منداڵانی داعش خونچەی ئایدۆلۆژیای توندڕەوی داعشن

بەهۆی نەبوونی پرۆگرامی چاکسازی، ٢٢ هەزار منداڵ لە ناو کامپی هۆل لەگەڵ ئایدۆلۆژیای توندڕەوی داعش گەورە دەبن.

سیلڤا ئیبراهیم


حەسەکە- جیهان حەنان، هاوسەرۆکی کامپی هۆل جەختی لەوە کردەوە کە منداڵان قوربانی ئەو ئایدۆلۆژیایەن کە خێزانەکانیان لەخۆدەگرن، بە لەبەرچاوگرتنی نەبوونی بەرنامەی چاکسازی لەناو کامپەکەدا، ئەمە وایان لێدەکات لەڕادەبەدەر توندوتیژ بن، بەردەوامی نەبوونیش مەترسییان لەسەر داهاتووی ناوچەکە و جیهان دروست دەکات.

 

منداڵانی کامپی هۆل کە لە ژینگەیەکی توندڕەودا گەورە دەبن، مەترسی لەسەر ئایندەی ناوچەکە و جیهان دروست دەکەن. ژمارەیان نزیکەی ٢٢ هەزار منداڵە لە وڵاتە جیاوازەکانەوە، شانەکانی داعش لەناو کامپەکەدا لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژیایەکی تیرۆریستی ڕێکخراون. ئەم گروپە بە 'بەچکەکانی خەلافەت' ناسراون، هەموو کردەوەکانی یاخیبوون و نافەرمانییان بەهۆی ئەم ئایدۆلۆژیاوە پاڵنەرە.


هەڵمەتی ئاسایشی لە کامپی هۆل لە  پێنجەمین ڕۆژی خۆی بەردەوامە. کامپەینەکە لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ،یەکینەکانی ژنانی ئاسایشی ناوخۆ، یەکینەکانی پاراستنی ژنان بە پاڵپشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات دەستیپێکردووە. لە ماوەی دوو ڕۆژی یەکەمی هەڵمەتەکەدا ١٦ ئەندامی شانەی داعش دەستگیرکران کە ژنیشیان تێدابووە. لە ڕۆژی سێیەمدا چوار شانە دەستگیرکران، هەروەها چەکیش دۆزرایەوە.

 

لە میانەی ڕووماڵی ئاژانسەکەمان بۆ هەڵمەتی ئاسایشی لەناو کامپەکەدا، توانیمان ئەو هێما و تابلۆیانە بەڵگەدار بکەین ،لەلایەن منداڵانی داعشەوە نمایش دەکران، ڕەنگدانەوەی ئەو بیروبۆچوونە توندڕەوەیە کە لەگەڵیدا پەروەردە دەکرێن.


جیهان حەنان، هاوسەرۆکی کامپی هۆل دەڵێت: مەترسی ئەو منداڵانە لەو ژینگە نەگونجاوە سەرچاوە دەگرێت، کە تێیدا پەروەردە دەکرێن، بە ئایدۆلۆژیایەکی توندڕەو منداڵەکان پەروەردە دەکرێن، پێیانوایە داعش دەمێنێتەوە، ئەمە وایکردووە ئەو منداڵانە ببنە مەترسی لەسەر ناوچەکە و هەموو جیهان.

 

وتیشی: منداڵەکان قوربانی ئەو ئایدۆلۆژیایەن کە خێزانەکانیان لەبەردەستیاندایە، بە لەبەرچاوگرتنی نەبوونی بەرنامەی چاکسازی لەناو کامپەکەدا، ئەمەش وایان لێدەکات لەڕادەبەدەر توندوتیژ بن بەرامبەر بە تیمەکانی فریاگوزاری و هەرکەسێک لێیان نزیکبێتەوە. دەڵێت:منداڵانی بەشی ژنانی کۆچبەر بە توندوتیژترین دادەنرێن.

 

بەشی ژنانی کۆچبەر کە خێزانی چەتەی بیانی داعشی تێدایە، بە توندڕەوترین دادەنرێت، ئەوان ئایدۆلۆژیای چەتەکانی داعشیان لە باوەش گرتووە، بە قەناعەتەوە پەیوەست بوون بە ڕیزەکانییەوە. دەشڵێت: لە بەشی ژنانی عێراقی و سووریادا پلەیەک توندڕەوی هەیە، بەڵگەی دەرکەوتنیان لە جلوبەرگی منداڵەکانیان و نیشانە و هێماکانی توندڕەوی دەردەکەوێت.

 

جیهان حەنان جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت ئەو منداڵانە بگەڕێندرێنەوە بۆ وڵاتەکانیان، هەر وڵاتێک بەرپرسیارێتی منداڵانی نەتەوەی خۆی لە ئەستۆ بگرێت ،چاکسازییان بکات، لە ڕێگەی بەرنامەی چاکسازییەوە تێکەڵیان بکاتەوە لەگەڵ کۆمەڵگەدا، کە بۆ بنبڕکردنی ئەم ئایدۆلۆژیایە توندڕەوە داڕێژراون. دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتی خۆی بەرامبەر بەم منداڵانە لە ئەستۆ بگرێت.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەموو کەسێک لە کامپی هۆل ملکەچی یاساکانی شانە خەوتووەکانی داعشە، بەو پێیە ناتوانین بچینە ناو بەشی کۆچبەرانەوە.

 

لە بەشی ژنانی کۆچبەردا کە تەنها منداڵ و ژنانی ڕەگەزنامەی بیانی لەخۆدەگرێت، ئەم ژنانە لە کاتی لەناوبردنی خاکی چەتەکانی داعش لە باغۆزی پارێزگای دێرەزوور لە ساڵی ٢٠١٩ لە مێردەکانیان جیاکرانەوە، ئەندامانی داعش بۆ زیندانی غوێران گوازرانەوە، هاوکات ژنانەکان بۆ کامپی هۆل گوازرانەوە. بچووکترین منداڵی ناو کەمپەکە تەمەنی پێنج ساڵ دەبێت، بەڵام ئەوەی پرسیارەکە دەوروژێنێت ئەوەیە کە ئەو ژنانە لە کوێوە منداڵی خوار پێنج ساڵانیان دەستکەوتووە؟.

 

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست ئاژانسەکەمان کەوتووە، ژنانی داعش ئەو منداڵانە دەقۆزنەوە کە دەچنە ناو پێگەیشتنی سێکسی  بۆ ئەوەی منداڵیان هەبێت. ئەمە بەشێکە لە پلانەکانیان بۆ ڕێکخستنەوەی خۆیان بە زیادکردنی نەوەکانیان. ئەو ئاژاوەگێڕی و نافەرمانیانەی کە منداڵەکان، 'بەچکەکانی خەلافەت' لە ناو کامپەکەدا ئەنجامی دەدەن، وەک هێرشکردنە سەر تیمەکانی فریاگوزاری و ئەوانی دیکە، لەلایەن دایکانەوە ڕێکدەخرێن.

 

سەبارەت بە سوورییەکانی ناو کامپەکە، جیهان حەنان هاوسەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی کامپی هۆل وتی :دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد کار دەکەین بۆ گەڕاندنەوەی سوورییەکان، بۆ ناوچەکانی خۆیان و ئەم دۆسیەیە لەگەڵ حکومەتی کاتی تاوتوێ دەکرێت، مانەوەی ئەو خێزانانەی سەر بە داعش نین لە کامپەکەدا هەڕەشە بۆ سەر ئایدۆلۆژیا و ژیانیان دروست دەکات.