوانانەی کە تورکیا لە ڕۆژئاوا ئەنجامیداوە، گەلی ڕۆژئاوا بەرگرییان لە دۆزی دادپەروەرانەی خۆیان کرد و ئەم دادگایە بوو بە دەنگی ئەوان، ئەم دادگایە بۆ خەباتی دادپەروەرییە و نەک تەنها کاریگەری لەسەر ئەمڕۆ دەبێت بەڵکو لەسەر داهاتووش دەیبێت و تاوانباران دەبێ دادگایی بکرێن.