ململانێی سودان لە نێوان هۆشدارییەکانی برسێتیدا ملیۆنان کەس ئاوارە دەکات

قەیرانی مرۆیی لە سودان قووڵتر دەبێتەوە؛ ژمارەی ئاوارەکان گەیشتووەتە نزیکەی ٨.٥ ملیۆن کەس. بەردەوامی شەڕ، ئامانجگرتنی کاروانەکانی فریاگوزاری و وشکەساڵی، مەترسیی کەمی خۆراک و برسییەتی لە وڵاتدا زیاتر دەکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕووبەری ئاوارەبوون لە سودان لەگەڵ بەردەوامبوونی شەڕەکان و فرەیی بەرەکانی جەنگدا بەربڵاوتر دەبێتەوە، لە قەیرانێکی مرۆییدا کە تێیدا لێکەوتەکانی ململانێ و برسییەتی، لەگەڵ وشکەساڵی و کەمبوونەوەی هاوکارییە مرۆییەکان لێک گرێدراون.

 

ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ کۆچکردن (IOM) لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا کە ١٧ی تشرینی یەکەم بڵاوکراوەتەوە، ڕایگەیاند، کە ژمارەی ئاوارەکان لە سودان گەیشتووەتە نزیکەی ٨.٥ ملیۆن کەس، نەخشەی دابەشبوونی جوگرافیی ئەوان و ڕەنگدانەوەی ئاڵۆزبوونی سەربازیی بەردەوامی لەسەر دیمەنی مرۆیی لە وڵاتەکەدا خستووەتە ڕوو.

 

لەسەر ئاستی مەیدانی، کردەوە سەربازییەکانی ئێستا چڕبوونەتەوە لە هەرێمی کۆردۆفان، ڕۆژئاوای هەرێمی دارفور، پارێزگای نیلی شین لە باشووری ڕۆژهەڵاتی وڵات، لە بەرامبەردا سوپای سودان کۆنتڕۆڵی خۆی بەسەر خەرتومی پایتەخت و پارێزگاکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتدا سەپاندووە، لە کاتێکدا هێزەکانی پشتیوانیی خێرا دەسەڵاتێکی بەربڵاویان لە دارفور و ڕۆژئاوای کۆردۆفاندا پاراستووە.

 

داتا ئامارییەکانی ڕێکخراوەکە ئاماژەیان بەوە کردووە، کە پارێزگاکانی باکووری دارفور، باشووری دارفور، و خەرتوم لە سەرووی لیستی ئەو ناوچانەن کە زۆرترین ئاوارەیان لێ دەرچووە، لەسەر ئاستی شارەکانیش شاری فاشر لە پلەی یەکەمدا هاتوو لە ڕووی چڕیی ژمارەی ئاوارەکانەوە و دوای ئەویش خەرتوم و پاشان شاری نیالا لە باشووری دارفور، بەبەرچاوگرتنی ئەوەی شاری فاشر شایەتی گەمارۆدان و تۆپبارانێکی توند بووە لەلایەن هێزەکانی پشتیوانیی خێراوە کە زیاتر لە ٥٠٠ ڕۆژی خایاندووە.

 

ئازاری مرۆیی لە سودان لەگەڵ بەربڵاوبوونی ڕووبەری ڕووبەڕووبوونەوە سەربازییەکان و گواستنەوەیان بۆ ناوچەی نوێ زیاتر دەبێت، کە تێیدا منداڵانی تەمەن خوار ١٨ ساڵ زیاتر لە نیوەی سەرجەمی ئاوارەکانی وڵاتەکە پێکدەهێنن وەک لاوازترین و زیانپێکەوتووترین توێژ لە ململانێکە.

 

لە پارێزگای نیلی شینی هاوسنوور لەگەڵ ئەسیوبیا، ئاڵۆزبوونی سەربازیی بەردەوام بووەتە هۆی هەڵکشانێکی توند لە جووڵەی ئاوارەبووندا بە ڕێژەیەک کە لە ٦٦٪ تێپەڕیوە، تاوەکو ژمارەی هەڵاتووان بگاتە زیاتر لە ٩٩ هەزار ئاوارە لە ناوچە جیاوازەکانی پارێزگاکەوە.

 

شاری وەد ماحی قووڵیی ئەم قەیرانە مرۆییە بەرجەستە دەکات، کە تێیدا ڕێکخراوەکە ئاوارەبوونی زیاتر لە هەزار و ٢٠٠ کەسی لە یەک ڕۆژدا تۆمارکردووە، بەهۆی تێکچوونی بارودۆخی ئاسایشەوە، ئەوەش فشارەکان لەسەر کۆمەڵگە میواندارەکان دووقات دەکاتەوە و پێویستیی بەپەلە بۆ پەناگە، خۆراک و چاودێریی تەندروستی زیاتر دەکات.

 

پڕۆگرامی خۆراکی جیهانی (WFP) ڕایگەیاند، کە ئۆپەرسیۆنە فریاگوزارییەکانی لە وڵاتدا لە سەرەتای ئەمساڵەوە تووشی نۆ هێرش بوونەتەوە، ئەوەش بووەتە هۆی گەیاندنی زیانی گەورە بە دامەزراوەکانی، لەناوچوونی تۆنەها ماددەی خۆراکی کە بۆ فریاگوزاری تەرخانکرابوون، بێجگە لە پەکخستنی چالاکییە مەیدانییەکانی.

 

نوێترین لەم پەلامارانە لە سێی تشرینی یەکەم جاریی دا ڕوویدا، دوای هێرشێکی ئاسمانی کە دوو ئۆتۆمبێلی سەر بڕپڕۆگرامەکەی کردە ئامانج لەسەر ڕێگای بەستەرەوەی نێوان دلنج و کادقلی لە پارێزگای باشووری کۆردۆفان.

 

نوێترین ڕاپۆرتی ڕوانگەی پۆلێنکردنی قۆناغبەندیی تەواوکاریی ئاسایشی خۆراک ئاشکرای کرد، کە وشکەساڵیی بەرهەمهاتوو لە دیاردەی "نینۆ" پشتی بە نیوەی زەوییە کێڵدراوەکانی سودان گرتووە، ئەوەش بووەتە هۆی تێکچوونی بەرهەم و کەمبوونی پێداویستییە خۆراکییەکان، بێجگە لە تێکدانی سەرچاوەی بژێویی جوتیاران، ئاگاداریشی دا لە زیاتربوونی مەترسیی ڕوودانی برسییەتییەکی نزیک، بەتایبەتی لە هەردوو هەرێمی دارفور و کۆردۆفان، لە سایەی بەردەوامبوونی شەڕەکان و ئاستەنگکردنی ڕێڕەوەکانی فریاگوزاریدا.