دەستگیرکراوانی ڕێپێوانەکەی شاری سلێمانی ئازاد کران
دوای ئەوەی ئاسایشی سلێمانی ڕێگری لە ڕێپێوانێک بۆ شەرمەزارکردنی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی ١٥ی شوباتی سەر ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان کرد و زیاتر لە ٢٠ کەسی دەستگیرکرد، درەنگانێکی شەوی ڕابردوو هەمووان ئازاد کران.

ناوەندی هەواڵ
بڕیاربوو دوێنێ، ١٥ی شوبات، ٢٥ەمین ساڵیادی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی سەر ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێپێوانێک لە شاری سلێمانی بۆ شەرمەزارکردنی ئەو پیلانگێڕییە و داواکردنی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالان بەڕێوەبچێت، بەڵام لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە ڕێگری لێکرا و زیاتر لە ٢٠ کەس، کە هاوسەرۆکان و ئەندامانی تەڤگەری ئازادی و ڕۆژنامەنووسانی تیادا بوو.
دوای چەندین هەوڵ درەنگانێکی شەوی ڕابردوو هاوسەرۆک و ئەندامانى تەڤگەری ئازادی و سەرجەم گیراوانى دیکەى ڕێپێوانەکە ئازاد کران و چوونەوە ناو کەسوکاریان.
دەستگیرکردنى بەشداربووانى ئەو ڕێپێوانە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانى سلێمانییەوە لە کاتێکدایە لە سەرتاسەری باکووری کوردستان و ئەوروپا و وڵاتانی دیکەی جیهان و تەنانەت لە کینیاش گەلی کورد و دۆستە ئازادییخوازەکانیی، بە ڕێپێوان و چالاکیی جۆراوجۆر، پیلانگێڕیی ١٥ـی شوبات شەرمەزار دەکرێت.