سووریا لە ئاگری تایفەگەریدا؛ هەڕەشەی شەڕی ئایینی دوای کۆمەڵکوژی عەلەوییەکان
لەژێر پەردەی "رزگاربووانی ڕژێم"دا، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ توندوتیژی و کوشتن و کوشتنی بەکۆمەڵ لە ناوچە کەنارییەکانی سەوریا زیاتر دەبێت. ئەم دۆخە نیشانەی هۆشدارییە بۆ دەستپێکردنی شەڕێکی نەتەوەیی – ئایینی کە دەتوانێت ململانێکانی سووریا قووڵتر بکاتەوە.

ئاڤرین ناودار
سووریا وەک وڵاتێک ناسراوە کە خاوەن هەمەچەشنی نەتەوەیی و کولتووری و ئایینیە، ژیانی ئاشتیانەی ئەم گرووپانە شانبەشانی یەکتر لە ژێر سیستمێکی دیموکراسی و فرەیی و لامەرکەزیدا یەکێک بووە، لە داواکارییە سەرەکییەکانی گەلی شۆڕشگێڕدا کە پاڵی ناون بۆ خەبات. ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد یەکێک بوو لەو دەستکەوتانەی کە گەلی سووریا بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان، بەڵام دوای ڕووخانی ڕژێم و دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات لەلایەن گرووپی جیهادی هەتەشە لە شام، بەبێ نوێنەرایەتیی خەڵک و گروپە جۆربەجۆرەکان لە سووریا، گرژییەکان لەو وڵاتەدا قووڵتر بوون.
فرەچەشنی نەتەوەیی و کولتووری سامانی سەرەکی سووریایە
سووریا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە بە فرەچەشنی کولتووری و نەتەوەیی ناسراوە، سەرەڕای سیاسەتەکانی سەرکوتکردن و دابەشبوون و جیابوونەوە کە لەلایەن حکومەتە ناوەندییەکانی وەک ڕژێمی بەعس و لایەنگرانییەوە جێبەجێکرا، گەلانی ناوچەکە بە کورد و عەرەب و سریانی و ئاشووریشەوە توانیان بۆ ماوەیەکی زۆر پێکەوە بژین، هەروەها فرەچەشنی کولتوورە سوننە و عەلەوی و شیعە و مەسیحییەکان دەوڵەمەندی ئەم کۆمەڵگەیەی زیاتر دەکرد.
سەرەڕای هەوڵی حکومەتە پاوانخوازەکان بۆ دروستکردنی سیستمێکی باڵادەست و مەرکەزی کە هەموو گەلان و ئایینەکانی ژێر دەسەڵاتی یەک گروپ سەرکوت بکات، گەلی سووریا ملکەچی ئەو چەوساندنەوانە نەبوو، ژیانی بەشدار و هەمەچەشن ئەو ڕێگایە بوو کە گەلی سووریای بەرەو خەبات و بەرخۆدان برد.
لەگەڵ دەستپێکی شۆڕشی بەهاری گەلان، گەلی سووریا بە پیشەنگایەتی ژنانی بەهێزکراوی سووریا، هاتنە مەیدان، ئەوان داوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسیان کرد بە هیوای دامەزراندنی سیستمێکی دیموکراسی کە مافەکانی گەل و ئیرادەی ژنانی سووریا دەستەبەر بکات، ئەو ژنانەی کە هەمیشە سەرچاوەی دەستکەوتەکان بوون لە بواری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیدا.
ئەوەی گەلی سووریا ١٣ ساڵە بەدوایدا دەگەڕا، بە ڕووخانی ڕژێمی پارتی بەعس لە ٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ بەدیهات، ئەم پاییزە، دەسەڵاتێکی سەرکوتگەر کە زیاتر لە پێنج دەیە بەردەوام بوو، کۆتایی هات. ڕژێمی بەشار ئەسەد کۆنترۆڵی شامی لەدەستدا و شارەکە کەوتە دەستی جیهادییەکانی هەتەشە بە سەرۆکایەتی جولانی.
