منداڵێکی دیکە لە غەززە بەهۆی بەدخۆراکی گیانی لەدەستدا

هێرشی ئیسرائیل بۆسەر غەززە بەردەوامە و دەروازە سنوورییەکان داخراون و هەوڵەکانی هاوکاری مرۆیی گیراون، منداڵێکی دیکە کە تەمەنی ١٣ ساڵە بەهۆی بەدخۆراکی لە کەرتی غەززە گیانی لەدەستدا.

ناوەندی هەواڵ

 

لە کەرتی غەززە کە هێرشەکانی ئیسرائیل لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە بەردەوامە، لانیکەم ١٥هەزار و ٣٢٨ منداڵ، ١٠ هەزار و ١٧١ ژن لەناو ٣٦ هەزار و ٢٨٤ فەلەستینی گیانیان لەدەستدا و ٨٢ هەزار و ٥٧ کەسیش بریندار بوون.

 

بە پێی هەواڵەکانی ئاژانسی فەرمی فەلەستینی "WAFA" ، عەبدولقادر ئەلسارحی تەمەن ١٣ ساڵ لە نەخۆشخانەی شەهیدانی ئەقسا لە بنکەی تەندروستی دێر ئەلبەلا لە کەرتی غەززە بەهۆی نەبوونی چارەسەر و وشکبوونەوە گیانی لەدەستدا، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی برسێتی گیانیان لەدەستداوە بووە ٣٧ کەس، ئەم ژمارەیە تەنها ئەو کەسانەیە کە سەردانی نەخۆشخانەیان کردووە، دەیان کەس بەبێ ئەوەی بچنە نەخۆشخانە بە بێدەنگی گیان لەدەست دەدەن.