منداڵێکی کچ بە گوماناویی لە کەلار گیانی لەدەستدا

لەشارۆچکەی کەلار، منداڵێکی کچ بە گوماناویی گیانی لەدەستداو بەمەبەستی توێکاری تەرمەکەی براوەتە پزیشکی دادی کەلار.

ناوەندەی هەواڵ

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ٢٢ی ئایار، لەگەڕەکی کەلاری کۆنی شارۆچکەی کەلاری منداڵێکی کچ بە ناوی "ماریا ئیسماعیل"، لەدایکبووی ساڵی ٢٠٠٩ ، بە گوماناویی گیانی لەدەستدا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی لە ڕاگەیاندنەکاندا بڵاوبووەتەوە، وتراوە ئەو منداڵە کچە لەگەڵ برا حەوت ساڵانەکەی، ناکۆکی لەنێوانیاندا دروستبووە و هەوڵی خۆکوشتنی داوە، لەکاتی گەیشتنیشی بە نەخۆشخانە بەهۆی خراپی دۆخی نەتوانراوە وتەی لێ وەربگیرێت و گیانی لەدەستداوە.

پۆلیس پەڕاوی بۆ ڕووداوەکە کردوەتەوە و لێکوڵینەوە دەستی پێکردووە، تەرمەکەش بۆ توێکاری گواستراوەتەوە بۆ پزیشکی دادی کەلار.

ئەوە لە کاتێکدایە گیان لەدەستدانی گوماناویی ژنانی گەنج و تەنانەت منداڵانی کچ ڕێژەکەی لە زیادبووندایەو عەقڵیەتی پیاوسالار هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدایە تاوانی کوشتنی ژنان بەناوی خۆکوشتنەوە بشارێتەوەو خۆیان لە سزاکان دەرباز بکەن.