پارتی چەپی سەوز زۆرترین کاندیدی ژنی هەیە
بۆ هەڵبژاردنی خولی ٢٨ەمی پەرلەمانی تورکیا کە لە ١٤ی ئایار بەڕێوەدەچێت، پارتی چەپی سەوز زۆرترین کاندیدی ژنی دیاریکردووە.
ناوەندی هەواڵ
دوێنێ ٩ی نیسان، لایەنە سیاسییەکان لیستی خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا لە ١٤ی ئایار، پێشکەش بە دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکان کرد، پارتی چەپی سەوز زۆرترین پاڵێوراوی ژنی دیاریکردووە.
لە لیستی ٦٠٠ کاندیدی ئاکەپەدا، ١١٣ ژن هەن، لە لیستی جەهەپە کە پارتی دەڤا،، ئایندە، سەعادەت و پارتی دیموکراتیش تێیدا شوێن دەگرن، ١٥٣ ژن کاندیدن، لە کاندیدەکانی پارتی ئی کە بە لیستێکی جیاواز بەشداری لە هەڵبژاردنەکەدا دەکەن ١٤٥ ژن هەن.
پارتی چەپی سەوز 193 ژنی وەک کاندید دەستینشان کردووە
لە کۆی ٤٩٠ کاندیدی پارتی چەپی سەوز کە دەچنە ناو هەڵبژاردنەکان لەژێر چەتری هاوپەیمانی کار و ئازادیدا، ١٩٣یان ژنن، پارتی کرێکارانی تورکیا کە بەشێکە لە هاوپەیمانێتییەکە بەڵام لە ١٨ پارێزگادا بەشداری هەڵبژاردنەکە ناکات، لە کۆی ٣٩٨ کاندیددا ١٦١ ژنی هەڵبژاردووە.
بەپێی ئەو لیستانەی کە دراوە، ئاکەپە چوار ژن، جەهەپە ١١ ژن، ئی پارتی ٦ ژنی لە پلەی یەکەمی پارێزگاکان کاندید کردووە، ئەم ژمارەیە لای پارتی چەپی سەوز زۆرینەیە کە ٣٠ ژنە.