منداڵی لە مەترسیدایە... پەروەردە لە بەرامبەر هەژاری و پشتگوێخستن

منداڵان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەهۆی هەژاری و نەبوونی پاڵپشتی حکومەتەوە بەدەست بێبەشکردنی خوێندن دەناڵێنن، خێزانەکان بەبێ خزمەتگوزاری خەرجی زۆریان لەسەرە و هەندێکیان واز لە خوێندن دەهێنن و ڕووبەڕووی شەرمەزاری دەبنەوە و لە خوێندن دوور دەکەونەوە.

سنە

 

ساڵانە لە سەرەتای مانگی ئابدا زۆرێک لە خێزانەکان، بەتایبەتی ئەوانەی داهاتیان سنووردارە، لەگەڵ دەستپێکردنی ناو تۆمارکردن لە قوتابخانەکان، ڕووبەڕووی ئاڵەنگاری بەرچاو دەبنەوە، چونکە تێچووی قوتابخانە بارگرانییەکی زیاتر دروست دەکات کە ڕێگری دەکات لەم خێزانانە لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ڕۆژانەیان، هەرچەندە خوێندنی بێبەرامبەر یەکێکە لەو مافە سەرەتاییانەی کە بڕیارە حکومەت دابینی بکات، بەڵام جێبەجێکردنی زۆرجار ناتەواو و نابەرپرسانە و ئازاری هاوڵاتیان لەم قۆناغە هەستیارەدا گەورەتر دەکات.

 

خێزانەکان ناچارن چەندین خەرجیی لە ئەستۆ بگرن، لەوانە کڕینی پەرتوک، یەکپۆشی قوتابخانە، پێدانی موچەی کارمەندان، کرێی ناو تۆمارکردن، بیمە و خەرجییەکانی دیکەی پەیوەست بە ساڵی خوێندن، ئەم فشارە داراییە هەندێک جار وا دەکات هەندێک لە دایک و باوکان خۆیان لە ناردنی منداڵەکانیان بۆ قوتابخانە بەدوور بگرن، کە ئەم دیاردەیە ساڵ لە دوای ساڵ زیاتر دەبێت، و زۆرترین توندی لە پەراوێزی شارەکاندا هەیە.

 

نرخی پەرتوکەکان لە ساڵانی ڕابردوودا زیاتر لە ١٠٠% بەرزبوونەتەوە، بەبێ ئەوەی هیچ گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە ناوەڕۆکدا ڕووبدات، کە ئەمەش وایکردووە خێزانەکان ساڵانە بیکڕن، ئەم بارگرانییە داراییە تەنها لە ئاستی خوێندنی باڵادا سنووردار نییە، بەڵکو تەنانەت بۆ پێش قوتابخانەش دەگرێتەوە، کە کرێی ناو تۆمارکردن دەتوانێت بگاتە بڕە پارەیەکی زۆر، جگە لەوەش، مەرجەکانی پارەدان زۆرجار کورتخایەنن، بە شێوەیەکی گشتی سنووردار دەکرێن بە سێ قیست، تێچوونێکە کە زۆرێک لە خێزانەکان توانای ئەوەیان نییە.

 

سەبارەت بەو ئاڵەنگاریە پەروەردەییانەی کە خێزانەکان ڕووبەڕووی دەبنەوە، مەعسومە محەمەدی کە سێ منداڵی لە قوتابخانە هەیە، وتی: ئێمە لە نایسەر دەژین، کە گەڕەکێکە لە جەرگەی سنە، قوتابخانە حکومییەکانی ئەم ناوچەیە لە ڕووی پاکوخاوێنی و خزمەتگوزارییەوە ئاستێکی نزمترن، بەڵام تێچووی خوێندن بەراورد دەکرێت بە قوتابخانەکانی گەڕەکە ئاست بەرزەکان، ئەمەش شتێکی نالۆژیکییە.

 

سەبارەت بە کرێی ناو تۆمارکردن، ڕوونیکردەوە، کە تۆمارکردنی کچ و کوڕەکەم لە پۆلەکانی چوارەم و شەشەمدا بڕە پارەیەکی زۆری تێچووە، بەڵام ئەوە تەنها سەرەتای خەرجییەکانە، هەروەها جلوبەرگی قوتابخانە و پەرتوک و خەرجییەکانی دیکەش هەن کە بە درێژایی ساڵ بە بیانووی جۆراوجۆر بەبێ هیچ نەرم و نیانێک داوامان لێ دەکرێت، کە هەموو ئەمانە ئێمەی خستۆتە ناڕەحەتی داراییەوە.