لێکچوونە شاراوەکانی نێوان ڕژێمە تاکڕەوەکان
بنەما و یاساکانی حکومەتی کاتی کە خۆی بە جێگرەوەی ڕژێمی پێشووی سووریا دەزانێت چین؟ ئەو کەسانەی سەرکردایەتی ئەم دەسەڵاتە دەکەن، کەسانی وەک جۆلانی، ئەحمەد جاسم "ئەبو امشا" و حاتەم ئەبو شەکرە بکوژی هەڤرین خەلەف، چالاکوانی سیاسی کە دەستیان بە خوێنی ژن و خەڵکی مەدەنی پەڵەدارە، سیفەتەکانی چین؟ ئەو شوێنکەوتوانە کێن کە بەشداری "کۆنفرانسی نەسر"یان کردووە؟ کاتێک وەڵامی زۆرێک لەو پرسیارانە دەدەینەوە، ئەو ئایندەیە نادیارە دەبینین کە سووریا بەرەو ڕووی دەڕوات.
ئەوە کردارەکانن کە ئەنجام بەرهەم دەهێنن، ئەمڕۆ ئەگەر سەیری بارودۆخی سووریا و ئەو وێنەیە بکەین کە لەبەردەم چاوی جیهاندا دەردەکەوێت، جگە لە کوشتن و توندوتیژی و چەوساندنەوە و ڕەتکردنەوەی گەل و گروپەکانی تر لە سەرەتای ڕێبازی گروپە جیهادییەکانی هەتەشە هیچی تر نابینین. ئێمە ئەم پێشێلکاریانە لە هەموو قۆناغەکانی ئەوەی کە هەتەشە پێی دەڵێ قۆناغی دامەزراندنی دەبینین، ئەگەر دامەزراندنەکە بە سەربڕینی خەڵک و ژن و منداڵان لە ناوچەکانی سووریا دەستپێبکات، ئەنجامەکانی دڵەکان پڕ دەکەن لەو ئازارانەی کە سووریا لە داهاتوودا دەیبینێت.
بەڵگەنامەکردنی تاوانەکان لە کەنارەکانی سووریا
لە ڕۆژی ٦ی ئادارەوە لەژێر پەردەی "رزگاربووانی ڕژێم"، چەندین تاوانی کوشتن و توندوتیژی و کۆمەڵکوژی لە ناوچە کەنارییەکانی سووریا ڕوویانداوە. بەپێی بەڵگەنامەکانی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ژمارەی قوربانیانی مرۆیی زیادی کردووە. تا ڕۆژی شەممە ٧٤٥ گیانلەدەستدانی مەدەنی تۆمارکراوە، هەروەها هەرێمی کەناراوی سووریاش شاهیدی ٢٩ کوشتنی بەکۆمەڵ بووە.
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ پشتڕاستی کردەوە ئەوەی لە کەنارەکانی سووریا ڕوودەدات "جینۆسایدێکی ڕێکخراوە" دژی عەلەوییەکان، ڕێکخراوەکە کوشتنی خەڵکی مەدەنی و منداڵان و ژنانی بەڵگەدار کردووە. هەندێک ناوچە سەری هاوڵاتییانی مەدەنیان بڕیوە و هەندێکی تریش گوللـەباران کراون.
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ هەروەها ڕایگەیاندووە کە پێکدادانەکانی ڕۆژی دووەم بووە هۆی پچڕانی کارەبا و کەمیی ئاوی خواردنەوە و وەستانی نانەواخانەکان لە چەند ناوچەیەکی لادێکانی لازقییە. ئەمەش بووەتە هۆی پەککەوتنی خزمەتگوزارییەکان، بەتایبەتی پەیوەندییەکان، لە هەندێک بواردا و خراپتربوونی دۆخی ئەمنی. لە ئەنجامدا هەزاران هاوڵاتی مەدەنی بەرەو لوبنان ئاوارە بوون.
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی فەرمی سووریا (سانا)، گروپە جیهادییەکان بە ئامانجی تۆڵەسەندنەوە گەیشتوونەتە کەناراوەکان، تورکیا و قەتەر پشتیوانی جیهادییەکانی هەتەشەیان کردووە. هەندێک لە میدیاکانی سەر بە تورکیا ئەو کوشتنانەی کە لەلایەن جیهادییەکانەوە لە ناوچە کەنارییەکان ئەنجام دەدرێن بە "بەرگری شەرعی" ناوبردووە.