 

وتی: ئێمە کرێچیین و هاوژینەکەم کرێکارە، بەهۆی بەرپرسیارێتیم بەرامبەر منداڵەکانم، ناتوانم کارێکی جێگیر بەدەست بهێنم، هەرچەندە هەندێک جار خەریکی دورمان و ئامادەکردنی ترشیات بووم و لە وەرزی دروێنەکردنی نۆک و گوڵدا دەچینە کێڵگەکان، بەڵام هەموو ئەم کارانە بەشێکی کەمی پێداویستییەکانمان دابین دەکات،  منداڵەکان زۆرجار نەخۆشن و تووشی بەدخۆراکی دەبن.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، کە دۆخی خراپی ژیان وایکردووە تووشی خەمۆکی ببم، بەڵام تەنانەت ناتوانم باسی نەخۆشییەکەم بکەم، چونکە بەرپرسیارم لە خێزانێکی هەشت کەسی، و کاتم نییە بیر لە خۆم بکەمەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی خەمۆکی دایکم و ئالوودەبوونی باوکم جگە لە خۆم کەسم نییە، پێکەوە دەژین، لەبەر ئەمەش من و هاوژینەکەم دەبێت دوو کرێ بدەین، هەروەها  ئەمساڵ دەبێت ١٢ ملیۆن تمەن بدەم بۆ ئەوەی کچەکەم لە قۆناغی پێش قوتابخانە تۆماربکەم، کە ئەمەش هەرزانترین نرخە لە نایسەر، لە کاتێکدا نرخەکان لە هەندێک قوتابخانەی تردا دەگاتە ١٨ ملیۆن، لەئێستادا، باخچە ناچارییە و ناونوسکردن لە پۆلی یەکەم بەبێ ئەو مەحاڵە، لە هەلومەرجێکی لەم جۆرەدا، کە تێچووی قوتابخانە دەتوانێت زەرەرێکی وێرانکەر بێت، بەو پێیەی توانای ئەم بڕە پارەیەم نییە، بڕیارمدا کچەکەم لە ماڵەوە فیری خوێندن بکەم.

 

مەعسومە محەمەدی، ئاماژەی بەوەدا، ئەگەر شەڕ ڕووبدات، قوتابخانەکان ڕایانگەیاندووە کە خوێندن بە شێوەی ئۆنلاین دەبێت، ئەمەش کێشەیەکی دیکەیە، دەبێت ئەپی شەعد دابمەزرێنین و مۆبایلێکی زیرەکمان هەبێت، کە هیچ کام لە منداڵەکان نییانە، فێربوونی دوور واتە نیوەی چالاکییەکان دەبێت لە ماڵەوە ئەنجامبدرێن، و ئەوەش پێویستی بە دایکێک هەیە کە ئاستی خوێندنی پێویستی هەبێت، لە کاتێکدا من تەنها زانیارییەکی کەمم هەیە.

 

سەبارەت بە خەرجییەکانی تری قوتابخانەش وتی: خوشکەزاکەم کە لە پۆلی شەشەمدایە، ساڵی ڕابردوو ناچار بووین مانگانە ٤٥ هەزار تمەن بدەین وەک کرێی دەرگاوان، هەرچەندە ئێمە پابەند نین بە پێدانی موچەکەی، ئەم پارەیە لە ٥٠٠ خوێندکار لە قوتابخانە وەردەگیرێت، و ئەمساڵ داوامان لێکراوە بەشداری لە پێداویستیەکانی قوتابخانە بکەین،
بۆ چاککردنەوەی ئامێرەکان، ڕۆژی مامۆستایان، بۆنە و ئاهەنگەکانی تر، ئەم فشارە داراییە زۆر قورسە لەسەر ئێمە، بە تایبەت کە سەرچاوەی داهاتمان نییە، تەنانەت منداڵەکانیش جلوبەرگ و خواردنی پێویستیان نییە، و چەندین جار لە قوتابخانەدا زەلیل کراون، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، سەرکەوتوون و بە جۆش و خرۆشەوە فێردەبن.

 

ئەو ژنە هیوای خۆی دەربڕی، وتی: لە نێوان ئەم سەختییانە هیوادارم منداڵەکان بەردەوام بن لە خوێندن، ئەگەر ناچار بکرێن قوتابخانە بەجێبهێڵن، هەرگیز لە خۆم خۆش نابم، تەنانەت ڕێکخراوە خێرخوازیەکان چیتر هاوکاری ناکەن، پێشتر پێداویستی خوێندنیان بۆ دابین دەکردین، بەڵام ئێستا دەڵێن ژمارەی خێزانەکان زۆرن بۆ ئەوەی بتوانن بژێوی هەموواندابین بکەین، پێڵاو و جانتا و جل و بەرگی نوێ بۆتە خەون.

 

سەبارەت بە چارەسەر و پاڵپشتی، جەختی لەوە کردەوە، ئەگەر سکاڵا تۆمار بکەین پێمان دەڵێن منداڵەکان ڕادەستی دامەزراوەی چاودێری کۆمەڵایەتی بکەین، ئێمە ناتوانین ئەوە بکەین، ئەوانیش تووشی زیانی دەروونی دەبن، هەروەها دامەزراوەی ئاسوودەژیانی هیچ پشتگیرییەک ناکات، وتی: ئێوە سەرپەرشتیارن و مافی هیچ شتێکتان نییە، چەند ساڵێک لەمەوبەر لیژنەی دامەزراوەکە هەندێک هاوکارییان کرد، بەڵام ئەوانیش ڕایانگرت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە هەندێکجار هەست دەکەم ئەم سەختی و ئاڵەنگاریانە بە مەبەستن، هەزاران خێزانی وەک ئێمە هەن، بۆ پشتگیری حکومەت وەرناگرن؟ منداڵان ناچارن واز لە خوێندن بهێنن، و تەنها چەند کەسێک دەتوانن سوود لە مافی خوێندن وەربگرن.