بەڵێنی ناڕاستی ئاشتی و دیموکراسی
جۆلانی لە ڕێگەی میدیاکانەوە دروشمەکانی سەبارەت بە ئاشتی لە سووریا دووبارە کردەوە، بەڵام ئەو کوشتارانەی کە لە ناوچە کەنارەکان ڕوودەدەن، ڕاستی ئەو دروشمانە ئاشکرا دەکەن، دروشمگەلێک کە تەنها لەگەڵ بەرژەوەندی کەسی و ئارەزووی دەسەڵاتدا دەگونجێت.
ئەمڕۆ لە زۆر لێدوان و ڕاپۆرتی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێکخراوە مرۆییەکان و کەسایەتییە سیاسییەکاندا ئەم پرسیارە لە جۆلانی و چەتەکانی دەوروژێنرێت، کە ڕەنگدانەوەی واقیعی ئەمڕۆی سووریایە: کوا ئەو ئارامی و دیموکراسییەی ئێوە بانگەشەی ئەوەتان دەکرد؟
ژنانی سووریا، قوربانی سەرەکی توندوتیژی تائیفی
ژنانی سووریا ئەوانەن کە خەباتیان کردووە و هەموو شتێکیان بەخت کردووە بۆ گەیشتن بە دەستکەوتە خوازراوەکانیان و دەستەبەرکردنی مافەکانیان لە هەموو لایەنەکانی ژیاندا، یەکێک لەو ئامانجانەی کە خەباتیان بۆ دەکرد، ڕۆڵگێڕان بوو لە گۆڕەپانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریدا. بەتایبەت لە بڕیاردانی چارەنووسساز بۆ داهاتووی گەلی سووریا. ئەم ئامانجە لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە دروستکردنی مۆدێلێکی نمونەیی دیموکراتیک و یەکسانی جێندەری لە هەموو بوارەکانی کردەیی و سیاسیدا هاتەدی.
لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی پاوانخوازی ئەسەد کە مافی ژنانی تەنیا لە کایەی ناوماڵدا سنووردار کرد، ئەو کێشانەی کە ڕووبەڕووی ژنان بووەوە قووڵتر بووەوە، جگە لەوەش توندوتیژی و کردەوەی گروپە جیهادییەکان هەتەشەو سەپاندنی ئیسلامی توندڕەویان پشتگوێ خستووە بۆ کولتوور و گروپ و نەتەوە هەمەچەشنەکانی سووریا، هەر ئارەزویەکی ژنان سەرکوت دەکەن، ئەمەش لە تاوان و پێشێلکارییەکاندا دیارە کە ژنان لە شارەکانی دیکەی سووریا تووشی دەبن. هاواری ژنان کە داوای هاوکاری مرۆیی دەکەن بۆ ڕاگرتنی ئەم کۆمەڵکوژییە بێرەوشتیانە، یەکێکە لەو واقیعانەی کە سروشتی ڕاستەقینەی گروپە جیهادییەکانی هەتەشە ئاشکرا دەکات.
ڕێگای ڕزگارکردنی سووریا گەڕانەوەیە بۆ دیموکراتیک و پێکەوە ژیان
ئەو توندوتیژییەی ئەمڕۆ لە دژی گەلی سووریا ئەنجام دەدرێت و دابەشبوونی سووریا لە نێوان گروپ و لایەنە جیاوازەکاندا ناتوانێت چارەسەری ئەو کێشە و ململانێیانە بکات کە گەلی سووریا بەرگەی دەگرێت، ئەمڕۆ دەبینین کە سووریا پێویستی بە چارەسەرێکە لەسەر بنەمای ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک ئەگەر بانگەوازی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ "ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک" کە هەوڵدەدات ئەو ململانێیانە لە ڕێگەی پێکەوە ژیانی گەلان و گروپ و ئایینەکانەوە لە چوارچێوەی سیستمێکی دیموکراسیدا چارەسەر بکات، ئەوا سووریا دەبێتە شوێنێکی پارێزراوترو سەقامگیرتر بۆ ژیان بە کەرامەتەوە.